(گرنگیی نامەکەی مەلا مستەفا بۆ شارل دیگۆل)
ناوی مەلا مستەفا بارزانی بۆ هەمیشە لە ئاسمانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورددا دەدرەوشێتەوە، وەک یەکێک لە ئاڵاهەڵگرە دیار و ماندوونەناس و ژیرەکانی کاروانی کوردایەتی، نەمر و جاویدە. لەبارەی بارزانیی نەمرەوە گەلێک شرۆڤە و لێکۆڵینەوە و نامە و کتێب نووسراون و بەشی هەرە زۆریشیان بە پێز و جێی هەڵوێستە و لێ وردبوونەوەن، هەم لەبارەی شۆڕشی ئەیلوول و دۆخی کورد لەو قۆناغەدا لە ناوخۆ و دەرەوە، هەمیش بۆ کەسایەتیی مەلا مستەفا کە لەگەڵ نەبوونی خوێندنی ئەکادیمی و پسپۆڕانە، بە ددانپێدانانی کەسانی بیانی (سیاسی و سەربازی و ڕۆژنامەنووس)، هەم لە ڕووی سیاسییەوە و هەمیش لە ڕووی سەربازییەوە کەسێکی ئەبقەری و بێ وێنە بووە.
کۆی ئەم سەرنج و لێ وردبوونەوانە، وایکردووە تەمێکی کاریزمایی بە دەوری وێنەی مێژوویی مەلا مستەفادا خڕ ببێتەوە و ژیان و بوونی لە مێژووی کورددا تێکەڵی هەندێ گێڕانەوەی ئەفسانەیی و سەرسووڕهێنەر ببێتەوە. لە کتێبی" بەسەر ترۆپکی تۆفان"ەوە کە بەڵگەنامەکانی مێژووی خەبات و پەڕینەوەی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤییەت و دەیان بەڵگەی پێوەندیداری تری لەخۆ گرتووە، ئێمە بە جاروبار لە زاری کەسانی بیانییەوە دەبیستین، مەلا مستەفا چ کەسایەتییەکی کاریزمی و سەرنجڕاكێشی هەبووە و هاوکات باس لەوە دەکەن کە بارزانی بە ٤٠ تا ٥٠ سەرباز ڕووبەڕووی فیرقەیەكی سوپای عێراق بووەتەوە و سوپا ورەی ڕووخاوە، ئەمەیش یەکەمین درزی مەعنەوی لە عێراق و دەلاقەی سەرکەوتنی مەیدانی بۆ کورد بووە کە بارزانی تۆماری کردووە.
ئێستە باسی من لەسەر کتێبی ناوبراو و شیکارییە جۆراوجۆر و ڕەنگاڵەییەکان لەسەر خەباتی بارزانی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم نییە، بەڵکوو دەمەوێ بە لەنگەرگرتن لەسەر ئەو نامەیە بۆ شارل دیگۆل، بیری کوردایەتی و ڕزگاریخوازیی کوردی لە جیهانبینیی مەلا مستەفادا تۆزێک بخەمە ڕوو.
مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد، ڕەگوڕیشەیەکی قووڵیان هەیە و دەتوانین وەک ئایدیا و بیرۆکە تا سەردەمی خانیی مەزن لە سەدەی (17ی زاینی) بیگەڕێنینەوە، بەڵام وەک کردار دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵا نەهری، سەید ڕەزای دەرسیم، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ مەحموودی حەفید، ئیسمائیل ئاغای شکاک و قازی محەمەد بکەین.
ئەم شۆڕشانە لە نیوەی دووەمی سەدەی 19 تا ناوەڕاستی سەدەی 20 درێژەی کێشاوە. دەگێڕنەوە لە سەدەمی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیددا مەلا مستەفا گەنج بووە، بە هانای شۆڕشەکەوە چووە. ڕاستە زۆربەی ئەم شۆڕشانە لەلایەن کەسایەتی ئاینی یان کەسایەتی سەربە تەریقەتەوە ڕێبەرایەتیی کراون. بەڵام ناواخن و مەغزای هەر هەموویان مافخوازیی بۆ کورد بووە و لە ئاوێنەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەدا هەر ڕێبەرێک خەریتەیەکی تایبەتی بۆ ڕزگاریی کورد داڕشتووە کە بەداخەوە بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر، هەرکامیان شکستیان هێناوە.
بە زۆری دەتوانین ئاماژە بە نەبوونی ستراتیجی درێژخایەن لە پێوەندییە دەرەکییەکاندا و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەش، ئامادەنەبوونی سەردەمیانە و خێڵەکی سوپا کە بە زۆری لە هۆز و عەشیرەت پێکهاتبوون، بوونی کەسانی ناپاک و چەتە لەناو شۆڕشەکاندا، لەگەڵ ئەوەی هەرکام لەم شۆڕشانە قۆناغ و سەردێڕێک زیاد دەکەن لە کتێبی هوشیاریی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازیی کورد، بەڵام ئەو خەسارانەیش هەبوون.
شۆڕشی مەلا مستەفای نەمر درێژکراوەی هەمان بیری ڕزگاریخوازیی و مافخوازی بووە کە بە کۆمەڵێک ئەزموونەوە لە پاش ئەو شۆڕشانە خۆی پشتقایم کردبوو. بارزانی لە 1946دا بە هانای کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕۆشت و سەرپەرشتی سوپای کوردستانی پێ سپێردرابوو، پاش کەوتنی کۆمار و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و دواتر گەڕانەوەی لە دوای 12 ساڵ، ئێمە سەرکردەیەکی چاوکراوەتر و سیاسیتر و حەکیمتر دەبینین کە دۆزی کورد لە پانتاییەکی بەرینتر و بەربڵاوتردا دەبینێت و تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیاریکراودا وێنای ناکات.
ئەم سەرکردەیە هەڵگری ئەو جیهانبینییە بوو کە دۆخی کورد دۆخێکە لەناو جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکەدا تەنراوە و وڵاتانی زلهێز و ڕزگاریخواز بە قووڵی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، هەربۆیە ئەو شۆڕشەی لە شەستەکان دەستی پێ کرد، هەڵگری ڕەهەندێکی تازەتر لە تێگەیشتن و هاوکات تێکۆشان لە خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بوو. ئەویش ڕەهەندی جیهانیی دۆزی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکەدا، بۆیە ئەم نامەیەی بارزانی نەمر بۆ جەنەراڵ دیگۆل، لە نەفسی خۆیدا درککردنە بەو ڕاستییەی کە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلان، دیاردەیەکی جیهانگیرە و کوردیش نەتەوەیەکە لەناو نەتەوەکانی گۆی زەویدا کە مافی چارەی خۆنووسینی دەوێت.
ئاماژەکردنی بارزانی لە نامەکەدا بەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کوردی پشتگوێ خستووە، داکۆکیکەری ئەم بابەتەن، هەروەها نموونە هێناوەی بۆ دیگۆل و ئاماژەدان بە ڤێتینامییەکان، ئەو تێگەیشتنە دیپلۆماسی و سیاسییە دەخاتە ڕوو کە مەلا مستەفا ئاگاداری دژایەتیی جەنەراڵ دیگۆل لەگەڵ شەڕ دژی ڤێتنامییەکان بووە.
ئەم نامەیە بەڵگەیەکی شکۆدارە لە پیرێکی سیاسیی هوشیار و کوردپەروەر کە بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی لە هیچ کردەوە و هەوڵێک قسووری نەکردووە. یادی ئەم سەرکردە مەزنەمان پڕشکۆ و پیرۆز بێت و مەزاری پڕ لە نوور.