لە ساڵی نوێدا ڕابوونەکان دیسان لە ئێران سەریان هەڵدایەوە و خەڵکانێکی زۆر بە تەمەنی جیاواز و لە شارەیلی گەورە و گچکەی جۆراوجۆرەوە تیاچوون و ئێستەیش تەرمی زۆریان ون و نادیارە و بۆ دانەوەیان دەسەڵات پارەی وەرگرت و... ئێمە تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی چەند کەناڵێکی ئاسمانییەوە پێوەندیمان لەگەڵ جیهانی دەرەوە و کوردستان هەبوو. ئەوکات هێرشی سوپای سوریا و پرۆکسییە توندئاژۆ و دڕندەکانی بۆ سەر حەلەب و شێخ مەقسوود، خەریکبوو تەشەنەی دەکرد و بەرەو ڕۆژئاوا دەهات. لەگەڵ قووڵبوونەوەی شەڕەکە و پێشڕەویی چەتەکانی دیمەشق بە یاوەری تورکیا، قەتەر و سعوودیە و بە بەرچاوی جیهان و بە تایبەتی ئەمەریکاوە، جۆش و خرۆشی کوردانە بۆ پشتگیریی لە کوردانی ڕۆژئاوا و پاراستنی گیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی مەدەنی، لە دیاسپۆرا و باشووری کوردستان تەقییەوە.
تەقینەوەیەک کە ڕەنگە لە مێژوودا نموونەیمان نەدیتبێت. لە پیاو و ژنی گەنج، کوڕ و کچی مناڵکار، پیرەپیاو و پیرەژن، ئاینی و عەلمانی و... بە یەکدەنگ هاواری پشتگیرییان بۆ ڕۆژئاوا و دۆزی کورد دەربڕی. لەو ماوەیەدا بیرم لەوە کردەوە کوردستان و دۆزە ڕەواکەی چەند دوژمنی هەیە؟ چەند وڵات لەژێر ناوی ئایدۆلۆجیا جۆراوجۆرەوە دژایەتیی دەکەن؟ جگە لە داگیرکەرانی کوردستان چەندان وڵاتی بەناو ئیسلامی کە نوێنەرایەتیی ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵ بە ناواخنی بەدەوییەت و جەهلی مێژوویی دەکەن، هاتن بە خەیاڵمدا، ئەمەم لە پاڵ ئەو حەشیمەتە ملیۆنییەی کورد لە باشوور و دیاسپۆرا دادەنا کە بۆ پشتگیریی کورد ئاوا یەکگرتوو و هاوخەم دەنگیان هەڵبڕی. یەکگرتنێک کە لەم ڕووداوە هاتە ئاراوە بێ وێنە بوو، باوەڕم بە چاوانم نەدەکرد کە توێژە جیاوازەکانی کوردستان وەها هوشیار و بە جۆش و خرۆش جووڵاونەتەوە.
شتێک کە دواتر لەناو ئەم هەموو جۆش و خرۆش و حەماسەت و نیگەرانی و هەروەها نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتەدا زەینم بۆی چوو، ئەوەبوو، خودایە یەک مانگە ئینتەرنێتی ئێران بە هەموو شێوەیەک داخراوە و ئێمە دوای نزیکەی نیوسەدە یەکگرتنێکی بێ وێنەی مێژووییمان لەسەر خوانی کوردایەتی و دۆزی ڕەوای کورد هەبووە. بەو ئەنجامە گەیشتم كە سەرقاڵبوونی یەک مانگەی ئێران بە قەیرانی ناوخۆیی خۆی و داخرانی هێڵی ئینتەرنێت و سوپای مەجازی و پلانداڕێژییان بۆ باشووری کوردستان، حەتمەن یەکێک لە هۆکارەکانی تێپەڕاندنی ناکۆکی و دروستبوونی وەها یەکگرتوویی و یەکانگیرییەکی مێژوویی بووە.
ئەگەر نەختێک بە هەڵوێستەوە لەسەر ئەم ڕاستییە ڕابمێنین، بەو ئەنجامە دەگەین کە کورتبوونی دەستی لانیکەم یەکێک لە داگیرکەرانی کوردستان لە پلانگێڕیی، ئەو بوارەی ڕەخساند کورد هوشیارانەتر و پاک و بێگەردتر بێتە سەر شەقام و ئەنجامی ئەرێنی ئەم یەکگرتووییەمان بەڕادەی خۆی بینی. ئەمە سەرێکی ئەو هاوکێشەیەیە کە لە سەرەوە و لە سەردێڕ دیاریم کردووە. پێم وایە بەشێکی زۆر لە کوردی باشوور و دیاسپۆرایش کە ساڵانێک بوو بە مەسەلەی حزبایەتی و کورتکردنەوەی بوونی کورد لە فۆرمێکی دوالیستیدا خەریک کرابوون، بەم هۆکارە ئەوەیان تێپەڕاند و ئێستەیش هوشیارن لەسەر ئەوەی چییان کردووە و دەتوان ئەو سنوورە دەسکردانە و ئەو دابەشکارییە ساختانە ببەزێنن کە داگیرکەر ڕۆڵێکی بەهێزی هەیە لە دروستکردنیاندا. سەرێکی دیکەی هاوکێشەکە هەندێ کوردی ناهوشیار یان مشەخۆرن کە لێرەولەوێ دژی هەر جۆرە یەکگرتن و یەکدەنگییەک دەوەستنەوە.
چەند ڕۆژ پێش ئێستە کە بەبۆنەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار کەسایەتییە سیاسییەکان چوونە لای سەرۆک بارزانی و كۆبوونەوە و بۆی یەکگرتوویی و هاودەنگی دەهات، چەندان کورد و هەندێ پەیج لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی، بەبێ ئەوەی تەنانەت سەرۆکی حزبەکەیشیان یەک وشەی ناڕازیانەی لە کۆبوونەوەکە درکاندبێت، دەستیان کرد بە چاندنەوەی تۆوی چەنددەنگی و نایەکگرتوویی.
ئەمانە ڕەنگە بتوانین دابەش بکەین بەسەر چەند تیپی کەسایەتیدا. دەستەیەکیان ئەوانەن (زیاتر ڕۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی هەرێم پێک دێنن و چالاکی سیاسی یان ڕۆژنامەنووسن و بێگومان بەشێک لە ڕۆژهەڵاتییەکان پێک دێنن نەک هەموویان) کە بەهۆی ناجێگریی دۆخیان لەوێ و کلکەسووتەی ناپێویست بۆ لایەنێک، ئەمە دەکەن کە ڕەنگە هەر لایەنەکەیش ئەمەی نەوێت و ئەو کەسە ئەم کارەش نەکات، هیچی لێ وەرناگرنەوە، ئەمانە دەبێت بڕێک بە کەرامەتی زیاتر و هوشیارییەکی مرۆڤانەتر و کوردانەترەوە بجووڵێنەوە، چونکە دواجار حزبەکان هەر ململانێ و ڕکابەرییەکیشیان لە نێواندا بێت، جگە لە سازان و ڕێککەوتن هیچ ڕێگەچارەیەکیان لە بەردەمدا نییە، چونکە ئەوان نوێنەرایەتیی دۆزی کورد لە باشوور و لە ئاستێکی دیکەدا لە هەموو ناوچەکە دەکەن و ناچارن بەو سازان و ڕێککەوتنە.
دەستەیەکی تر سوپای سێبەر و ئاژاوەگێڕی بەناو ئۆپۆزسیۆنن، ئەمانە جگە لە تێکدانی ماڵی ناوخۆی کورد، هیچ تەکنیکێکی دیکە بۆ سیاسەت وەک ئۆپۆزسیۆن نازانن. دەستەیەکی دیکەیش ئەوانەن کە وا دەزانن یەکگرتن و یەکبوونی کورد مەحاڵ و نامومکینە، ئەوان دەقیان بەو پلانە مێژووییەی داگیرکەرەوە گرتووە و وا دەزانن بۆ هەمیشە دەبێت ئێمە یان لەمبەر بین یان لەوبەر، لە حاڵێکدا کوردبوون و بەرگریی لە دۆزە ڕەواکەی، نە ئەمبەرە و نە ئەوبەریش، بەڵکوو وەستانە لە ناوەڕاست و چەقی ڕەوایەتیدا. ڕەنگە بە ڕای هەر کەسێک ئەم لایەن یان ئەو لایەن زیاتر پەرۆشی کوردبوون بن، ئەمە شتێکی ڕێژەیی دەبێت و گرنگ ئەوەیە هەر لایەنێک گوتاری کوردبوونی درەوشایەوە، ئێمە پشتگریی لێ بکەین.
پێم وایە ئەو یەکگرتووییەی لە پشتگیریی ڕۆژئاوادا بینیمان، نابێت بۆڵەبۆڵی ناپێویست و مشەخۆرانەی ناوخۆیی لە لایەک و پلانی داگیرکەر لە لایەکی دیکەوە، دەستی تێوەر بدەن.