ڕۆژهەڵات لە كەمینی كاتژمێری چارەنووسدا

AM:09:49:16/02/2026 ‌
گۆشەنیگایەكی سیاسی
مێژووی سیاسیی گەلان پڕە لەو وەرچەرخانە هەستیارانەی تێیدا یەك بڕیاری دروست، نەتەوەیەك لە لێواری فەوتان ڕزگار دەكات، یەك هەڵەی بێ‌ سەروبەریش، گەلێك بۆ سەتان ساڵ دەخاتە ناو تاریكی و ژێردەستەییەوە. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕێك لە ناوجەرگەی ئەو كاتژمێرە دژوارەدایە لەو شوێنەی كە سێبەرێكی ڕەش باڵی بەسەر ئاسۆی داهاتوودا كێشاوە، پێویستمان بە بینینێكی تیژ هەیە بۆ دركاندنی ڕاستییەكان.

سێبەری ڕەش و كەمینی نادیار
كاتێك دەڵێین دوژمن لە سێبەری ڕۆحی كورددا بۆسەی گرتووە، مەبەستمان تەنیا چەك و سەربازگەكان نییە، بەڵكو مەترسییە گەورەكە لەوەدایە نەیارانمان لە هەوڵی ئەوەدان ئیرادەی نەتەوەیی تووشی داڕمان بكەن. دوژمن لەوێدا بۆسەی گرتووە كە ئێمە تێیدا پەرتەوازەین، لەوێدایە كە ئێمە بێ‌ بەرنامەین. ئەو سێبەرە ڕەشەی باسی دەكەین، تێكەڵەیەكە لە گوشاری ئابووری، داگیركاریی فەرهەنگی و پیلانگێڕیی سیاسی كە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی ڕۆژهەڵاتە لە هاوكێشە نوێیەكانی ناوچەكەدا.

هەڵەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر
لە قۆناغی ئێستەدا هەڵەی سیاسی تەنیا شكست نییە، بەڵكو كارەساتە، بۆچی؟ چونكە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان بە جۆرێك گۆڕاون كە تێیدا هیچ هێزێك بەزەیی بە لایەنی لاواز و بێ‌ سیاسەتدا نایەتەوە، ئەگەر ناوەندی سیاسیی ڕۆژهەڵات نەتوانێ شیكارییەكی زانستی و واقیعی بۆ بەرژەوەندییەكان بكات و ئەگەر بڕیارەكان لەسەر بنەمای كاردانەوەی سۆزداری بن، نەك ستراتیجیی درێژخایەن، ئەوا خەڵكی سڤیل دەبنە یەكەم قوربانی ئەو كارەساتە. هەر بڕیارێكی سیاسی وەك نەشتەرگەرییەكی هەستیار وایە و بچووكترین لادان، جەستەكە دەخاتە مەترسییەوە.

پێویستییەكانی قۆناغەكە: 
یەكڕیزی و ژیری
بۆ تێپەڕاندنی ئەم سێبەرە ڕەشە، پێویستمان بە چەند هەنگاوێكی بنەڕەتییە وەك  خوێندنەوەی دوژمن، ناسینی شێوازی بۆسەگرتنی لەناو جومگەكانی كۆمەڵگە و بزووتنەوەی كوردیدا.  بەرەی ناوخۆیی تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە بچووكە حزبییەكان بۆ پاراستنی ڕۆحی نەتەوەیی كە ئامانجی سەرەكیی نەیارانە.
 
دیپلۆماسیی هۆشمەندانە
پێوەندیگرتن لەگەڵ دنیا بە زمانێكی یەكگرتوو، تا ڕۆژهەڵات وەك ئەكتەرێكی كاریگەر و خاوەن بەرنامە ببینرێت، نەك وەك پاشكۆی ڕووداوەكان.

دەرەنجام
خەڵكی ڕۆژهەڵات شایانی ئەوە نین چیتر ببنە قوربانی تاقیكردنەوە سیاسییەكان. ئەمڕۆ ڕۆژی وردبینییە. پێویستە هەموو بڕیارێكی سیاسی لە ژێر وردبینێكی چڕدا بێت، چونكە دوژمن نەك هەر لە بەردەممان، بەڵكو وەك سێبەرێكی نەگریس لە هەموو هەنگاوێكماندا چاودێریمان دەكات. تەنیا ژیریی سیاسی و یەكگرتوویی دەتوانێ ئەو سێبەرە تێكبشكێنێت  و كارەساتە چاوەڕوانكراوەكان پووچەڵ بكاتەوە.