دروستبوونی هیچ شوناسێک بەبێ چەشتنی ئازار، ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی نادۆزێتەوە. شوناس بابەتێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، بەڵام لە هەر ڕوانگەیەکەوە پێناسەی بکەین، بەبێ ئاستێک لە ئازار و زەحمەت، شوناس هیچ مانایەک ناگرێتە خۆی. دەتوانین بڵێین سایکۆلۆجیای مرۆڤ تەیار و ئامادەکراوە بۆ جۆرێک جەنگی نەرم و سەخت لە پرۆسەی بەدەستهێنانی شوناسدا کە ئاڵاهەڵگری پێوانی ئەم ڕێگە پڕ سەختی و ململانێیە، خواستی هوشیارییە لە مرۆڤدا. واتە مرۆڤ بۆیە ئازار دەچێژێت لە جیهاندا، چونکە بۆ مانایەک (شوناس) دەگەڕێت تا هەموو جومگەکانی ژیان و بوونی خۆی تێدا ڕێک بخات.
ئەگەر ئەم ئازارچەشتنە بەناو وێستگەی هوشیاری و گەشەپێدانی خۆتدا تێپەڕێت، دەگات بە ئەنجامێک بەناوی شوناس و ئەگەریش ئازارچەشتن لە هەناوی کەسی شوناسخوازدا ببێت بە برینێکی هەتواننەکراو و ناهوشیار، ئەوا دەبێت بە سەرگەردانی لە شوناس یان دروستتر وایە بڵێین، هەڵهاتن لە شوناس. ڕەنگە بتوانین بڵێین بەشێک لەوانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان ناپاکییان لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان کرد، لەناو ئەم دۆخەدا ژیاون، بەو مانایەی کەسی برینداری ناهوشیار، لە شوناسی بەردەمی خۆی هەڵدێت، شوناسێک کە لە چوارچێوەی گوتاری گشتیدا و لە ڕێگەی توخمەکانی، زمان، ئاین، کولتوور، هونەر و مێژوو و... فۆرمەلە دەکرێت و بەهۆی ئێشی برینەکانییەوە ناتوانێت ڕووبەڕووی زامی شوناس ببێتەوە و هەتوانی بکات و تێیپەڕێنێت.
بێگومان ئەم جۆرە ناپاکییە وەک لە باسەکەمدا دیارە، لە دەرەوەی سنووری هوشیارییە و بەر لەوەی ناپاکی بێت، ناتەندروستییەکی ئاڵۆزی دەروونییە. دۆخی ئەم کەسانە کە بە ئاگایی و هوشیارییەوە، نەک بەهۆی ئازار و برین، بەڵکوو بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە چێژ و خۆشگوزەرانی پشت لە خاک و وڵات و نیشتمان دەکەن و شوناس بەهیچ شێوەیەک پێگەی نابێت لایان، تەواو جیاوازە. ئەوانەی یەکەم وەک گوتم، دۆخێکی ناتەندرۆستی دەروونی و ئەوانەی دووەمیش ناپاكن بە مانای پڕ بە پێستی وشە.
ئەگەرچی ئەم باسە پێویستی بە شەنوکەوی زۆر و نموونەهێنانەوەی وردە، بەڵام لێرەدا بە ئاسانی و لە کورتەنووسینێکدا بۆمان یەکلا نابێتەوە، بە تایبەتی مەبەستی من تەنیا دەستنیشانکردنی دوو دۆخ و حاڵەتی دەروونییە لە پرۆسەی وەرگرتنی شوناسدا، ئەویش هوشیاری و برینە، هەردووکیان پێکەوە پێوەندییەکی ئاڵۆز و تەواوکەریان هەیە.
دیارە گریمانەی باسەکەی من زیاتر بەرەو لای شوناسی نەتەوەیی دەشكێتەوە. واتە ئەم گێڕانەوەیەی من لەمەڕ شوناس، هوشیاری و برین، لەناو گوتاری شوناسی نەتەوەییدا مانا وەردەگرێت. بە نموونەیەک زیاتر ڕوونی دەکەمەوە. ئێمە لە دایک دەبین وەک خوێن، زمان، کولتوور، مێژوو، جیۆگرافیا، ناهوشیار و... بە کوردی لە دایک دەبین و کوردبوونمان وەک واقیعێکی بەرهەستی جەبری لە پێشەوەی هەموو فۆرمەکانی تری شوناسە کە دەشێت دواتر بێنە سەر ڕێگامان، بەڵام وەک ماک و توخمی ماتریال و پێشوەخت، کوردبوون لە پێشە و سەرترە، بەڵام ئەم شوناسە ماتریاڵی و جەستەیی و ... تا لە چوارچێوەی جۆرێک هوشیاریی مەعریفی و زمانپاراوی لە گێڕانەوەی توخمەکانی ئەم شوناسەدا خۆی نەبینێتەوە، هێشتا دەڵەمە و نیوەچڵە و ئەگەر بەم ڕێچکەیەدا گوزەر نەکات، ئەگەری هەڵوەشانەوە و پشتگوێخستنی زۆرە.
پوختەی باسەکە لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا ئەوەیە، مەرج نییە هەر ئازار و برینێک ببن بە شوناسێکی هوشیارانە. ئازار و برین ئەگەر ئەو هوشیارییە تاقی نەکاتەوە و کەسی شوناسخواز بە بوێری و ژیرییەوە دەست نەخاتە سەر زامەكەی، بە دڵنیاییەوە ئەو برینە لە ناهوشیاردا سەرکوت دەبێ و جێگیر دەبێ و وەخت و ناوەخت لە دۆزەخی تاریکی ناهوشیاردا سەرەتاتکێ دەکا و نەک تەنیا نایەڵێ کەسی ناهوشیار بەرەو شوناسدۆزیی ڕاستەقینە هەنگاو بنێ، بەڵکوو مەجال و هەلی داسەکانی ئاسایی و تێپەڕاندنی ژیانی ڕۆژانەیشی نادەنێ. ئەمە وانەیەکە دەشێت ئێمە لە کوردبوون و برینی کورد و خەباتی پێشینیان و هاوچەرخمانەوە سەرنجی دەینێ.
ئەگەرچی ئەمە تاکە لایەن نییە بۆ سەرنجدان پێوەست بەم باسە، بەڵام نەوەی ئێمە دوورونزیک ئەم برینانەی کوردبوونمان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تاقی کردووەتەوە و ئازاری بێ دەوڵەتی، بێ زمانی، بێ کتێبی (بە زمانی دایکی) و دەیان و سەتان ئازاری تر کە پێوەستن بە شوناسی کوردییەوە و ئێمە لێی بێبەش بووین، چەشتمان. دۆخی دەروونیمان وای لێ هات کاتێک وشەیەکی کوردیمان بەسەر دیوارێکەوە دەییتی، بزەیەکی لەناکاو و ناوەخت و نامۆ دەهاتە سەر لێومان، وەک شتێک دەکەوتە بیرمان کە ئەوە زمانی دایکی و کۆڵەکەی بوونی ئێمەیە.
ئەوە قۆناغێک بوو لە منداڵی ئێمەدا کە هێشتا کورد ئاوها نەکەوتبووە سەرپێ و باشووری کوردستان ئازاد نەکرابوو، ئەگەر ئازادیشکرابوو هێندە سنوورەکان توندوتۆڵ بوون کە زمانی کوردی وەک زمانی عێراقی و بەشێک لە زمانی فارسی دەناسێنرا پێمان. زۆر چەواشەکاری بۆ شێواندنی شوناسی کوردی دەکرا و ئێستەیش هەیە و بەردەوامە، بەڵام بە زۆر هۆکار لەوانە پەرەسەندنی هوشیاری و ئاگایی نەتەوەیی و شوناستەوەرانە، بوونی تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتە کولتووری و شوناسمەندانەکانی، بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا و... ئەم پلانە ئەگەریش پووچەڵ نەکرابێتەوەة ئەوا تەواو بێ ڕۆڵ و لەرزۆک بووە.
ئەم دۆخە هەم بەشێک لە برینی بەشمەینەتی و ناکامیی شوناسی ساڕێژ کردووە، هەمیش خواست و ئارەزووی گەشانەوە و باڵابەرزترکردنی شوناسمان بەهێز دەکات، برین هەر هەیە و هوشیاریش تا ئاستێك باشە و شوناس زیندوو و درەوشاوە دەبێت.