متمانە

PM:01:05:19/02/2026 ‌
شێوە سادەكەی نواندنی متمانەی كەسی، باوەڕپێدانە بە كەسێك  لەلایەن كەسێكی ترەوە، بۆ پاراستنی پێوەندی و بەرژەوەندییەكانی نێوانیان، كاتێك ئاڵوگوڕی بیروڕا و خاڵە هاوبەشەكان و نهێنیی پاراستنیان بەرانبەر یەكتر جێبەجێ دەكەن، لە درێژەی پێوەندییەكەدا هەردوولا متمانە بەیەكتر دەكەن، لەم مینبەرەوە پێوەندییەكانیان دەچێتە قۆناغی هەڵماڵینی نهێنییەكانی نێوانیان بەرانبەر یەكتر، كە متمانەش لە نێوان دوو كەسدا شكا، جارێكی تر بە ئاسانی ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو، ئەگەر متمانەكە دروستیش بكرێتەوە، ڕەگی پتەوی لە ڕۆحی باوەڕی هیچ لایەكیاندا نییە وەك دۆخی پێشوو.

بەدیوەكەی تریشدا درێژەپێدانی متمانە مایەی درێژەپێدانی پاراستنی پێوەندی و بەرژەوەندییەكانی هەردوولایە. متمانە لە نێوان دوو كەس یا دوو گرووپ و دوو لایەن و تا دوو وڵاتیشدا دروست دەبێت كە بەرژەوەندیی هاوبەش پێكەوە دەیانبەستێتەوە، ئەمە شێوە گشتییەكەی متمانەیە. متمانەی سیاسی زۆرتر لە نێوان تاكە سیاسییەكان، حزبەكان، بەرەی هاوپەیمانی تا وڵاتانیشدا دروست دەكرێت كە متمانەی پێوەندی و سوودی هاوبەشە. سۆز گۆڕینەوە لە نێوان تاكەكانیشدا وەك: بوونی خۆشەویستیی نێوان دوو ڕەگەز، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو كەس و چەندان شێوە مامەڵەی تر، متمانەی نێوان تاكەكان دروست دەكات. 

بەم شێوەیە متمانەدان نهێنیی پاراستن و بەرژەوەندیی هاوبەش و پاراستنی گۆڕانكارییەكانی نێوان هەردوولایە، لەسەر بنەمای ڕێز و پاراستنی نهێنی و سوودی هەردوو لایەن بێ زیان گەیاندن بە یەكتر. متمانەی خۆشەویستیی نێوان تاكەكان، زۆرتر بوێری و زیرەكی متمانەپێدەریشی پێویستە، كە چۆن دەتوانێ كەسێك بدۆزێتەوە متمانەی تەواوی پێ ببەخشێت، یاری بەهەست و نەستی نەكات، بێگومان ئەم كارە له خۆوە نایەتە بوون، ئەزموون و كاتی بۆ هەڵسەنگاندنی تاكەكان دەوێت، تا ئاشنابوونی تەواو بەیەكتر و بڕیاری متمانەدان بێتە گۆڕێ. 

متمانەدان بە هەموو كەس هەڵەیەكی كوشندەیە، لە هەمان كاتدا متمانە نەدان بە كەس، لووتكەی بێباوەڕییە تا بە خودیش. هەردوو حاڵەتەكە ئەزموون و شارەزایی و كاتی پێویستی تا بڕیاردانی متمانەپێدانەكە دەوێت. هەرچەندە پێكهاتەی سروشتی مرۆڤەكان وەك یەك نین، مرۆڤ هەیە هەر بە پێكهاتەی فسیۆلۆجی و پەروەردەی خێزان و ژینگەی دروست متمانەدار و پەیمان نەشكێنە، ڕاستگۆیه لەگەڵ ناخی خۆیدا، ئەمەش وا دەكات بەرانبەر دەوروبەرەكەشی ڕاستگۆ بێت، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤی متمانەشكێنیش زۆرن، وەك چۆن مرۆڤی متمانەدار و نهێنیپارێزیش هەن، هەرچەندە ڕەنگە ڕێژەی مرۆڤی متمانەدار كەم و دانسقە بن، ناكرێ تەنیا لە دەلاقەیەكەوە سەیری هەموو كەسەكان وەك یەك بكرێت. دۆزینەوەی مرۆڤی متمانەدار كات و لە فلتەردانی كەسەكەی دەوێت لە زۆر بواردا، چونكە متمانە سیفەتێكە پێوەندیی بە ڕاستگۆیی و بەڵێنی كەسەكە خۆیەوە هەیە، لە هەمان كاتدا ئەستووریی پەتی پتەوی متمانە بۆ بوێری و ئازایی كەسە متمانە پێدەرەكەش دەگەڕێتەوە، كە چۆن دەتوانێ كەسی متمانەدار بدۆزێتەوە و پشتی پێ ببەستێ، دەبێ بزانێ پێوەرەكان چین؟ دەكرێ لە پێشینەی ڕابردووی بینین و مامەڵە لەگەڵ بەرانبەردا، تێبینییەكانی خۆت گەڵاڵە بكەیت و بگەیتە ئەو ڕاستییەی كە ئامانجت پێكاوە تا متمانەی پێ ببەخشێت. 

پێكهاتەی بوونی كەسەكان و بوونی ویژدان و ڕاستگۆیی لە مامەڵەدا، ڕۆڵی كاریگەریان لە نواندنی متمانەدا هەیە، هۆكارەكانی كەمبوونی متمانە لەم ڕۆژگارەدا دەتوانرێ  بۆ چەندان جۆر ئاماژەی پێ بدرێت، بەتایبەتی متمانەی سۆزی خۆشەویستیی نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز، كە هۆكارێكی ئاسان بینینی یەكتر و ڕاگۆڕینەوەی سەرپێیە لە ڕێگەی مۆبایل و سۆشیال میدیاوە، ڕێگەیەكە دۆخێكی وای خوڵقاندووە، لە ماوەیەكی كەمدا یەكتر بناسن و كەمتر یەكتر هەڵبسەنگێنن و زوو زوو بەیەك بگەن و تێكەڵی یەكتر بن، لە كاتێكدا یەكترناسین و تێكەڵبوون، كاتێكی درێژی بۆ متمانە دروست كردن دەوێت.  

پێچەوانەی ئێستە، لە كۆندا بوونی كاتێكی درێژخایەن بۆ مامەڵە و درەنگ یەكتر بینین و تێگەیشتن لەیەك، نەبوونی كەناڵی پێوەندی و سۆشیال میدیا، كرانەوەی بیر و فشارە كۆمەڵایەتیەكان، لە هۆكارەكانی دروستبوونی متمانەی تەواو بوون له نێوان خۆشەویستاندا، هەڵكشانی كێرڤی متمانە، بەوە دروست دەكرا كەسەكان لە بیركرنەوە و خۆخواردنەوەی ناخ و هەڵسەنگاندنی پێوەندییەكان بەردەوام دەبوون، ئەزموونی ناسینیان بەرانبەر یەكتر بە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكدا پەیدا دەكرد، پاشان متمانەیان بەیەكتر دەدا، كەمكردنە ڕوو لە خوێندنەوەی یەكتر، خۆپیاهەڵدانی درۆینە بەرانبەر یەك، كاڵبوونەوەی پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، زوو خۆ رادەستكردنی لە پێوەندییە سۆزدارییەكان و تێكەڵبوونی جەستە، لە هۆكارەكانی لە دەستدانی متمانەی خۆشەویستی ڕۆژگارن.

بەشێوەیەكی گشتی، لووتكەی متمانە لە نێوان دووكەس یان دوو لایەندا بە یەكتر بینین و ڕاگۆڕینەوە و تێپەڕاندنی زەمەنی زۆر بۆ مامەڵە و هەڵسەنگاندنی تەواو، لە كۆتاییدا بە ڕێككەوتن دروست دەكرێت، نەك پەلەكردن لە پێوەندیدا و خرۆشاندنی هۆرمۆنی سۆزداری. گرنگترین شت لە ژیاندا متمانە بە خۆبوونە، مرۆڤ دەبێ بوێر بێت و متمانەی بە خۆی هەبێت كە دەتوانێ ئەو كارە ئەنجام بدات، سەركەوتوو دەبێت كاتێك ماكەكانی تێكەڵبوون لە ئایندەدا كۆسپ و تەگەرە دروست دەكەن، ئەو كاتە متمانە بە بەرانبەر ببەخشێت، پێشبینیی ئەو دۆخەی توانای زاڵبوونی بەسەر ئەو كێشانەدا هەیە كە دێتە سەر ڕێگەی لە خانەی متمانە بە خۆبووندایە، دووبارە زیرەكی كەسی متمانە پێدەر بە بەرانبەرەكەی، هۆكارێكە تا بتوانی كەسێكی بڕوادار بدۆزیتەوە و بیكەیتە جێگەی متمانە بۆ خۆت، دروستكردنی پردی پێوەندی چەند پێوەندیی بە متمانەی بەرانبەرەوە هەیە، ئەوەندەش پێوەندیی بە خودەوە هەیه، گرنگە هێندە متمانەت بە خۆت هەبێت، كەسێك بدۆزیتەوە كە بتوانی متمانەی پێ بكەیت و جێگەی بوونی متمانەكەت بێت، تا تووشی لێكدابڕان و كێشەكانی لە دەستدانی متمانە نەبیت. 

دروستبوونی متمانەی خود لە قۆناغەكانی ژیانی منداڵییەوە دەس پێ دەكات، بەوەی لە چوارچێوەی پەروەردەدا كەشێكی وا بڕەخسێت، منداڵ هەست بەبوونی خۆی بكات و متمانەی بە خۆی هەبێت، كاتێك منداڵ توانای بەرەنگاربوونەوەی كێشە بچووكەكانی ڕۆژانەی ژیانی هەبێت، ترس لە بوونیدا نامێنێت، دەكرێت ببێتە كەسێكی سەركەوتوو تا لە ئایندەدا بتوانێ دوور لە خێزان، له ژینگەیەكی تەندروستدا ژیان درێژە پێ بدات، مرۆڤ كە داری متمانەی خود لە ناخیدا چەكەرەی كرد، لەگەڵ گەورەبوونیدا دارەكەش باڵا دەكات، تا هێندە قەدەكەی ئەستوور دەبێت، توانای ئەوەی هەبێ نەشكێتەوە ڕەگی پتەو داكوتێت بە ناخی كەسایەتییەكەیدا. 

بۆ لە دەستنەدانی متمانەی پێوەندیی خۆشەویستیش، كۆنترۆڵكردنی هەست و نەست و غەریزەكان پێویستە، مرۆڤ كاتێك مەعشووقەكەی دەبینێت، دەبێت هێندە كۆنترۆڵی خود بكات، كۆنترۆڵی رادەستبوون لە دەست نەدات، چونكە زۆربەی جار رادەستبوون لە پێوەندییە سۆزدارییەكاندا شكانی متمانەی لێ دەكەوێتەوە. یان كە لە خوددا هۆگریی سۆزی خۆشەویستی تەواو دروست دەكات، بێ ئاگاداری كە بەرانبەرەكەی چۆن بۆ پێوەندیی سۆزداری دەڕوانێت، تاكلایەنە رادەست دەبێت. نازانێ بەرانبەر مێشكی كراوەیە یان تەسكبینانە بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەڕوانێت. 

پێویستە لە سەرەتاوە خۆمان لە رادەستكردنی جەستە بپارێزین، لە پێوەندییە سۆزدارییەكاندا تا ئەو كاتەی زەوینەیەكی لەبار دێتە ئاراوە و بوارە گشتییەكانی ئاسۆی بەردەوامی پێوەندیی سۆزداری و ئاینده بە ڕوونی دەبینرێن، متمانە نەبەخشین. لەم ڕوژگارەدا زۆربەی پێوەندییە سۆزدارییەكان كاتێك دەچنە قۆناغی تێكەڵبوونی جەستەوە، متمانە دەشكێ و لێكدابڕان دروست دەبێت، هەندێك جار كەسەكان دەبنە مایەی دروستكردنی سەرئێشە بۆ یەكتر، تاك و تەرا پێوەندیی سۆزداریش هەیە لەسەر متمانەی پتەو و ڕێز دروست بوون، دوای تێكەڵبوونی جەستەش یا پاش دووركەوتنەوە لە یەكتریش، ڕێزی یەكتر دەگرن و سەرئێشە بۆ یەكتر نانێنەوە، ئەمە ئەو دیاردەیە كە لە سەرەتاوە پێوەندییەكە لەسەر بناغەی متمانەیەكی پتەو داڕێژراوە. 

هەمان پێودانگ بۆ متمانەی سیاسیش دەبێت، كاتێك متمانە لە نێوان حزب و كۆمەڵانی خەڵكدا دروست دەبێت، خەڵك دەنگ بە حزبە متمانەدارەكە دەدەن كە سیستمی حوكمڕانییەكی دروست بەدەست بهێنێت و ماف و ئازادییەكانیان بۆ فەراهەم بكات، تا ڕێژەی متمانەی سیاسی لە ڕووی ژمارەی دەنگدانی تاكەوە زۆرتر بێت، ئاستی كورسییەكانی حزب زۆرترە و پێچەوانەكەشی ڕاسته، زۆربەی جار كە حزبەكان پشت لە داوای دەنگدەرانیان دەكەن، متمانەی سیاسی هێدی هێدی كەم دەبێتەوە و حزبەكان ڕێژەی كورسییەكانیان دێتە خواریەوە، هەندێ جار حزب لە جیاتی گۆڕانكاریی ڕادیكاڵی، كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سەرەتایی دەكەن، ناوەڕۆك هەر هەمان پێوەری پێشترە، ڕەنگە بەم كارە ساڵانێك كێرڤی دەنگدەرانی كەمێك بەرز بكاتەوە، بەڵام دواتر زیاتر دادەبەزێت.

 بە دەگمەن ڕوو دەدات حزبێك لە لووتكەی متمانەی سیاسییەوە بگاتە ئاستی سفری متمانە، بەڵكو ڕێژەكە بەپێی كار و چالاكییەكان و خۆشەویستیی حزب لای خەڵكەكە، هەڵبەز و دابەز دەكات و دەگۆڕێت، هەمو تاكێكیش ناتوانێ تەواو لە كەلێن و قوژبنەكانی حزبەكەی ئاگادار بێت، تا تاكێكی وریا و خوێنەری قووڵی ڕووداوەكان نەبێت و لە هەڕەمە باڵاكانی حزبەوە نزیك نەبێت، حزب هەیە كە متمانەی سیاسی كەم دەبێتەوە، جارێكی تر بە گوڕەوە بە گۆڕانكاریی ڕیشەیی چاو بە پرۆگرام و كاری كاربەدەستانی حزب و چالاكییەكانی لە حكوومەتدا دەخشێنێت و متمانە وەدەست دەهێنێتەوه، جاریش هەیە هێندە لێكدابڕانەكان گەورەن، كار لە كار دەترازێ و حزبەكە لای كۆمەڵانی خەڵك دەبێزرێ، بواری فریادڕەسی چارەسەر نامێنێت، بەم شێوەیە جار لەسەر جار متمانە لە دەست دەدات تا خۆی هەڵدەوشێنێتەوه یان نامێنێت، لە هەموو دۆخەكاندا گۆڕانكاریی ڕیشەیی و ڕیفۆرم، بەرگی متمانە بە بەری حزبەكاندا تازە دەكاتەوە.