لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی مەرگی (عەلی خامنەیی) لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٦، پرسیارێکی بوونیادیی سەرلەبەری دیمەنە ئیقلیمییەکەی تەنیوە: ئایا لەبەردەم زەمینلەرزەیەکی ئێرانیداین کە ناوچەکە دەکاتە قیامەت، یان سیناریۆی مەرگی حەسەن نەسروڵا دووبارە دەبێتەوە؟
سەرەڕای ڕەمزییەتی گەورەی خامنەیی، ئاماژە مەیدانییەکان پێمان دەڵێن؛ کاردانەوەی تاران تا ئێستا ناچیز و هیچە. ئەمەش دەری دەخات کە ئێران ئامانجی یەکەمی پاراستنی جەستەی خۆیەتی وەک دەوڵەت. بۆیە تاران لە جیاتی بڕیاری تۆڵەکردنەوەیەکی گەورە، کە دەبێتە خۆکوژی دەوڵەتەکەی، ڕێگەی (ماتەمینی) گرتووەتە بەر، بە ڕاگەیاندنی ٤٠ ڕۆژ ماتەمینی گشتی و پشووی فەرمی لە تەواوی دامەزراوەکان بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ، تاوەکو بتوانێت لە ناوەوە شۆکەکە هەڵبمژێت. ئەڵبەتە ئەم پشووە درێژخایەنە تەنیا بۆ ڕێورەسم نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دەوڵەت تا ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و ڕێگری بکات لە هەر تەکاندنێکی ناوەکی کە ڕەنگە شەقامی ناڕازیی ئێران بیقۆزێتەوە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی CIA و ڕاپۆرتەکانی Times of Israel، مەرگی خامنەیی نابێتە هۆی ڕووخانی یەکجاری، چونکە سیستمەکە لە ڕێگەی (ئەنجوومەنی شارەزایان)ەوە جێگرەوەی بۆ خامنەیی دیاری کردووە.بۆیە هەر زوو دوای مەرگی ڕێبەر (ئەنجوومەنی کاتیی ڕێبەری) پێکهێنرا کە سێ کارەکتەری سەرەکی دەگرێتە خۆ:
١. مەسعوود پزیشکیان (سەرۆک کۆمار).
٢. غلام حسين محسني (سەرۆکی دەزگای داد).
٣. عەلی ڕەزا ئەعرافی (ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزەران).
ئەم پێکهاتەیە پیشانی دەدات کە (دەوڵەتی قووڵ) دەیەوێت شۆکەکە هەڵبمژێت، نەک تووشی خۆکوشتنی بەکۆمەڵ ببێت. ئەمەش لە هەڕەشەکانی (عەلی لاریجانی) ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە زمانی "قیامەت"ی بەکارهێنا و گوتی: "دڵی ئەمریکا دەسوتێنین"، بەڵام لە هەمان کاتدا وەک سیاسەتمەدارێکی پراگماتیک دەرفەتی بۆ (هێڵی گەڕانەوە) هێشتەوە. ئەو لە پەیامێکی عەرەبیدا بۆ وڵاتانی کەنداو گوتی: "ئێمە شەڕمان لەگەڵ ئێوە نییە، تەنیا ئەو بنکە ئەمریکییانە دەپێکین کە لێیانەوە هێرشمان دەکرێتە سەر".
ئەمە ئەو دووفاقییەیە کە (هێنری بێرگسۆن) لە (شیکاریی جوڵەدا) باسی دەکات؛ لاریجانی تەنانەت هەوڵیدا ترەمپ وەک (قوربانیی تەڵەی ئیسرائیل) نیشان بدات، ئەمەش بۆ ئەوەیە دەرگای گفتوگۆی داهاتوو لەگەڵ واشنتۆن بە تەواوی دانەخرێت. لە ڕاستیدا، تاران دەیەوێت پەیامێک بە واشنتۆن بدات: "ئێمە سەرقاڵی گواستنەوەی دەسەڵاتین و نامانەوێت هەموو شتێک تێک بدەین، و مەمانخەنە ناو تەڵەی جەنگێکی بێ گەڕانەوە".
ئێستا دەپرسین بۆچی کارەساتە گەورەکە ڕووی نەدا؟ ئامارە مەیدانییەکان دەری دەخەن کە هێرشە تۆڵەسێنەکانی ئێران، سەرەڕای چڕییەکەیان، تەنیا کوێرانە هەندێک ئامانجی سەربازیی دیاریکراویان پێکاوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە ئێران تەنیا لە (جەنگی بەوەکالەت)دا بەهێزە، نەک لە جەنگی ڕاستەوخۆدا.
تاران دەزانێت کە جەنگی گشتگیر بە واتای کۆتایی ڕژێم دێت، بۆیە وەک حزبوڵای دوای نەسروڵا، تەنیا بە هێرشی تاکتیکی و دەنگ و سەدای میدیایی قەوارەکەی دەپارێزێت. بەڵام ئایا ئەم دۆخە تا سەر بەردەوام دەبێت؟
لە ڕووی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، ڕژێمی ئێران ڕووبەڕووی "قەیرانی شەرعییەت" دەبێتەوە. چونکە خامنەیی تەنیا ڕێبەر نەبوو، بەڵکو ئەو ڕایەڵەیە بوو کە باڵە دژبەیەکەکانی ناو سوپای پاسداران و دامەزراوە ئایینییەکانی پێکەوە گرێدابوو. بە نەمانی ئەو، ململانێی (باڵەکان) بۆ دەسەڵات قووڵتر دەبێتەوە. لێرەدا مەترسییەکە لە هێرشی دەرەکییەوە دەگۆڕێت بۆ (داڕمانی ناوەکی). ئەمریکاش بە سەرۆکایەتی ترەمپ، چاوەڕێی ئەم ساتەوەختەیە تاوەکو لە ڕێگەی فشار و هاندانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانەوە، دەستکەوتەکان بچنێتەوە.
ئێستا واقیعەکە بەوجۆرەیە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی تاران دەدرێت، هەرچەندە خوێندنەوەی ئێستا بەرەو هێوربوونەوە دەچێت، بەڵام نابێت وتەکەی(کارڵ ڤۆن کلاوزڤیتز) لەبیر بکەین کاتێک دەڵێت: "جەنگ کایەی ئەگەرەکانە"؛ بۆیە لەم ساتەوەختەدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن. تاران لە نێوان (مانەوەی پراگماتیکی) و (هەڵدێری مێژوویی)دا تەنیا یەک هەنگاوی ماوە. لە کۆتاییدا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ میراتگرانی دەوڵەتەکەی خامنەیی دەتوانن وەک (ڕێوی) مامەڵە لەگەڵ تەڵەکانی ترەمپدا بکەن، یان وەک (شێرێکی پیر) لە دواین جەنگی خۆیاندا هەموو شتێک دەدۆڕێنن؟