لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان لەلایەن گروپە لە یاسادەرچووە تیرۆریستییەكانی حەشدی شەعبی، چەندان هێرشی مووشەكی و تیرۆریستیی كراوەتەسەر، ئەم هێرشانە نە تەنیا هەڕەشەی تەناهین بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو پێشێلكردنێكی ئاشكرای دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتین.
بەپێی Constitution of Iraq، سیستمی حوكمڕانیی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزراوە، مادەی 117 دەستوور بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستانی وەك هەرێمێكی فیدراڵ دەناسێنێت و مافەكانی لە چوارچێوەی سیستمی عێراقدا دەستەبەر دەكات. هەروەها مادەی 121 مافی هەرێم دەناسێنێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دامەزراندنی داودەزگا تەناهییەكان، لەو بنەمایەوە هێزی پێشمەرگە بەفەرمی بەهێزی پاراستنی هەرێمی كوردستان ناسێنراوە كە ئەركی سەرەكیی بریتییە لە پاراستنی خاك و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.
لەلایەكی ترەوە مادەی 110 دەستوور دەسەڵاتە تایبەتییەكانی حكوومەتی فیدراڵی دیاری دەكات كە لە ناویاندا بەرگریی نیشتمانی و پاراستنی سنوورەكان هەن، بەم پێیە بەرپرسیارێتییەكی یاسایی لە ئەستۆی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقە كە ڕێگریی لە هێرشە چەكدارەكان بكات و تەناهیی هەموو ناوچەكان لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بپارێزێت.
مادەی 115یش ڕوونی دەكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتانەی كە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆ حكوومەتی فیدراڵی دیاری نەكراون، دەچن بۆ هەرێمەكان. لە هەمان كاتدا مادەی 9ی دەستوور دەڵێت، هێزە چەكدارەكان دەبێت هێزی نیشتمانی بن و نابێت لە چوارچێوەی یاسای دەرەوە كار بكەن یان ببن بەهەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییان. بۆیە هەر گرووپێكی چەكدار كە لە دەرەوەی یاسا هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی عێراق، ئەو كردارە پێشێلكردنی دەستوور و یاسای نیشتمانی دێتە ژمار.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیشەوە مافی بەرگری مافێكی بنەڕەتییە، لە چوارچێوەی United Nations دا، مادەی Article 51 of the United Nations Charter ڕوونی دەكاتەوە كە ئەگەر هێرشێكی چەكداری ڕوو بدات، دەوڵەتان یان ناوچەكان مافی بەرگریی لە خۆیان هەیە بۆ پاراستنی خەڵك و خاكیان.
بەپێی دەستوور و یاسایی نێودەوڵەتی، هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی گرووپە تیرۆریستییەكانی حەشدی شەعبی، پێشێلكردنی ئاشكرای دەستوور و یاسایە، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی لەڕووی سەربازییەوە بەرگریی لە خۆی بكات، یان هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە لێوەی هێرشی دەكرێتەسەر، بەمەبەستی كۆتاهێنان بەو مەترسییانەی لەسەر خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان دروست كراوە.
حكوومەتی فیدراڵ دوای چەندان جار ئاگاداركردنەوەی هیچ هەنگاوێكی كردەی بۆ ئەومەبەستە نەناوە.
پاراستنی ئاسایش و سەروەریی كوردستان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی و هاوكاریی نێوان داودەزگا فیدراڵی و هەرێمییەكان هەیە. كاتێك ئەم بنەمایانە بەشێوەی ڕاستەقینە جێبەجێ ناكرێت، هەرێمی كوردستان مافی دەستووری و یاسایی خۆیەتی، هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە لێوەی هێرشی دەكرێتەسەر و ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری خستووەتە مەترسییەوە و كۆتاییان پێ بهێنێت.