15 خاڵەکەی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕێککەوتنە یان خۆڕێکخستنەوەیە؟

PM:05:38:25/03/2026 ‌
ئەگەری ئەم ڕێککەوتنە دەکرێ دووبارە کێشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، بێگومان ئەو ڕەشنووسە بڵاوکراوەیە لەو چەند خاڵەی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ ئاراستەی ئێرانی کردووە، چوارچێوەیەکی داڕێژراوە بۆ هەنگاوەکانی دانوستان، لە هەمان کاتدا گرەوێکە لەسەر بردنەوە و دەرەنجامی ئەو شەڕە، لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی دیدێکی ڕۆژئاواییە بە دوای چارەسەری هەمەلایەنەی پرسی ئەتۆمی ئێران و ئالۆزییەکان لە ڕۆژهەڵانی ناویندا دەگەڕێت، هاوکات لەگەڵ دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی ئێران، ئەمەیش تەنیا ڕەنگدانەوەی رێککەوتنێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی ستراتیجی پێوەندیی نێوان هەردوولا دەکەن.

لەبارەى دۆسیەى ئەتۆمی، ئەو مەرجانە هەڵوەشاندنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی ئێستە و قەدەغەکردنی پیتاندنی لە چوارچێوەی خاکی ئێران و گەیاندنی کەرەستەی پیتێنراو بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دیاری کراوە، ئەم مەرجانە بە شێوەیەکی کاریگەر بە واتای کۆتاییهاتنی توانای ئێرانە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی سەربەخۆ، تەنانەت بۆ مەبەستی مەدەنیش، لە ڕوانگەی ستراتیجییەوە ئەمە دەبێتە بەرزترین ئاستی داواکارییەکانی ئەمەریکا لە ئێران لەم قۆناغەدا، چونکە نەک هەر بەرنامەکەی سنووردار دەکات، بەڵکو بە تەواوی هەڵیدەوەشێنێتەوە و تەواو ڕێگری لە دووبارە بونیاتنانەوەی دەکات.

لەبارەى دامەزراوەکان و چاودێری، بڕگەکانی تایبەت بە لابردن یان لەناوبردنی دامەزراوە سەرەکییە ئەتۆمییەکان و پێدانی دەستڕاگەیشتنێکی تەواو بە زانیارییەکانی ناو ئێران بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئاماژەن بۆ هێنانەکایەی سیستمێکی چاودێریی بێ وێنە، ئامانجەکە بە ئاشکرا ڕێگریکردن لە توانای بەناو "چارەسەری خێرا"ی بەرنامە ئەتۆمییەکەیە، ئەم جۆرە چاودێریکردنە لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە، بۆیە هەر بوارێک بۆ مانۆڕی تەکنیکی یان سیاسیی سنووردار دەکات.

لە ڕەهەندە ناوچەیی و سەربازییەکەدا، ئەو ڕەشنووسە  و داواکارییەکانی ئێران ناچار دەکات دەستبەرداری کەڵکوەرگرتن لە بریکارەکان و پشتیوانیکردن و ڕاگرتنی پارە و پڕچەککردنی گرووپەکانی نزیک لە خۆیەوە لە ناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی، ئەم خاڵە بەتایبەتی دەست دەخاتە ناو ناوەڕۆکی بڕوای تەناهیی ئێرانەوە، کە دەیان ساڵە پشتی بە بونیاتنانی هێزی ناڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بەستووە، وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم بڕگانە بە واتای کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەدەستدانی هێڵە ستراتیجییە گرنگەکانیەتی.

لە بەرانبەردا، ئەم ڕەشنووسە هەندێک دەستکەوت بە ڕوونی پێشکەش بە ئێران دەکات، دیارترینیان هەڵگرتنی تەواوەتی سزا ئابوورییەکان،هاوکاریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و نەهێشتنی میکانیزمی "سناپ باک " (Snapback)، کە ڕێگە بە سەپاندنەوەی خێرای سزاکان دەدات لە کاتێکدا ئەگەر ئێران پابەند بە ڕێککەوتنەکە نەبوو، ئەم هێواشکردنەوەی ئەمریکا بۆ ئێران، لە ڕوانگەی ئەوەی ئێران بەو هۆکارەوە بێتە ژێرباری ڕێککەوتنەکانەوە، بەتایبەت لەو دۆخە ئابووری و سیاسییە خراپەی ئێران تێیدایە، لەگەڵ هەموو فشارە ئابوورییە ناوخۆییەکانی، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا ئەم دەستکەوتانە بەسن بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕادەی ئەو دەستکەوتانەی، کە پێویستن؟

لە هەڵسەنگاندنی هاوسەنگی گشتیی ڕەشنووسەکەدا، وا دیارە پارسەنگی تەرازووەکان بە شێوەیەکی زۆر لە بەرژەوەندیی داواکارییەکانی ئەمەریکادا دەشکێتەوە، چونکە خواستەکان لەسەر ئێران بۆ تەنازولکردن لەسەر سێ بابەتی بنەڕەتیی گرنگن ئەوانیش: بەرنامەی ئەتۆمی، پارسەنگی هێز لە ناوچەکە لەگەڵ توانا سەربازییەکانی، لە بەرانبەردا دەستکەوتی ئابووری و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی وەردەگرێت، بەڵام ئەمانە بە تەواوی قەرەبووی زیانە ستراتیجییە ئەگەرییەکان ناکەنەوە.

لە ڕوانگەی ڕیالیزمی سیاسییەوە، زەحمەتە ئێران ئەم دەستەواژانە بەم شێوەی ئێستە قبووڵیان بکات، بێگومان ئێرانیش بییانووی خۆی دەبێت، چونکە قبووڵکردنی ئەوەی هەیە وەک خۆی ڕاستەوخۆ پێشێلی چەمکەکانی "ئاسایشی نەتەوەیی" و سەروەریی دەکەن بەپێی تێڕوانینی ئێرانییەکان، بۆیە پێ دەچێت ئەم ڕەشنووسە یان زیادەڕەوییەکی میدیایی بێت یان خاڵی دەستپێکی دانوستان بێت، کە لێیەوە وردەوردە داواکارییەکان دابەزێنرێن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگتر.

لە کۆتاییدا، ئەم بڕگانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکن بۆ سەپاندنی داڕشتنەوەی هەمەلایەنەی ڕۆڵی ئێران، نەک تەنیا ڕێککەوتنێکی تەکنیکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام لە فۆڕمی ئێستەیاندا زیاتر لە "ئاستێکی بەرزی دانوستان" دەچن نەک ڕێککەوتنێکی پراکتیکی بەردەوام.