لەو رۆژەوەی هێرش كراوەتەوە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، وڵاتانی دنیا بەشێوەیەكی گشتی هاتوونەتە سەرخەت و سەركۆنەی ئەو هێرشانە دەكەن، بەتایبەت شەهیدكردنی شەش پێشمەرگەی بێتاوان لە كاتی ئەركدا كە ئەمە تاوانی جەنگە و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانیشە، بەدوورە لە هەموو پرەنسیپێكی نێودەوڵەتی و ئەركی دراوسێیەتی، هەر لە سەرەتای جەنگەوە هەرێمی كوردستان پەیامی روونی هەبووە بەوەی نابێتە بەشێك لە جەنگ و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكان، ئەمە تا ئێستە پێڕەو كراوە و لە كوردستانەوە هیچ مەترسییەك بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران نەبووە.
لە كاتێكدا لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستەش مووشەكێكی زۆر ئاراستەی كوردستان كراوە و جگە لە شەهیدبوونی چەند كەسێك، زیانی زۆری مادی و وێرانبوونی چەند شوێنێكیشی لێ كەوتووەتەوە، هیوادارین لێكەوتەكانی ئەم جەنگە نەبێتە هۆی دروستكردنی پشێوی و نائارامی لە كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان باڵانسی هێزی ناوچەكەی پاراستووه، جیالەوەش رێگە و دەرچەی بۆ ئابووری ناوچەكەش واڵا كردووە، دەرئەنجامی ئەم جەنگەوە عێراق توانای زۆری بۆ هەناردەكردنی نەوت لە دەست داوە، ناچار دەبێت بەشێك لەو نەوتە بە رێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستان بۆ جیهان بنێرێتە دەرەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بە ئاراستەی كەمبوونەوەی نرخی نەوت و رزگاركردنی دنیا لە قەیرانی وزە بەتایبەت ئەوروپا.
ئەوەی گرنگە هەرێمی كوردستان، وەك هەرێمێكی نادەوڵەتیی كارا لە ناوچەكە رۆڵی بەهێزی بینیوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی، بەتایبەت هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و رێگەگرتن لە دروستبوونی جەنگ لە رۆژئاوای كوردستان، هۆشدارییەكانی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق بەوەی عێراق نەبێتە بەشێك لە جەنگ و ماڵوێرانی و چۆنیەتیی رزگاركردنی لە قەیرانی ئیدارەدان، هەم هەنگاوانە لە ئاستی دنیا پێشوازیی گرنگیان لێ دەكرێت، بۆیە لەو رۆژەوەی هێرش كراوەتەوە سەر كوردستان، تەواوی دەوڵەتانی ناوچەكە و دنیایش نیگەرانن، ناكرێت لە ژێر هەر پاساوێكدا بێت كوردستان بكرێتە ئامانج، ئەوەی گرنگە بەلامانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت فشارەكان زیاتر بكرێت بۆ سەر حكوومەت بەوەی لە ئاستی خۆیەوە لە رێگەی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان و كەناڵەكانی ترەوە، هەرچی زووە رێگریی بكات لە پێشێلكردنی سەروەریی خاك و بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگە، چونكە دواجار عێراق بەرپرسیارە لە سەروەریی وڵاتەكەی خۆی.
جیا لە ئامانجگرتنی دەرەكی كە دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، لە ئاستی ناوخۆی عێراقیش بەردەوام گرووپە لە یاسا دەرچووەكان هەڕەشەی جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەبیانووی جۆراوجۆرەوە رۆژانە مووشەك و درۆن ئاراستەی خاكی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا بەرپرسیاریەتی یەكەمی ئەم دۆخە لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە كە دەبێت سنوورێك بۆ ئەم گرووپانە دابنێت و چیتر عێراق نەكەنە گۆڕەپانی جەنگ و یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان، بەتایبەت هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا كە بەشێكە لە هۆكاری چارەسەر و گرفتەكان، ناكرێت بە ئاسانی لەلایەن ئەم گرووپانە دامەزراوەی گرنگی وەك كێڵگەی نەوت و فڕۆكەخانە و شوێنە گشتییەكان بكرێنە ئامانج، هەرچی زووە دەبێت ئەم سەروەرییە بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت هەموو لایەك لە ئاستی بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی و عورفی دیپلۆماسی و ئەركی دراوسێیەتی مامەڵە بكەن، پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە لە ئەستۆی هەموو دەوڵەتانی دنیادایە، لەم ناوەندەدا هەرێمی كوردستان كە هەنگاوی زۆر گەورەی لە پێشكەوتنی كەرتی وزە و وەبەرهێنان و بازرگانی ناوە، گرنگە دەوڵەتانی دنیا بەو ئاست و گەرموگورییەی ئێستەوە پشتیوان بن و رێگە نەدەن بە هەر هۆكارێك هەیە بە ئامانج بگیرێت، چونكە دواجار ئەم جەنگە لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی هەرێمی كوردستان بووە، دەبێت رێز لە بڕیاری كوردستان بگیرێت و هیچ لایەنێك رێگاە بەخۆی نەدات دەستدرێژیی بكاتە سەر سەروەرییەكەی.