ساڵی 2026 وەک ساڵێکی "یەکلاکەرەوە" لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەکرێت. دوای زنجیرەیەک لە جەنگی سێبەر و پێکدادانی ناڕاستەوخۆ، ئێستە پێوەندییەکانی نێوان تاران، تەلئەبیب و واشنتن گەیشتووەتە خاڵێکی سوور. ئەمساڵ تەنیا ساڵی کێبڕکێی سیاسی نییە، بەڵکوو ساڵی تاقیکردنەوەی هێزە (Power Test) لەژێر سێبەری گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییە سەربازییەکان و شکستی زۆربەی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان.
وەک دەزانین جەنگی نێوان وڵاتانی ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیل پێ دەنێتە ڕۆژی (34)ـەم، و بەردەوام لێکەوتە خراپە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات. هەروەها لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان لە وڵاتانی پێوەندیدار بە جەنگ و وڵاتانی دراوسێ. هاوکات دەنگی ناڕەزایی لە هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان و بەرزیی خەرجیی جەنگ زیاتر بووە. لە لایەکی ترەوە، جەنگی نێوان ئەمەریکا، ئێران و ئیسرائیل تەنیا بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکوو کاریگەرییەکی قووڵی ئابووری لەسەر جیهان و ناوچەکە دەبێت، بەتایبەتی لەسەر وڵاتانی کەنداو کە ئابوورییان پشت بە نەوت دەبەستێت. بۆیە تا ئەم جەنگە بەردەوام بێت، کارەسات و مەترسییەکان فراوانتر دەبن، هەروەک دەزانین لە جەنگدا پڕووشک و ئاگر سووتان دروست دەکەن.
ڕەهەندی ئایدۆلۆجی و سیاسی
دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979، پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل لە هاوپەیمانییەوە گۆڕا بۆ دوژمنایەتییەکی سەخت.
ئێران: ئەمەریکا بە "شەیتانی گەورە" و ئیسرائیل بە "قەوارەی زایۆنی" ناو دەبات و بوونی ئیسرائیل بە نایاسایی دەبینێت.
ئیسرائیل و ئەمەریکا: ئێران وەک سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیری و تیرۆر لە ناوچەکەدا دەبینن.
وڵاتی ئێران بە دیراسەکردنی لەو ماوەیەی کە لە جەنگدایە تا ئەمڕۆ، وا دەردەکەوێت خۆئامادەکارییەکی كردوه بۆ جەنگێکی درێژخایەن. تا ئەم جەنگەش بەردەوام بێت، ئابووریی جیهان و ناوچەکە بەرەو خراپتر دەچێت، بە جۆرێک ژێرخانی بنیاتنراوی سەتان ساڵی هەر وڵاتێک بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، چونکە لە کاتێکدا وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان دەوەستێت، پشت بە کۆگاکان دەبەسترێت بۆ پڕکردنەوەی بازاڕ. بەڵام کۆگاکانیش کاتین و ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ پشتیان پێ ببەسترێت. کەواتە باشترین بژاردەیەک بۆ دەربازکردنی ئابووریی جیهان، کۆتاییهێنانە بەم جەنگە.
لێکەوتە سەرەکییە ئابوورییەکان:
کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوت.
داخستنی ڕێگاکانی گواستنەوە.
زیادبوونی داواکاری.
زیادبوونی نرخی گواستنەوە.
گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزاری.
کەمبوونەوەی وەبەرهێنان.
زیادبوونی بێکاری.
دواکەوتنی گواستنەوەی کاڵا.
کەمبوونی کاڵا لە بازاڕ.
بەرزبوونەوەی خەرجیی تەکنەلۆجیا.
پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
باشترین بژاردەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە و دەربازکردنی ئابووریی جیهان، بریتییە لە لێکتێگەیشتنێکی دیپلۆماسیی نهێنی کە دوور بێت لە چاوی میدیا لە نێوان وڵاتانی پێوەندیدار بەم جەنگە، هەروەها ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی بە شێوەی زنجیرەیی، واتە لە سەرەتادا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو جەنگ ڕابگیرێت، دواتر ئەم ماوەیە درێژ بکرێتەوە بە چەندان قۆناغ، تا ئەو کاتەی بەتەواوی لە چاوی خەڵک کاڵ دەبێتەوە.
ئاسۆ کوردۆ ئەحمەد
مامۆستای زانکۆ
ڕاوێژکاری بەڕێوەبردنی نێودەوڵەتی و ئابووری