ڕۆژی ٢٠٢٦/٤/٦، لێدوانەکانی کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی "ڕەوایی هێرشەکان" بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، تەنیا تێپەڕاندنی سنوورە سیاسییەکان نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ئاشکرای ئەرکی دیپلۆماتکار بوو بۆ "وتەبێژی سەربازی".
کاتێک دیپلۆماتکارێک لە ناو جەرگەی خاکی وڵاتێکی تردا، شەرعیەت بە بۆردمانی ئەو خاکە دەدات و بە ئاشکرا دەڵێت "بەردەوام دەبین"، ئێمە لە بەردەم پرسیارێکی قووڵی عورفی دیپلۆماسیداین کە پێویستی بە هەڵوەستەیەکی ڕژد و فەرمی هەیە.
بەپێی ڕێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پێوەندییە کونسوڵییەکان (١٩٦٣)، ئەرکی سەرەکیی هەر کونسوڵێک بریتییە لە پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانی، کولتووری و دۆستانەکان، نەک گۆڕینی کونسوڵگە بۆ سەکۆی پاساودانی هێرشی سەربازی. شەرعیەتدان بە بەکارهێنانی هێز لەلایەن نوێنەرێکی دیپلۆماسییەوە لەناو خاکی ئەو وڵاتەی میوانداریی کردووە، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی سەروەرییە.
دیپلۆماسی بۆ ئەوە داهێنراوە زمانی "گفتوگۆ" جێی زمانی "بارووت" بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان، هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی دیپلۆماسیی بکرێتە چەترێک بۆ هەڕەشەی تەناهی.
بۆ ئەوەی لە نادروستی و قورسیی ئەم لێدوانانە تێبگەین، پێویستە ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی لۆجیکی دیپلۆماسیی تاران بکەینەوە: ئایا کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگە دەدات نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە ناو جەرگەی پایتەختی ئێراندا، پەسنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات بکات یان شەرعیەت بە جووڵە چەکدارییەکانیان بدات بە پاساوی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم"؟
بێگومان وەڵامەکە لای تاران کورت و ڕوونە: "ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆ و پێشێلکردنی ئاسایشی نەتەوەییە". کەواتە چۆن دەکرێت ئەوەی بۆ تاران "هێڵی سوور" بێت، لە سلێمانی ببێتە "عورفێکی ئاسایی"؟ چۆن دەکرێت کونسوڵێک لە لایەک هەڕەشەی بەردەوامیی بۆردمان بکات و لە لایەکی تریشەوە باس لە "پەرەپێدانی دەروازە بازرگانییەکان" بکات؟
سەروەریی خاک چەمکێکی دابەشنەکراوە و ناکرێت لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکاندا فەرامۆش بکرێت. لێرەدا ئەرکی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمە وەک "چاودێر" نەمێنێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان و بانگهێشتکردنی فەرمیی کونسوڵ، پەیامێکی ڕوون بدات کە ڕێگە نادرێت کونسوڵگەکان بکرێنە "ژووری ئۆپەراسیۆنی میدیایی سەربازی".
ئەگەر زمانی دیپلۆماسی لەناو جەرگەی شارەکانماندا ببێتە زمانی هەڕەشە، ئەوا مانا و فەلسەفەی هەبوونی نێردە دیپلۆماسییەکان دەچێتە ژێر پرسیارەوە.
بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم جۆرە لێدوانانە، مەترسیی ئەوەی هەیە لە داهاتوودا ئەم "ناعورفییە" ببێتە "نەریتێکی نوێ" لە ناوچەکەدا، نەریتێک کە تێیدا هێزی بارووت لە سەرووی هێزی یاسا و ڕێزگرتنی بەرانبەرەوە بێت. پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و سەروەریی خاک، هیچ کات لە پاراستنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان گرنگتر نییە، چونکە بازرگانی لە وڵاتێکی بێ سەروەریدا، تەنیا کڕینی کاتە بۆ قەیرانی گەورەتر و قووڵتر.