لە كاتێكدا بە درێژایی مێژووی خەبات و تێكۆشانی ئێمە وەك نەتەوەیەكی ژێردەست لەپێناو ئازادی و سەربەستیدا، بەردەوام پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەدا، گیان دەبەخشێت و قوربانی دەدات، بۆ ئەوەی ئێمە بە ئازادی و سەرفرازی و سەربڵندییەوە بژین، كەچی لەگەڵ ئەم هەموو قوربانییەدا، كەسانێك و دەزگاگەلێكی ڕاگەیاندن، ئەم خوێنە سوورە نابینن كە لەپێناو پاراستنی بوون و مانەوەی ئەواندا دراوە، بە داخەوە دێن دەستەواژەی كوژراو بۆ پێشمەرگە بەكار دێنن.
هەموومان دەزانین لە زمانی كوردی كە زمانێكی دەوڵەمەند و ڕەسەنی ئێمەیە و لە زمانی عەرەبیش دەوڵەمەندترە، هەر وشە و دەربڕینێك، لە چوارچێوەی ئەو دەربڕینە زمانەوانییەدا مانا دەگەیەنێت كە لە میانەی نووسین و دەربڕیندا دەخرێتە ڕوو، بۆیە كوژراو، جیایە لە شەهید و وشەی شەهید ئاماژەیەكی سیمبولی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیی هەیە و نابێ بەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە سەنگەری بەرگریدا بەهۆی شەڕەوە یا بۆمباران و هەر پەلامارێكەوە شەهید دەبن، بگوترێت كوژراو، چونكە خۆ ئەوان لەسەر كاری نەشیاو و تاوان و دوژمنداریی نەكوژراون، بەڵكولەپێناو پیرۆزیی نیشتمان و پاراستنی هەمووان، خوێنی خۆیان بەخشیوە و شەونخونی دەكەن بۆ ئارامی ئێمە، كەچی بە داخەوە گەلێك لە دەزگا و ماڵپەڕ كە لە سایەی ئەو خوێنەی بەردەوام پێشمەرگە دەیدات، بە ئازادی كار دەكەن و چیان بوێت دەینووسن و ڕووماڵی دەكەن و ڕەخنە دەگرن، دێن بە پێشمەرگە دەڵێن كوژراو.
ئەوەتا ماڵپەڕی (سپی میدیا) لە هەواڵێكدا كە پشتی بە ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی (cpt) بەستووە، ڕۆژی 29ی ئادار/مارس، نووسیویەتی: لە یەك مانگی هێرش بۆ سەر هەرێم، 14 كوژراو و بریندار هەبوون. گریمان ڕێكخراوەكە دەستەواژەی كوژراوی بەكار هێناوە، بەڵام ئایا دەكرێت ماڵپەڕەكە بە هەمانشێوە ڕووماڵی بكات؟ ئەگەر وەك ئەمانەتێكی ڕۆژنامەنووسی نەتوانێت دەستكاری ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە بكات، بەڵام خۆ دەیتوانی بە كۆمێنتێك ئەو دەربڕینە ڕاست بكاتەوە، دەیتوانی لە بری كوژراو كە وشەیەكی زەق و نەگونجاو و ناشایستەیە، بنووسێت (گیانیان لەدەست داوە). ئایا ئەم هاووڵاتی و پێشمەرگانە، چوونەتە سەر ماڵی كەس؟ شەڕیان بە كەس فرۆشتووە؟ هیچ تاوانێكیان كردووە؟ كەواتە بۆ دەبێ بە كوژراو ناویان بێت؟ لە كاتێكدا بە دەستدرێژیی ئێران و گرووپە تیرۆرستییەكانی حەشدەوە شەهید كراون.
لە ئاین و یاسایشدا، هەر كەسێك لە سەر ماڵ و نیشتمانی خۆی بە ناهەق بكوژرێت، بە شەهید دادەنرێت، چونكە خوێنەكەی بێ پاساو ڕژاوە. لە كاتێكدا كەسێك بەهۆی دوژمندارییەوە دەكوژرێت، یان تاوانبارە و ڕووبەڕووی پۆلیس دەبێتەوە، تاوانێكی كردووە، زۆرجار بە شەهید دادەنرێت، بێگومان جگە لەو پێشمەرگە قارەمانانەی لەپێناو خاك و نبشتماندا ژیانیان دەبەخشن، تا ئێمە و نیشتمانەكەمان و میدیا و ڕۆژنامەنووسە بە ناو ئۆپۆزسیۆنەكانیش بە سەربەرزی و ئاسوودەیی و بێ ترس بژین و بمێننەوە لەسەر خاكی خۆیان، كەسی تر شەهید نییە.
شەهیدە ڕاستەقینەكان ئەوانەن كە سنگیان دەگەنە قەڵغان بۆ بەرگریی لە خاك و نیشتمان و ئازادی و سەربەستی.
لینكی هەواڵەكە.
https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=152372&Jor=1