ئێزیدییەكان كۆمەڵێك جەژن و بۆنەیان هەیە كە لەناو كۆمەڵگە و پەرستگەی لالشدا، ڕێوڕەسمەكانیان بەڕێوە دەچێت. جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەكان یەكێكە لەو جەژنانەی كە لە پەرستگەی لالش و لە ناو كۆمەڵگەدا/ ڕێوڕەسمی بۆ دەگێڕێت و كۆنترین جەژنی ئێزیدییەكانە. لە فەلسەفەی ئاینی ئێزیدییاندا، لەم ڕۆژەدا كنیات (دنیا) دروست بووە.
جەژنی سەری ساڵ دەكەوێتە یەكەم چوارشەمی مانگی نیسان، بەگوێرەی ساڵنامەی ڕۆژهەڵاتی. لەم جەژنەدا چەندان ڕێوڕەسم هەن كە لە پەرستگەی لالش و لە ناو كۆمەڵگەدا بەڕێوە دەچن.
بەری جەژنێ بە چەند ڕۆژێك، هەر ماڵێكی ئێزیدی هێلكە كۆ دەكەنەوە. ئێوارەی جەژن كابانی ماڵ سەوك (جۆرە نانێكی تایبەتە) دروست دەكات، هێلكە ڕەنگاوڕەنگ دەكەن و لەگەڵ چەند جۆرە شیرینییەك پێكەوە دادەنێن و دەیانبەخشنەوە. گەنجەكان ڕوو لە دەشت دەكەن و گوڵاڵەسوورە و هەندێك گیای "كاری" دەهێنن، بەڵام لەبەر تیژیی گیایەكە لەو ڕۆژەدا پێی دەڵێن "بێناڤ". ئێوارەی جەژن لە پەرستگەی لالش بە ئامادەبوونی "بابە شێخ" ٣٦٥ چرا هەڵدەكەن.
ڕۆژی جەژن كابانی ماڵ، هندێك گوڵاڵەسوورە و بێناڤ لەگەڵ تێكەڵەی توێكڵە هێلكە ڕەنگاوڕەنگەكان، بە هەویر بە دیوار و دەرگای ماڵەكەوە دەنووسێنن. بەدوایدا جەژنی یەكتر پیرۆز دەكەن، پیاوانی گوند لە بەردەم مەزارگەی گوندەكە كۆ دەبنەوە و قەول و بەیت دەڵێنەوە. ئەو كەسانەی دڵیان لە یەكتر ڕەنجاوە یان كێشەیەكیان هەبێت، لەبەر پیرۆزیی جەژنەكە لە یەكتر خۆش دەبن.
منداڵان یاریی هێلكە دەكەن، ڕۆژی دوای جەژن بێرییەكان دەچنە پێشوازیی شوان و خەڵات لەگەڵ خۆیاندا دەبەن. گۆپاڵی شوانەكە وەردەگرن و دەیشكێنن، هەریەكەی پارچەیەكی لەگەڵ خۆی دەباتەوە بۆ ماڵ بۆ مەشك، لەپێناو خێر و بەرەكەتدا.
لەو جەژنەدا نابێت ئێزیدییەكان بووك بگوازنەوە، لەبەر جوانی و پیرۆزیی مانگی نیسان، ئێزیدییەكان دەڵێن نیسان خۆی بووكە.
شێوەی هێلكە وەك شێوەی زەوییە، واتای كوڵاندنی هێلكە واتە دروستكردنی (كنیات) دنیا بوو، كاتێك هێلكەكان ڕەنگاوڕەنگ دەكەن، واتە دنیا دروست بوو و ڕەنگاوڕەنگ بوو. هەڵكردنی چراش واتە ڕووناكی گەیشتە سەر زەوی.
ئاینی ئێزیدی لە درێژایی مێژوودا تووشی چەندان فەرمان و كارەسات بووە، ئەو فەرمانانە نەیانتوانیوە وا لە ئێزیدییەكان بكەن، دەست لە دابونەریت و ڕێوڕەسمەكانی خۆیان هەڵبگرن، بەڵكو زیاتر ئاین و ڕێوڕەسمە ئاینییەكانی خۆیان پاراستووە.