تاوانی زیانگەیاندن بە سەرچاوەكانی ئاو لە یاسادا

PM:02:24:22/04/2026 ‌
تاوانی زیانگەیاندن بە سەرچاوەكانی ئاو، مەبەست لەو چالاكییە مادی و دەرەكییانەیە كە پێكهێنەری تاوانەكەن، بەو پێیەی هیچ تاوانێك بەبێ ئەم چالاكییانە دروست نابێت. تاوانی پیسكردنی سەرچاوە ئاوییەكان، تاوانێكی ژینگەییە لە رێگەی رەفتاری ئەرێنیەوە دروست دەبێت، وەك هێنانەناوەوەی مادەی پیس بۆ ناو ژینگەی ئاویی، هەروەها دەكرێت لە رێگەی رەفتاری نەرێنیشەوە توان ڕوو بدات كە ئەمیان بریتیە لە خۆبەدوورگرتن لە جێبەجێكردنی یاساكانی ژینگە كە بەهۆیەوە زیان بە یەكێك لە توخمەكانی ژینگەی ئاو دەگات.

یاسادانەری عێراقی لە یاسای سزاكانی عێراق، مادەی (351|1) باسی ئەم تاوانەی كردووە، بە دیاریكردنی چوارچێوەیەك لە شێوەی (بیر، تانكی ئاو، كۆگای گشتی، یان هەر شتێكی تر كە بۆ مەبەستی بەكارهێنانی خەڵكی ئامادە كرابێت، ئەگەر كاری كەسەكە ببێتە هۆی مردنی كەسێك، ئەوا سزاكەی دەبێتە لەسێدارەدان.
لە هەمان مادەدا بڕگەی دووەم دەڵێ، هەر كەسێك بە هەڵە ببێتە هۆی یەكێك لەو تاوانانەی لە برگەی یەكەمدا هاتووە، سزاكەی دەبێتە گرتن و پێبژاردن، یان بە یەكێك لەم دووە سزا دەدرێت، ئەگەر هاتوو ئەنجامی ئەو هەڵەیە بووە هۆی مردنی كەسێك، ئەوا سزاكەی دەبێتە گرتن بۆ ماوەیەك كە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.

هەروەها لە دەقی مادەی (14) لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە، ژمارە 27 ساڵی 2009دا هاتووە، (فڕێدانی هەر پاشماوەیەكی ماڵی یا پیشەسازیی یاخۆ خزمەتگوزاری یان كشتوكاڵی، بۆ ناو سەرچاوەكانی ئاوی سەرزەوی یان ژێرزەوی یان ناوچە دەریاییەكانی عێراق، قەدەغەیە). بۆیە لە مادەی 14 بڕگەی سێیەمدا هاتووە، (فڕێدانی پاشماوەی رەق و پاشماوەی ئاژەڵان و هەر پاشماوەیەكی تر، بۆ ناو ئاو قەدەغەیە). تەنانەت لە بڕگەی چوارەمی هەمان مادەدا ئاماژە بە (بەكارهێنانی مادەی ژەهراوی و تەقەمەنی لە راوكردنی ماسی و ئاژەڵە ئاوییەكاندا، قەدەغەیە)، كراوە.

سزای تاوانەكە: 
-سزا تاوانكاریەكان:
بەپێی یاسای سزاكانی عێراق، تاوانی پیسكردنی ژینگەی ئاویی، سزای لەسێدارەدان و لێسەندنەوەی ئازادی و سزا داراییەكان، دەگرێتەوە. سزای گرتنی كاتی و هەمیشەیی تێدایە، ئەگەر هاتوو كەسەكە بە ئەنقەست هەڵسا بە پیسكردنی ژینگە.

-سزا شارستانیەكان:
سزا شارستانییەكان قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەیە كە لە ئەنجامی پیسبوونی ئاوەوە دروست دەبن و هەر كەسێك زیانی پێ بگات دەتوانێت داوای قەرەبوو لە تاوانبار بكات. رێژەی قەرەبووی زیانەكە بەپێی سروشتی سەرپێچیەكە دیاری دەكرێت و دەتوانرێت لە شێوەی لادان یان سڕینەوەی كاریگەریی تاوانەكە ە گەڕانەوەی بۆ بارودۆخی پێش رووداوەكە.
یاسادانەری عێراقی لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، قەرەبووی زیانەكانی دیاری كردووە بۆ هەر كەسێك لە رێگەی كردەوەی خۆی بە كەمتەرخەمی یان بێ مەبەست، خۆی یان ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتیدان، زیان بە ژینگە بگەیەنن، پێویستە لە ماوەیەكی گونجاودا قەرەبووی زیانەكان یكەنەوە و دۆخەكە بگەرێننەوە بۆ پێش روودانی تاوانەكە و هەروەها پێوەرەكانی خەمڵاندنی قەرەبووەكە لەبەرچاو دەگیرێن، وەك پلەی مەترسیداری ئەو مادەیەی بەكاری هێناوە و كاریگەریی ئەو پیسبوونە لەسەر ژینگە لە ئێستە و داهاتوودا. 

هەروەك لە مادەی (32|یەكەم)دا هاتووە (هەر كەسێك بەهۆی كەمتەرخەمی كەسیی خۆی یان ئەوانەی  لەژێر دەسەڵاتیدان، بە كەمتەرخەمی یان بێ كەمتەرخەمی، زیان بە ژینگە بگەیەنن، ئەوا پێویستە لە ماوەیەكی گونجاودا قەرەبووی زیانەكە بكاتەوە و دۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش روودانی تاوانەكە). قەرەبوویش دەكەوێتە ژێر پرەنسیپە گشتییەكانی یاسای باری شارستانی عێراقدا.

-سزا كارگێریەكان:
لە هەندێك حاڵەتدا سزا تاوانكاریی و سزا شارستانییەكان بە گەڕاندنەوەی بارودۆخەكە بۆ پێش روودانی تاوان بەس نییە، بۆیە ئیدارە پەنا دەباتە بەر جێبەجێكردنی ئەركی رێكخستن و چاودێریی چالاكییە تاكەكەسییەكان، بە سەپاندن و سنوورداركردن و كۆنتڕۆڵكردنی ئازادی تاك، بە ئامانجی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەكان و تەندروستی و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی بەردەوام و بڵاوبوونەوەی هۆشیاریی ژینگەیی، هاوتەریب لەگەڵ گرینگی و هاوكاریی نێودەوڵەتی لە جێبەجێكردنی بنەما ژینگەییە ستانداردە جیهانییەكان بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ئاو.

سزای كارگێڕیی لە شێوەی پێبژاردن یان داخستنی دامەزراوە یاخۆ ەستاندنی كار و وەرگرتنەوەی مۆڵەت. یاسادانەری عێراقی لە یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە مادەی (33| دووەم)، دەسەڵاتی داوە بە وەزیری ژینگە یا هەر كەسێك كە دەسەڵاتی لە بەڕێوەبەری گشتیی كەمتر نەبێت، دەتوانن سزای دارایی بسەپێنن بە مەرجێك لە ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێـت.