نامەیەک لە پادشای بەریتانیاوە بۆ بافڵ تاڵەبانی

PM:05:39:01/05/2026 ‌
چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، شا چاڕلزی سێیەم، پادشای بەریتانیا، لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا، گوتارێکی ناوازە و پڕ لە وانەی بۆ بەریتانی و ئەمەریکاییەکان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، پێشکەش کرد. بۆ من وەک کوردێک کە چانسی ئەوەم هەبووە و هەیە لەژێر سێبەری قەوارەی دەستووری و سیاسیی کوردستان (هەرێمی کوردستان) بژیم، گوتارەکە جگە لە ناوەڕۆکە تژییەکەی و هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە پڕ لە واتا سەنگینەکانی، بە ڕووێکی خۆش و گیانێکی قۆشمەچیانەی بە ویقار و سەنگین، پێشکەشی کرد.

کاتێک گوێم لەو گوتانەی دەبوو، باسی چۆنیەتیی وەلانانی ناکۆکی و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتری دەکرد، یەکسەر بیرم چووە سەر کاک بافل تاڵەبانی، نازانم بۆ! ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێ، وڵاتینامەی بەریتانی هەیە و جارێک لە دیدارێکیدا باسی لە شانازیی بە بەریتانیبوون و شاژنی بەریتانیاوە دەکرد. لەوانەیشە لەبەرئەوە بووبێت، کاک بافڵ لە سیاسەتدا زیاتر سەربە تڕەمپیزمە کە دۆستایەتیی دوژمنی باشترین دۆستەکانی دەکات، لەپێناو هەندێک دەسکەوتی کەسی و بنەماڵەیی، وەک ئەوەی تڕەمپ لەگەڵ ڕووسیا و لە بەرانبەر ئەورووپاییەکاندا دەیکات، نزیکە لەوەی کاک بافڵ لەگەڵ بەغدا لە دژی کوردستان دەیکات. ئەمەیش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسی و لەدەستدانی متمانە بە یەکتر. تەنانەت ئاڵۆزی و شەڕ و هێرشەکانی سەر کوردستان و خوێنی شەهیدانیش نەبوونە هۆی بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ هێلی کوردایەتی. 

بە پێچەوانەوە، تاڵەبانی لە بەغدا سەنگەری ناکۆکییەکان قایمتر دەکات و لە کوردستانیش لە ڕێگای گوتاری میدیای زڕ و زۆڵ، برینەکان دەکولێنێتەوە و بە خوێی ڕکوکینە بە سوێتر دەیانبرژێنێتەوە.
ئەو گوتارەی شا چاڕلز، بۆ هەمووان بەڵام زیاتر بۆ سیاسییەکانی وەک کاک بافڵ، پڕە لە وانە و پەندی ئەخلاقی و سیاسی مەزن، بۆیە داوای لێدەکەم گوێی لێ بگرێ. ئەزیش بۆ زیاتر هاندانی، هەوڵ دەدەم سێ پەندی گرنگی ئەو گوتارەی لۆ هەڵێنجم و پێشکەشی بکەم.
پەندێکی گرنگ:”جیاوازیی واتای دابڕان و دوورکەوتنەوە نییە”.

شا چاڕلز ئەوەی گوت کە پێوەندییەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا، بەردەوام باش و بێ کێشە نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بە ناکۆکی گەورە و مێژوویی دەستی پێ کردووە، بەڵام دواتر بووە بەهێزترین پێوەندی لە جیهاندا. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکاییەکان خۆیان، سێزدە کۆلۆنیالیان یەکخست، لە ڕێی دروستکردنی هاوسەنگی، لە نێوان هێزە جیاوازەکان و گۆڕینی ئەو جیاوازییانە بۆ سەرچاوەی هێز. ئەوەش بەو واتایە دێت:”جیاوازی کۆتایی پێوەندییەکان نییە، بەڵکو دەکرێ سەرەتایەک بێت بۆ بنیاتنانەوەیەکی پێگەیشتوو و لەبارتر، ئەگەر ویستێکی هاوبەش هەبێت”. 

لەو خاڵەدا، دەکرێ بە مێژووی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا بچینەوە، دواتریش بە مێژووی کۆکبوون و پێکەوە کارکردنیان، ئینجا بەراوردێک بکەین، بزانین لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی کام قۆناغیان سوودبەخشتر بووە!
پەندێکی گرنگتر:”ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان لە باتی ململانێی کەسیی”.

لە نێوان وشە و دێڕەکاندا، شا چاڕلز جەختی کردەوە و پتر لە جارێک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پاراستنی سەروەریی یاسا، سەربەخۆیی دادگا، هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان و پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن”بوون. لێرەدا دەتوانین گوتەکانی شا چاڕلز وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، لێک بدەینەوە کە ڕەخنەی لە هەڵوێستی سەرۆک وەزیران و حکوومەتی بەریتانیا هەیە، بە تایبەتی لە شەڕ دژی ئێراندا، بەڵام دەکرێ گوتەکانی پادشا لە چێوەی ئەو واتایە تژی لە پەندیش جێی بکەینەوە کە ئایندە تەنیا بە سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر ئەوەیتردا دروست ناکرێت، بەڵکو دەکرێ لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەکانیشەوە بنیات بنرێت.
بۆیە پێویستە دامەزراوە نیشتمانییەکانی کوردستان، بپارێزرێن و بخرێنە دەرەوەی ململانێکان، نەک بکرێنە کەرەستەی شەڕی کەسی و حزبی و بە لاوازکردن و لەناوبردنیان هەوڵی یەکلاکردنەوەی شەڕ و ناکۆکییە سیاسییەکان بدەین، وەک ئەوەی چەند ساڵێکە لە کوردستان دەگوزەرێ و هێزگەلێک لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەو ڕێگایەدا دەڕۆن و سیاسەت دەکەن، کە ئێستە ئێوە ڕابەرایەتی ئەو ئاراستەیە دەکەن.
پەندێکی لەوانەی تر گرنگتر:”ئایندەی هاوبەش بەهێزتر بێت لە ڕابردووی ناکۆک”.

شا چاڕلز قسەی لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەوە کرد کە گەورەترن لەوەی وڵات و گەلێک بەتەنیا بتوانن شانی بدەنە بەر. مەبەستی لەو ئاڵنگارییانە بوو، کە لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و تەکنەلۆجی، کەشوهەوا و جەنگ و ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەهۆی شەڕی ئۆکڕاینا و ئێران بەرۆکی مرۆڤایەتییان گرتووە. شا مەبەستی بوو سەرۆک تڕەمپ تێبگەیەنێت کە سبەینێ لە دوێنێ گرنگترە، بۆیە خۆدەربازکردن لە گلەیی و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەویتر، ڕێگەی ژیرەکانە. 

پەیامی شا ڕوون و ئاشکرایە کە :”مرۆڤی زیرەک ناپرسێ، لە ڕابردوو کێ هەق بووە و کێش ناهەق، بەڵکو دەپرسێ، چۆن وێکڕا لە ئایندە ماف و دەسکەوتی زیاترمان هەبێت؟”.
بۆیە وازهێنان لە گیانی تۆڵەکردنەوە، لە عینادی سیاسی و کردنەوەی ئەو گرێکوێرە دەروونییەی وەک میراتێکی سیاسی بۆت بەجێ ماوە، ڕێگە ڕاستەکەیە بۆ بەهێزکردن و خزمەتی کوردستان، ئەگەر ئەوە ئامانج و مەبەستە.

سەرتووی پەندەکان:”مەزنی لە نەهێشتنی جیاوازییەکاندا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی گۆڕینیانە بۆ هێزێکی هاوبەش”.

سوودوەرگرتن لەو پەندانەی کەسایەتییەکی زانا و دانای وەک شا چاڕلز کە شای تۆیە و سوێندت خواردووە دڵسۆزی بیت. بە هەموو پێوەرەکان لە بەرژەوەندی ئێستەی هەوڵەکانە، لەپێناو دەربازبوون لەو چەقبەستنە سیاسییەی بووەتە کاریگەرترین چەک کە ئێوە داوتانەتە دەستی دوژمنانمان و پێیان دەڵێی:”فەرموون قڕمان بکەن و بۆ سەت ساڵی دیکەیش فڕێمان بدەنەوە دەرەوەی مێژوو”.