ده‌ره‌نجامه فیكرییه‌كانی پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند) له‌ناو ئێسته‌ی بوونی كوردیدا چییه؟ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر بوون خه‌ونی گۆڕینی زمان و دنیابینی و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات، وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌ی فیكریی سه‌یریان ده‌كرد، رۆژانه ده‌بینین كه‌سانێك وه‌ك ستایش یاخۆ سه‌رزه‌نشتكردن، ئاماژه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وان تێبگه‌ین و روانینی خۆمان له‌و باره‌یه‌وه بزانین، پێویستمان به بێده‌نگی نییه، بێده‌نگی جگه له كۆتایی هیچیتر ناخوڵقێنێت، بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) بكه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ترس له‌ناو خوێندنه‌وه و نەبوونی ده‌یالۆگ، ناچارمان ده‌كات روانینه‌كان هێنده چڕ بن، تا خوێنه‌ر به بیانووی درێژی نووسینه‌كان خۆی لێ دوور نه‌كاته‌وه.
ده‌سه‌ڵات له وێنه‌یه‌كی فۆكۆییه‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی
ئیشكردن له‌سه‌ر چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی و قاڵبوونه‌وه له‌ناو دنیابینی فهیلهسووفێكدا، كارێكی نامۆ به پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی ئێمه نییە، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت به چه‌مكه فه‌لسه‌فییه‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سووفه دنیای كوردیی بخوێنیته‌وه. مه‌ریوان وریا له پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند)دا په‌راوێزێك بۆ نووسینی فیكر ده‌كاته‌وه، له دنیابینی فه‌یله‌سووفی فڕەنسایی میشێل فۆكۆوە چه‌مكه‌كانی وه‌ك (ده‌سه‌ڵات، مه‌عریفه، هێز و دامه‌زراوه‌كان)، دنیای كوردیی پێ ده‌خوێنێته‌وه، به تایبه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی بۆ شه‌ڕی حزبه كوردییه‌كان و تراژیدیای ئه‌نفال، دواتر ته‌واوی ئه‌و وتارانه له كتێبێكدا به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و جیاوازی) كۆ ده‌كاته‌وه.
گرنگی ئه‌و هه‌وڵه له‌وه‌دایه له دنیابینی فه‌لسه‌فییه‌وه كوردبوون ده‌خوێنێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك توانای رزگاركردنی رووداوه‌كانی هه‌یه له تۆماری مێژوویی‌دا، ئه‌وه‌یش خوێندنه‌وه‌ی حزب وه‌ك ده‌سه‌ڵات و فه‌لسه‌فه وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی مه‌عریفەی ڕۆشنبیر، ده‌مانخاته به‌رده‌م دوو چه‌مكی گرنگی كاركردنی فۆكۆییانه، ئه‌گه‌رچی له زۆر شوێندا تارمایی دۆلۆز ده‌بینینه‌وه، واته فۆكۆیهكی دۆلۆزی ده‌بینین، وه‌ك چۆن مانا زاراوهییهكانی چه‌مك به تایبه‌ت (ده‌سه‌ڵاتی سزا، بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزما) كه فۆكۆ له كتێبی (چاودێری و سزا) لەسەری دەوەستێت، مه‌ریوان چه‌مكه فۆكۆییهكان ده‌گوازێته‌وه ناو ڕووداوی ئه‌نفال، هه‌ڵبه‌ت لێرەدا پێویستە قسە لەوە بکەین، ئاخۆ ئەنفال لە ڕوانگەی فۆکۆوە دەخوێنرێتەوە؟ چونکە گرفتە سەرەکییەکە لەوێوە دەست پێ دەکات، كاتێك له مانا زاراوه‌ییه‌كه‌ی چه‌مكه فۆكۆییه‌كه‌وه نه‌یه‌ین ئه‌نفال بخوێنینه‌وه، به‌ڵكو له مانای زاراوه‌ییه‌وه بڕۆینه ناو مانا فهرههنگییهكهیشی.
لێره‌وه ئه‌نفال له رووداوێكهوە ده‌بێته هه‌مان ده‌ره‌نجامه فه‌لسه‌فییه‌كانی فۆكۆ، مه‌ریوان ئه‌نفال له‌وه ده‌رده‌كات پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی سزای خێڵه‌كی و ڕووداوه‌كه‌وه هه‌بێت، به‌ڵكو وه‌ك تاوانێكی مۆدێرنه سه‌یری ده‌كات، تا ئاستی ئه‌وه‌ی "نازیزم و به‌عسیزم" له‌لایه‌ك و "سه‌دام و هیتله‌ر" له‌لایه‌كی تر، وه‌ك یه‌ك به له‌دایكبووی مناڵدانی مۆدێرنه ناو ده‌بات، سەرباری ئەوەی دەیەوێت ده‌ره‌نجامه فۆكۆییه‌كه بۆ هۆلۆكۆست بسه‌پێنێته سه‌ر ئه‌نفالدا، له رێی چه‌مكی بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزماوه، سه‌دام و به‌عس له ئه‌نفال ده‌خوێنێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بارگاوی ده‌كرێت به تێگه‌یشتنی فۆكۆیی نه‌ك به تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فییانه بۆ ئه‌نفال.
بەڵام خۆ فۆکۆ باسی لە هۆڵۆکۆست نەکردبوو، مەریوان ئەوەی لە کوێ هێنا؟ چۆن بە چەمکە فۆکۆییەکان هات ئەنفال وەک هۆلۆکۆست ببینێت؟ بۆ ئەوە بەبێ ئەوەی پێمان بڵێی ڕوانینێکی خوازراوە، هاتووە وەک دەرەنجامی خوێندنەوەی تایبەتی بۆ ئەنفال نیشانمان دەدات، لە کاتێکدا ئەوە ڕوانینی فەیلەسوفی ئیتاڵی "ژۆرژیۆ ئەگامبێن" بوو، کاتێک لە کتێبی "Homo Sacer" لە ڕوانگەی چەمکە فۆکۆییەکانەوە دێت باس لە نازیزم دەکات.
ئەگامبێن باس لە کەمپی "ئاوشویتس" دەکات، لە ڕوانگەی چەمکە فۆکۆییەکانەوە قسە لە نازیزم دەکات، هەروەها لە فۆرمی دەوڵەتی ئەقڵمۆدێرندا. مەریوان دێت هەموو ئەو ڕوانینە فەلسەفیانە بۆ هۆلۆکۆست و نازیزم دەسەپێنێتە سەر بەعس و ئەنفالدا، تا وەک یەک ڕووداوی هاوشێوە بیانبینێت و بە درێژایی وتارەکەی وەک یەک سەیریان بکات.
كاتێك له ته‌واوی چه‌مكه فۆكۆییهكانهوه دنیابینی فه‌لسه‌فی به دنیای كوردیی ده‌به‌خشێت، دێته سه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ركۆن، به بڕوای ئێمه ئه‌وه سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌رداربوونی مه‌ریوانه له نووسین وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی فیكریی و ده‌یه‌وێت له چه‌ندان ده‌لاقه‌ی جیاوازه‌وه ئیتر قسه بكات، ئه‌و قسه‌كردنه كۆتاهاتنه له پڕۆژه فه‌لسه‌فییه فۆکۆییەكهی، بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به تایبه‌ت كاتێك ئه‌و ناچێته قووڵایی دنیای ئه‌ركۆن، هێندەی ده‌یه‌وێت دیدی ئه‌ومان پێ بناسێنێت.
ئه‌و ترازانه رووكردنه بە لای چه‌ندان ژانری وه‌ك شیعر، دیدار، ستوونی رۆژنامه‌وانی و وتاردا، تا له كۆتاییدا پۆرترێتی وێنه‌یه‌ك دروست ده‌كات، وێنه‌ی دژه ده‌سه‌ڵات، وێنه‌یه‌كی ئه‌نتی فۆكۆییه و وێنه‌یه‌كی ژۆرناڵیه بۆ ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات كه ناتوانێت له‌سه‌ر چه‌مكه‌كان ئیش بكاته‌وه، هێنده‌ی به‌ره‌و ڕوانینه ڕواڵه‌تییه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌یش ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات له وێنه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كه فیكر و (ره‌هه‌ند)ـەكانی له ده‌ست ده‌دات و له‌سه‌ر وێنه ڕووكه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گیرسێته‌وه.
له كۆمه‌ڵناسییه‌وه بۆ ڕه‌خنه‌ی سیاسی
كاتێك تیۆر ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، ئه‌و ساته له به‌رده‌م دیدێكی زانستیداین بۆ ناسینی خۆمان، ئاراس فه‌تاح له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه هه‌وڵیدا له‌سه‌ر ئاستی تیۆری، به‌شێك له جومگه و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بخوێنێته‌وه. ئه‌و دیده بۆ نووسین كه‌متر خوێنه‌ری ئێمه به‌لایدا ده‌چێت، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ دوو ئاست ده‌گه‌ڕێته‌وه،
ئاستی یه‌كه‌م، كێشه‌ی نێوان نووسین و تیۆره كه چۆن له دیدی زانستییه‌وه ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌كه‌ین.
ئاستی دووه،م تیۆر ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، ئه‌وه‌یش وا ده‌كات میتۆدی كاركردن بواری هه‌ڵچوون و دیدی ده‌ره‌وه‌ی نووسین وه‌ك په‌راوێزێك نه‌بێته سه‌نته‌رێك بۆ زمان، بۆیه ئاراس كه‌متر باس ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌ك پڕۆژه، كاری ئه‌و له‌وانیتر ڕوونتره، ئه‌گه‌رچی ده‌بوو به وه‌ستانی گۆڤاری (ره‌هه‌ند) ئه‌و نووسه‌ره ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پڕۆژه تایبه‌ته‌ی خۆی نه‌بێت، به تایبه‌ت كه ئه‌و هه‌وڵیدا قسه‌كردن له ساته‌وه‌ختی هه‌نووكه‌ی كۆمه‌ڵگه وه‌ك بابه‌تێك به تایبه‌ت له پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و كۆمپیوته‌ر بخاته ڕوو.
دیاره بۆ ئێستەیش ده‌یتوانێ كار له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه بكاته‌وه، به تایبه‌ت له‌و ئاسته‌ی كه ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له بوونه‌وه‌رێكی بازنه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌وه بوو به بازنه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌چی كاتێك (ره‌هه‌ند) وه‌ك پڕۆژه ته‌واو ده‌بێت، ئیتر كاری ئه‌ویش ته‌واو ده‌بێت. وه‌ك ئه‌وانیتر له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه ده‌كه‌وێته نووسینی ره‌خنه‌ی سیاسی، ره‌خنه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی تیۆر و له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی خۆی وه‌ك نووسه‌رێك ئیش ده‌كاته‌وه.
ره‌نگه بۆ نووسه‌رێك كه له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كاری نه‌كردبێت، دۆخێكی سروشتی بێت ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام بۆ ئاراس ده‌رده‌كه‌وێت، نووسین پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی نه‌بوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی چه‌مكی پڕۆژه وابه‌سته‌بوو به گۆڤارێكه‌وه، باشترین به‌ڵگه‌یش ستوونه رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌و، له به‌رده‌م نائومێدییهكدا رامان ده‌گرێت كه دیدی وتاره‌كان له سه‌ره‌تادا ده‌یه‌وێت دنیابینی ئه‌و بێت، به‌ڵام دواتر ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت و له‌ناو ره‌خنه‌ی سیاسی‌دا ده‌وه‌ستێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چونكه ستووننووسی رۆژنامه نه‌بووه، پێم وایه خراپترین ستووننووسی رۆژنامه‌ی كوردی بووه، به‌و كاره‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ پڕۆژه‌یه‌ك كرد كه ژێرخان و سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی تێدا بنیات نابوو، به‌ڵام رۆژنامه و ڕه‌خنه‌ی سیاسی، بوونه تابووتێك بۆ پڕۆژه‌كه‌ی ئاراس فه‌تاح.
به‌ختیار عه‌لی پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه
هابرماس له وتاره گرنگه‌كه‌یدا له‌باره‌ی تازه‌گه‌ری خۆرئاوایی، باس له‌وه ده‌كات كه تازه‌گه‌ری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه، ناته‌واوبوون به‌و مانایه‌ی ته‌واو نه‌بووه، تا كۆتایی بێت و دۆخی پاش تازه‌گه‌ری بێنینه پێشه‌وه.
به‌ختیار عه‌لی تاكه ده‌نگێكی ناو پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند كه سیماكانی پڕۆژه‌كه‌ی ڕوون بن، له پێوه‌ندی نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا، سه‌ره‌تاكان له رۆژگاری به‌ر له راپه‌ڕین وتاری رۆژنامه‌وانی ئه‌و نووسه‌ره ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بیركردنه‌وه، به تایبه‌ت له هه‌ردوو وتاری (قسه‌كردن له په‌راوێزی بێده‌نگیدا، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی سۆسیۆلۆژیای ئه‌زموونگه‌ری). ئه‌وه ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بۆ تێگه‌یشتن له بوونی ئێمه وه‌ك بوونه‌وه‌رێك كه چۆن سه‌یری ئه‌ویتری خۆرئاوایی ده‌كه‌ین و له چی ده‌ترسین؟ ده‌بێت له چی بترسین؟
جیاكردنه‌وه‌ی نێوان بونیاده‌كان سه‌ره‌تای قسه‌كردنی به‌ختیار بوو كه پێویست ناكات له كافكا و جویس بترسین، هێنده‌ی پێویسته له ئیرۆسیه‌تی خۆرئاوایی بترسین، دیدی لاكانی بۆ بێده‌نگی و زمان، دنیابینییه‌كی تری ئه‌و تێگه‌یشتنه بوو، هاتنی راپه‌ڕین پانتایی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره به تایبه‌ت له وتارێكی فیكری به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه)، سیما و خه‌سڵه‌تی نووسین و پڕۆژه فیكرییه‌كه‌ی به روونی ده‌رخست. ئیشكردنی له‌سه‌ر فه‌یله‌سووفانی بونیادگه‌رایی و ئه‌وانه‌ی به‌دوای بونیادگه‌ریی ناسراون، پۆرترێتی نووسینی ئه‌و ده‌خوڵقێنن.
ئه‌و راسته‌وخۆ وابه‌سته‌ی تیۆر و میتۆدێك نه‌بووه، هێنده‌ی تیۆر وه‌ك ئاگایییهكی پشت نووسین به‌كار هاتووه، هه‌وڵی داوه ئیشیان له‌سه‌ر بكاته‌وه، ئه‌و لۆژیكه بۆ بیركردنه‌وه له نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا، له پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیدایه، بۆیه به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كان، وه‌ك ده‌بینین له قسه‌كردنی لەبارەی كۆچ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و به تایبه‌ت بۆ سه‌فه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆدیب بۆ ماڵه‌وه، یا له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شانۆنامهكانی شكسپیر و رۆمانه‌كانی كافكا.
ئه‌گه‌ر ژیل دولۆز چه‌مكی گرێی ئۆدیبی فرۆیدی ده‌گۆڕێت به دژه ئۆدیب، ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ به‌ختیار ده‌بێته له‌دایكبوونی بیرۆكه‌ی قسه‌كردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال، چه‌مكی ئاره‌زووی فرۆیدی له مه‌یلی سێكسییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مك له خوێندنه‌وه‌ی بۆ كوشتن و فه‌رامۆشكردن، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌ی پرسیاره‌كه‌ی دولۆز له‌باره‌ی چییه‌تی فه‌لسه‌فه، گوتی: (فه‌لسه‌فه خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مكه). ئه‌و دنیا فیكرییه‌ی به‌ختیار له‌ناو ئهدهبهكهیشیدا ته‌واو ره‌نگ ده‌داته‌وه، چ له تێكسته شیعرییه‌كانی یاخۆ له‌ناو رۆمانه‌كانیدا، بۆیه ئه‌و هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه و به (ره‌هه‌ند)یش هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه.
(ره‌هه‌ند) و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی
ئیشكردن له‌سه‌ر تێكستی ئه‌ده‌بی، به‌شێكی سه‌ره‌كی كاركردنی پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند بوو، به تایبه‌ت له‌باره‌ی شیعری كلاسیكی و دنیای شیعری شێركۆ بێكه‌س و گۆران و ڕۆمانی "حه‌سار"ی شێرزاد حه‌سه‌ن، ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌و بواره‌دا كاریان كرد، رێبین هه‌ردی، به‌رزان فه‌ره‌ج و مه‌ریوان وریا بوون، لێره‌دا ئیشكردنه‌كان زیاتر خوێندنه‌وه‌ی بونیادگه‌رانه بوون، ئه‌وه‌یش وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕۆشنبیریی كوردی، ئه‌گه‌رچی درێژ نه‌بووه‌وه بۆ ئه‌زموونی تر و نه‌یتوانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گوتاره ڕهخنهیییهكه دروست بكات.
به‌رزان فه‌ره‌ج هه‌وڵیدا ده‌رگه‌یه‌ك به‌سه‌ر یاده‌وه‌ریی چیرۆكی شێرزاد حه‌سه‌ندا بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ناو خه‌ونی كوڕی گه‌وره‌ی حه‌سار. رێبین هه‌ردی له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعری شێركۆ و وێنه‌ی باوك، له‌سه‌ر پرسیاری شوناسی تازه‌گه‌ری ده‌وه‌ستێت، له‌و ناوه‌نده‌دا به‌راوردێك له نێوان بێكه‌س و گۆران ده‌خاته ڕوو، بۆ ئه‌و كارەی گه‌ڕابووه‌وه بۆ لای ئه‌ریك فرۆم كه دیدگه فرۆمییهكه ته‌واو زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌یدا.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ نووسینێكی گرنگی مه‌ریوان وریا له‌باره‌ی ئه‌زموونی مه‌نفاوه بكه‌ین، به بڕوای مه‌ریوان سێكوچكهیهكن بریتین له نالی و حاجی قادر و شێركۆ بێكه‌س، خوڵقاندنی ئه‌و سێكوچكه‌یه چه‌نده به‌ره‌و ڕووی دنیابینییه‌كمان ده‌بات كه ئاخۆ ده‌توانین ئه‌وه بكه‌ین به سه‌ره‌تا بۆ ئه‌زموونی مه‌نفا؟ چونكه ئه‌و نووسینه‌ی مه‌ریوان ده‌بێت له نێوان مه‌نفا و زماندا بمانوه‌ستێنێت، به‌ڵام پرسیارێكمان ڕووبه‌ڕوو ده‌كاته‌وه، ئه‌و سێكوچكه‌یه مه‌ریوان ده‌یدۆزێته‌وه؟ یاخۆ شێركۆ بێكه‌س به مه‌ریوانی ده‌به‌خشێت؟ ئه‌وه پرسیار نییه گومانه، چونكه شێركۆ له هه‌ردوو ئه‌زموونی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) و (خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێك)دا، خۆی به‌و سێكوچكه‌یه ده‌بینێت كه له ته‌ك نالی و حاجی مه‌نفا ده‌نووسنه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وە هۆكارێك بێت ئه‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییه بكات به جێی سه‌رنج، به‌ڵام نه‌توانێت كاریگه‌ریی به‌جێ بێڵێت، بۆیه له‌گه‌ڵ وه‌ستانی ڕه‌هه‌ند، ئێمه ئاسۆیه‌كی نوێی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه نه له‌لای ئه‌و نووسه‌رانه و نه لای نووسه‌رانی تر، نابینین.
(ره‌هه‌ند)ـەكانی نووسین و نووسینه‌كانی ڕه‌هه‌ند
كاتێك گۆڤارێك هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی تیۆریی و ڕاڤه‌كاری ده‌بێت، ده‌بێت له به‌رده‌م ئاسۆیه‌كی نوێی نووسیندا بین، نه‌ك ئه‌و دروشمه به ته‌نیا له‌ناو نووسینی مه‌یوان و به‌ختیار و ئاراسدا بۆی بگه‌ڕێین، نهیشتوانین پڕه‌نسیبی نووسین له هه‌ندێك كاردا بدۆزینه‌وه. لێره‌دا ئه‌و ڕوانینه‌مان ده‌سه‌پێت به‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، ئاخۆ وتاری وه‌رگێڕدراو ئاسۆیه‌كی گرنگمان بۆ ده‌كاته‌وه؟ یان وتارێكه له (ره‌هه‌ند)یش بڵاو نه‌بێته‌وه، ده‌كرێت له هه‌ر رۆژنامه و گۆڤارێكی تر بڵاو ببێته‌وه؟ ئاخۆ دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌دا ده‌چینه‌وه، ستافی ئه‌و گۆڤاره كه هه‌ڵگری خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه بوون، ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان نه‌كردووه؟ ئه‌گه‌ر نه‌یانكردووه له پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌دا پێویسته ئێمه لێیانی بكه‌ین.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، گۆڤارێكی له‌و شێوه‌یه كولتوور و تیۆر و ڕاڤه‌كردن دنیابینییه‌كه‌ی بێت، چۆن ده‌كرێت له وه‌رگێڕانی وتاردا بنووسرێت وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره بۆ هه‌ر ڕۆژنامه و گۆڤارێك بواری هه‌بێت بۆیان بچێته سه‌ر، (ره‌هه‌ند) چۆن ئه‌وه‌ی قبووڵ كردووه؟
ئه‌و پرسیارانه هێنده‌ی قسه‌كردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ساته‌وه‌ختی ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر، هێنده ڕه‌خنه نییه كە ئێسته ئاراسته‌ی (ره‌هه‌ند)ی بكه‌ین، به‌ڵام گۆڤارێك به‌و هه‌موو نووسین و ئه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه كه ساڵه‌كانی ژیانمان دا بە خوێندنه‌وه‌ی، ئێسته مافی خۆمانە بزانین چی‌یان پێ به‌خشین و ستراتیژی ئه‌و پڕۆژه‌یه چی بوو؟ ناكرێت به‌سه‌ر ساڵه‌كاندا نه‌چینه‌وه. ئه‌گه‌ر له ئاستی وه‌رگێڕاندا ئه‌و ڕه‌خنه‌یه ئاراسته‌ی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا بكرێت، له ئاستی نووسیندا به‌هه‌مانشێوه ڕووبهڕٍووی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری تر ده‌بێته‌وه كه جگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانیان له (ره‌هه‌ند) له ژماره‌یه‌ك یان دووان، هێنده‌ی به‌شدارییه هێنده ناچنه ناو پڕۆژه‌كه.
كێشه‌ی به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی كورد ئه‌وه‌یه كه گۆڤارێك ده‌رچوو، بابه‌تی ئەوانیشی تێدا بێت، جا رانانی كتێب بێت یان دیمانه، گرنگ پێوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تی هه‌بێت و ئه‌وان بتوانن لێیه‌وه بچنه ژووره‌وه، (ره‌هه‌ند) خاڵی نه‌بووه له‌و كێشه‌یه. وه‌ك چۆن گۆڤاره‌كه بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك فارووق ره‌فیق بووه‌ته ده‌رگه‌یه‌ك تا له پشت ناوی فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه بانگه‌شه‌كانی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئەوەی پێشتر له كتێبی (نووسه‌ر و نووسینه‌وه‌ی زمان) به‌درێژیی له‌سه‌ر نووسینی فارووق قسه‌م كردووه، بۆیه لێره‌دا ته‌نیا تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و دیده پانۆراماییه‌ی فارووق له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا تووشی بوو له نێوان نیتچه و هایدگه‌ر و ئه‌فڵاتوون، كۆتاییهكهیشی به‌و مه‌یله ئاینییه ته‌واو بوو كه به بڕوای ئه‌و، كوردایه‌تی و ماركسیزم پێكه‌وه بۆگه‌نیان كردووه.
ئه‌و روانینه ئینفعالییه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت، گوایه ئیتر بۆ ئه‌و شوێنی گومان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێنی گومانه ئه‌وه‌یه، فاۆووق چۆن كوردایه‌تی وه‌ك گوتارێكی ناسیۆنالیستی و ماركسیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه ده‌كاته یه‌ك گوتار و به‌یه‌كه‌وه ده‌یانكوژێت؟ ئه‌وه ره‌نگه كه‌سێكی تر بیڵێت، فارووق به بیانووی نه‌بوونی ئارگۆمێنتەوە تۆمه‌تباری بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی جگه له بانگهشەكردن بۆ ئارگۆمێنت، شتێكی ترمان له‌و باسه ئینفعالییه بۆ بخاته ڕوو تا خۆی ده‌گه‌یه‌نێت به میراتی ئیسلامی.
په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی
قسه‌كردن له دیارده په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان، دیدێكی گرنگ بوو كه به‌شێكی نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) فه‌رامۆشیان كرد، له پشت فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرایه‌وه، ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و تێگه‌یشتن بوو لێی، ئه‌وه‌یشی فه‌رامۆش ده‌كرا یاده‌وه‌ریی ناو ماڵه‌كانی ئێمه بوون، ترس بوو له‌و فانتازیای تۆقینه‌ی دوای بردنی كه‌سێكی ماڵه‌كانمان بۆ گرتووخانه‌كانی به‌عس، چی لهودیوەوە ڕوو ده‌دات و ئێمه نایبینین؟ چونكه كه‌سه رۆیشتووهكهمان جارێكی تر نایه‌ته‌وه ناو ژیان. ئه‌وه ڕێك ئه‌و دنیایه بوو رێبوار سیوه‌یلی كاری تێدا ده‌كرد، ئه‌و جۆره كاركردنه هێنده‌ی قسه‌كردن بوو له په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان، به باڵاكردنی گوتاری فه‌لسه‌فی نه‌بوو.
له‌و رۆژگاره‌دا په‌راوێزه‌كان راستییه‌كه‌ی په‌راوێزی گوتاری رۆشنبیریمان بوون، پڕۆژه‌كه‌ی سیوه‌یلی كه تا ئێسته‌یش له كتێب و وتار و نووسینی كورتدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، كه‌وتووه‌ته به‌رده‌م زۆرترین ڕه‌خنه‌وه، ڕه‌نگه ئێمه به‌شێكی زۆری ئه‌و ڕه‌خنانه‌مان له سیوه‌یلی گرتبێت، به تایبه‌ت له ئه‌زموونه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا، به‌ڵام ئه‌وه له بێبه‌هاكردنی پڕۆژه‌كه‌ی نه‌بووه، به‌ڵكو له گرنگی نووسینی ئه‌و نووسه‌ره‌دا بووه كه زۆرترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌یی بۆ خوڵقاندووین، به‌ڵام هێمنی پڕۆژه‌كه‌ی وایكردووه ئارامگرتنی ئه‌و، ببێت به جێی سه‌رنجمان.
ئه‌گه‌ر تووڕه‌یی خوێنه‌رانێك له نووسه‌رێك به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه بێت، بۆچی كاتێك نووسه‌رێك هاوهه‌ڵوێست بێت له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كه‌ی تۆ، ئه‌ویان به شۆڕشگێڕ ده‌زانیت و ئه‌ویتر ناپاك؟ ئه‌وه ته‌نیا فاشیزمێكی ره‌مزییه كه له‌ناو دنیای ئێمەدا ده‌رده‌كه‌وێت و به بیانووی ره‌خنه‌گرتن له نووسهرگەلێك به‌ناوی هه‌ڵوێسته‌وه، بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت.
هه‌ڵبه‌ت له كاتێكدا ئه‌و فاشیزمه ره‌مزییه بوونی هه‌بووه، ڕه‌خنه‌ی ئێمه له شوێنێكی تردا بووه، له‌وه‌ی له ڕووی چه‌مكی ده‌قئاوێزانه‌وه هاتووین ئیش له چیرۆكه‌كانی سیوه‌یلی و شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین، یا ئه‌و نزیكی مانایه‌ی كه‌وتووه‌ته نێوان شیعره‌كانی سیوه‌یلی له‌گه‌ڵ ماغووت، ده‌نا ئه‌و له قسه‌كردن له ئه‌زموونی تاراوگه و به‌رپرسیارێتی نووسیندا، دیدێكی ئه‌خلاقی گرنگ به نووسینی كوردی ده‌به‌خشێت، خوێندنه‌وه‌ی ته‌ئویلكاری بۆ دنیای شیعری نالی، رزگاركردنی ره‌خنه‌ی شیعری كلاسیكییه له لێكدانه‌وه‌ی ماناكانی شاعیر بۆ ته‌ئویلكردنی زمان و پێوه‌ندی به پرۆسه‌ی نووسینه‌وه، ئه‌گه‌رچی ویستی ئه‌و ئه‌زموونه له‌گه‌ڵ شیعری حاجی قادری كۆیی ئه‌زموون بكاته‌وه، به‌ڵام به بڕوای ئێمه له‌وێدا ئیشكردنه‌كان سنووری راڤه‌كردنیان جێنه‌هێشتووه و نه‌په‌ڕیونه‌ته‌وه ناو ته‌ئویل.
به‌ڵام كۆی پرۆسه‌ی نووسینی سیوه‌یلی هه‌وڵێكی گرنگی نێوان په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بییه، ئه‌وه‌یش پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه كه له‌ناو ڕه‌هه‌ند نه‌شونمای كرد و خێرا جیا بووه‌وه، ئاراسته ستراتیجییهكهیشی بۆ خۆی پڕۆژه‌ی كارێكی سه‌ربه‌خۆی نووسه‌رێك بوو كه پێویستی به توندترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌یی هەبووه، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌میشه ئه‌و دهرگهیهمان به ڕووی نووسینه‌كانیدا كردووه‌ته‌وه.
شكانی پیرۆزیی باوك و پیرۆزكردنی ڕۆشنبیر
(ره‌هه‌ند) دیارترین پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی دنیای ئێمه بوو، نووسه‌رانی زیاتر له خۆرئاوا دەژیان، زمانی تریان ده‌زانی و سه‌رچاوه‌ی تیۆریی و فه‌لسه‌فییان به زمانی تر ده‌ست ده‌كه‌وت، ئه‌وه وایكرد ئاشنامان بكه‌ن به مه‌عریفه و فیكری نوێ و فه‌یله‌سووفی نوێ بناسین، ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی نووسینی نوێ و فیكری جیاواز و خوڵقاندنی گومان و پرسیاریان كردینه‌وه. ئێمه به تامه‌زرۆیییه‌وه ده‌مانخوێنده‌وه، خۆمان دابه‌ش كرد بەسه‌ر دوو به‌ره‌دا، نه‌وه‌ی ئێمه زیاتر له‌ناو ستایش و سه‌رسامیدا بووین، چونكه هێنده تامه‌زرۆ بووین، ده‌مانویست شتێكی نوێ فێر بین، ئه‌وانیتر كه زیاتر ئه‌دیبانی نه‌وه‌ی پێشوو بوون، ده‌یانویست سه‌رزه‌نشت بكه‌ن و كاره‌كان به لاساییكردنه‌وه و دزیكردن ناو ببه‌ن.
ئێسته كه پڕۆژه‌كه وه‌ك بڵاوبوونه‌وه و چاپ كۆتایی هاتووه، ستایش و سهرزهنشتكردنیش چوونه‌ته دۆخی بێده‌نگییه‌وه، ئێمه گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه بە گرنگ ده‌زانین، بۆیه هه‌وڵمان دا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه به یاده‌وه‌ریی خوێندنه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێك به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا بچینه‌وه، ئێسته‌یش كه ئه‌و وتاره ته‌واو ده‌بێت، پرسیارێكی تر ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، پرسیارێك ده‌رگه بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه: (ره‌هه‌ند) چیی كرد؟
ئه‌و پرسیاره پێوه‌سته به تێگه‌یشتنی هه‌ر یه‌كێكمانه‌وه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه، ده‌شێت له كورترین وه‌ڵامدا ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو، ڕه‌هه‌ند چه‌مكی پیرۆزگه‌رایی باوكی سیاسی تێكده‌شكاند، كاتێك په‌یكه‌ری باوكی سیاسی له زهنی ئێمه‌دا تێك‌شكاند، هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو ماناكانی پیرۆزیی له ژیانی ئێمه‌دا كۆتایی بێت، به‌ڵكو به‌و شكاندنه پیرۆزییه‌كی تری لا خوڵقاندین، ئه‌مجاره په‌یكه‌ری ڕۆشنبیریی "پیرۆز" كرد، ڕۆشنبیرێك نه‌یتوانی بوونه‌وه‌ری ئازاد بێت، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه ده‌یویست ڕوانینه‌كانی بچنه‌وه ناو ئایدیۆلۆژیای گرووپێكی سیاسی، به‌ڵام له شكاندنی په‌یكه‌ری پیرۆزی سیاسییه‌وه، بۆ پیرۆزكردنی په‌یكه‌ری ئه‌وی ڕۆشنبیر.
ئیزۆلا/ ئیتالیا