پێوەندیی نێوان زمان و بیركردنەوە: زمان یەكێكە لە پێكهاتەكانی بیركردنەوەی مرۆڤ، زمان هۆكاری سەرەكیی بیركردنەوەی مرۆڤە كە جیای دەكاتەوە لە تەواوی بوونەوەرەكاندا. لەلایەكی ترەوە بیركردنەوە و زمان بەدوو دیوی یەك دراو دادەنرێت، چونكە پێوەندیی نێوان زمان و بیركردنەوە زۆر نێزیكە، بەڵگە بۆ ئەمەش ئەوەیە كە ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە بیر دەكەینەوە، فەلسەفەی زمان لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوە و بیركردنەوەی مرۆڤ لەسەر بنەمای هێما زمانەوانییەكان دامەزراوە، چونكە چەمكی زمان یەكێكە لە چەمكە گرنگەكان كە لەلایەن فەیلەسووفەكانەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە، هەروەها فەلسەفەی هاوچەرخ و هەندێك لە زانستە مرۆییەكان سەرقاڵ بوون پێیەوە، وەك چۆن فۆرموڵەكردن و پشكنینی زمان، باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەری هەموو كێشە و ئاستەنگەكانی لقەكانی فەلسەفە. لێرەوە ئەو حەزەی فەیلەسووفانی هاوچەرخ بۆ زمان پێشانیان دا و سەرنجیان لەسەر باشتركردنی بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە بوو كە پێی دەگوترێت (گۆڕانكاریی زمانەوانی).
زمان لە نێوان خۆسەپاندن و رەتكردنەوەدا: زمان چۆن خۆی دەسەپێنێت و دەبێتە بابەتێكی حەتمی و یان زمان چۆن ڕەت دەكرێتەوە، ڕاستییەكەی زمان خۆی دەسەپێنێت و بوونی هەیە، بەڵام هەرگیز زمان ڕێگەكانی بوونی خۆی ڕەت ناكاتەوە و خۆی لە ناو نابات. رێگەكانی خۆسەپاندنی زمان سروشتین و ڕەتكردنەوەی زمانیش دەستكردییە. بەو مانایەی سەرەتای پەیدابوونی هەر زمانێك لە دنیادا، لە هەناوی سروشت و ئامرازەكانی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت دروست دەبن و خۆی دەسەپێنێت بەسەر بیركردنەوە و گۆكردن لە مرۆڤدا، بەڵام ڕەتكردنەوەی زمان دەستكردە و لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە كاری لەسەر دەكرێت، ئەو ڕەتكردنەوە دەستكردییانەش ئاماژە و ئامانجی ئایدۆلۆجیی لە پشتەوەیە، كەواتە ئەوەی زمان ڕەت دەكاتەوە ئایدۆلۆجیای سیاسییە، بۆیەش لایەنی ڕەتكردنەوەی زمان لاوازە لە بەرانبەر خۆسەپاندنی زماندا.
بنەمای خۆسەپاندنی زمان و جێگیركردنی لەسەر چەند پایەیەكی قووڵدا دەوەستێت كە پێكهاتوون لە: بایەخدان بە دەستمایە و سەرمایەی زمان، گرنگیدان بە لقەكانی خوێندن، ئەدەب و هونەر، گرنگیدان بە نووسراوە كارگێڕییەكانی دەوڵەت و بایەخدانی لەناو سیستمی فێركردن و پەروەردەییدا، چونكە ئەوانە راستەوخۆ بنەمای پتەویی سەپاندنی زمانن، چونكە زمان نزیكترین كەرەستەی پێوەندیی نێوان رۆح و بیركردنەوەی مرۆڤە. لە بەرانبەردا ڕەتكردنەوەی زمان دێتە بەرانبەر خۆسەپاندنی زمان، یەكێك لە فاكتەرەكانی ڕەتكردنەوەی زمان وەك گوتمان پرسی ئایدۆلۆجییە، لێردەدا پرسی ئایدۆلۆجیی نەتەوەیی هەیە، كە لە یەك كاتدا دەتوانێ هەم گەشە بە زمان بدات و هەمیش بیڕووخێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئایدۆلۆجیی تاك زمانیی هەیە، بەو واتایەی ئەو دەسەڵاتانەی دیكتاتۆرییانە رەفتار دەكەن و دیكتاتۆرانە بیر دەكەنەوە، تەنیا دەیانەوێ یەك زمان كاریگەر بێت و لە بەرانبەردا زمانی تر ڕەت دەكەنەوە. هەروەها شارەزا نەبوون لە زمانی دایك و پڕدانە فێربوونی زمانەكانی تر، گرفتێكی تری كۆمەڵگەیە، بە واتای ئەوەی تۆ شارەزای زمانی دایك نەبیت و هەوڵی فێربوونی زمانی تر دەدەیت. لە كاتێكدا تاك دەبێ زمانی زگماكیی خۆی باش بزانێت، چونكە ئەو دیاردەیە ناڕاستەوخۆ دەچێتە ناو پرۆسەی ڕەتكردنەوەی زمانی زگماكیی.
بۆچوونی ئۆستلەر لەبارەی مێژووی زمانەكانی دنیا: نووسەر و لێكۆڵینڤانی زمانناسی (نیكۆلاس ئۆستلەر) كە بەریتانییە، لە كتێبەكەیدا بەناوی (ئیمپراتۆرییەتەكانی وشە) كە ناوەڕۆكەكەی باسی مێژووی زمانەكانی دنیا دەكات، لە روانگەی زمانەوە تیشكی خستووەتەسەر مێژووی مرۆڤایەتی و پەیدابوونی زمان. لە بەشێكی كتێبەكەیدا ئۆستلەر بایەخی بە مێژووی پەیدابوونی زمان داوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. قسە لەبارەی زمانەكانی (ئەكەدی، ئاری و عارەبی) دەكات، باسی ئەوە دەكات ئەو زمانانە لەو ناوچەیەدا چۆن كاریگەرییان هەبووە، لە گواستنەوە و بووژاندنەوەی زانست، كولتوور، ئاین و بنیاتی شارستانیی كۆن. لەو كتێبە و لە بەشی مێژووی زمانەكانی دنیا، بایەخی بە مێژووی زمانی چینی داوە و باسی ئاڵنگارییەكانی بەردەم نەهێشتن یان لاوازكردنی ئەو زمانە دەكات لە ماوەی هەزاران ساڵی پێشوودا.
نووسەری كتێبەكە دەچێتە سەر باسی مێژوویی زمانەكان لە ئەوروپا، بەراوردكاریی نێوان زیندوویی هەردوو زمانی ئینگلیزی و فڕەنسی دەكات، ئۆستلەر پێی وایە كە زمانی فڕەنسی گرنگیی پتری هەیە. ئەو نووسەرە مێژووی زمانی ئینگلیزی و كاریگەرییەكانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و پێی وایە، زمانی تر باشتر خۆیان دەسەلمێنن. ئۆستلەر وەك لێكۆڵینڤانێكی بواری مێژووی زمانەوانیی پێی وایە، هەندێك زمان بەهۆی كاریگەریی ئاینەوە پەیدا بوون و گەشەیان كردووە.