کۆمەڵگەی داخراو و دۆستەکانی

AM:10:31:07/05/2026 ‌
ئەو ناونیشانەی سەرەوە پێچەوانەی ناونیشانی کتێبە مەزنەکەی کارل ڕەیمۆند پووپێر فەیلسووفی ئینگلیزییە، بەناوی "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی". هەردوو ناونیشانەکە یەک گوزارشت هەڵدەگرن، یان دەتوانین بڵێین لەناو بازنەیەکی هاوبەشی ماناییدا دەسووڕێنەوە. واتە ئەوەی دوژمنی کۆمەڵگەی کراوەیە، ئەوەیە کە دۆستی کۆمەڵگەی داخراوە. ڕاستییەكەی ئەو کتێبەی پووپێر بەو قەبارە و بارستاییە گەورەوە و هاوکات بەو قووڵی و وردبوونەوە هەمەلایەنەی لەسەر ئازادی، مرۆڤ، کۆمەڵگە و مێژووی ئازادی و... وەک یەکێک لە سەرچاوە بەپێز و قووڵەکان لەبارەی ئازادی و نەزم و ڕێکخستنی نوێی مافی مرۆڤە، لە ئاستی بیرکردنەوەی سیاسی و فەلسەفیدا. 

لێرەدا باسم لە ناوەرۆكی کتێبەکەی پووپێر نییە، چونکە ئەگەر بمەوێت بە ئاوڕێکی سەرپێیش بگەڕێمەوە سەری نەک وتارێك، بەڵکوو نامیلکەیەکیش ناتوانێت تیشکێکی خێرای بخاتە سەر. بۆیە مەبەستم بیرخستنەوەی ئەو پێوەندییە توندوتۆڵەی نێوان مرۆڤ و کۆمەڵگە و ئازادییە کە دەکەونە ناو پێوەندییەکی ئاڵۆز و فرەلایەنەوە و لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا دوو جەمسەری دۆست و دوژمن یان یار و نەیارەکان، لەسەری شمشێرەکانیان لە یەکدی دەسوون. 

مرۆڤێک کە خەونی ئازادی هەیە، ئەگەر ڕوونتر بڵێم، مرۆڤێک کە لەناو پارادیمی بیرکردنەوەی لیبراڵیدا دەژی، ئازادی وەک سەرچاوەی هەموو ژیان و بوون دەبینێت، دیارە بە کۆمەڵێک تێبینی و مادە و مەرجی فەلسەفیی فرەلایەن و عاقڵانەوە، بەڵام ئەوەی مرۆڤی ناو پارادیمێکی هزریی وەک لیبرالیزم خەونی ئازادیی شای خەونەکانێتی، بەو مانایە نییە کە مرۆڤانی دیکە، هەموو ئەو کەسانەی ژیانێکی دوور لە بیرکردنەوەی فەلسەفی و کتێبخوێندنەوە دەژین، ئازادییان لا گرنگ نییە و ئازادی خەونی ڕاستەقینەیان نییە. بە مەرجێک ئازادییان بۆ پێناسە بکرێت، گریمانەکانی بخرێنە ڕوو، مرۆڤ و توانا و کەرامەتی مرۆڤایەتیی بۆ بگێڕدرێتەوە، تا ئەو هێزە نوستوو و خەوتێنراوەی مرۆڤی ناو کولتووری ئێمە، واتە هەمان عەقڵ و ئاوەزی سڕکراو، هەستێتەوە و پرسیار لە ئامانجی بوون و کردەوە و هۆکاری ژیانی خۆی بکات. 

بۆ تێگەیشتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەم راستییە، پێویست ناکا فەلسەفە بهۆنینەوە، بەڵکوو هەر هەڵوێستەیەکی کورت لەسەر ژیانی ڕۆژانە یا ئەگەرەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەمان، ئەوەمان پێشان دەدات کە ئازادی و خواستی ئازادی، هەمیشە ئامادەن، بەڵام یان سڕکراوە یا سەرکوتکراوە یاخۆ ئاڕاستە کراوە و یانیش بابەتی دیکە. ئێمە با زیندانییەک بهێنینە پێش چاوی خۆمان، بە هەر باوەڕ و ئایدۆلۆجیایەکەوە بێت، ڕەنگە لە زینداندا بیر لەو کارە یا لەو تاوانە بکاتەوە کە بەهۆیەوە کەوتووەتە زیندان، زۆر لەگەڵ خۆی مشتومڕ بکات، لە هەر حاڵەتێکدا خەونی ئەوەیە یان بەڵگەی پێویست بۆ مانەوەی لە زیندان لەبەردەست نەبێت، یان سزاکەی ئەوەندە نەبێت بۆ کاتێکی درێژ لە دەرەوە (ئازادی) داببڕێت، یاخۆ بە هەر شێوەیەک بووە قوتاری بێت. 

ئەم ئەزموونە سادە و بەردەستە، مەیلی ئازادبوونی مرۆڤمان لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە لای خۆیشی ددان بە تاوانەکەیدا بنێت، بۆ دەردەخات. بێگومان ئەمە بە ڕواڵەت سادەیە، بەڵام پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دەروونی و کۆمەڵایەتی و هاوکات هزریشە. 
کێشەی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ ئەم ئازادییە خواپێداو و سروشتییەی پێی دراوە، ئەوەیە ئەو غەریزە و خواستەی لەلایەن ئایدۆلۆجییە جۆراوجۆرەکانەوە سڕ کراوە، ئازادی لا وەک گوناهێکی گەورە وێنا کراوە. ئازادبوونی خۆی لە بابەتە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەکاندا وەک کردەیەکی دژەئاین یان خیانەتێک لەو ئایدۆلۆجیایە دەبینێت کە مێشکی داگیر کردووە. 

لێرەدا دەتوانین بڵێین دوژمنانی ئازادی و کراوەیی، یان دۆستانی داخراوی و كۆیلە بە پلەی یەکەم، مرۆڤ خۆیەتی، مرۆڤێک کە ناتوانێت توێکڵی ئایدۆلۆجیاکان بدڕێنێت و لەگەڵ ئەو ناخە ڕاستەقینە و خواپێداوەی خۆی قسە بکات. ئەم وتانەم بۆیە خستە ڕوو، تا  هەڵوەستە لەسەر ئەو شتە بكەم کە بەناوی ئازادییەوە لای ئێمە ڕوو دەدات، کەچی ئەوپەڕی کۆیلەیەتییە. نموونەی سەلمێنەری ئەم ڕاستییە زۆرن. 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڤیدیۆیەکی ناڕاست و هەڵە لەلایەن پەیجێکی فەیکەوە بڵاو کراوەتەوە و ویستراوە ماڵی یۆگای هەناسە لە سلێمانی پێ بڕووشێنرێت. ئەوانەی ئەندامانی ئەو ماڵە و کەسانی چالاکی هەناسە لە نزیکەوە بناسن /خۆم بەشێکیان دەناسم/ لە دنیای بێگەرد و پاک و پڕ لە دیسیپلینیان ئاگادارن. ئەوان لەگەڵ ئەوەی باوەڕەکانیان کراوە و ئازادە، خۆیان لە قەرەی شکاندنی تابۆکانی کۆمەڵگە و پێکهاتەی جڤات نادەن، بەڵام ئەمە لایەنی دیار و ڕوونی بابەتەکەیە بۆ من، 

ئەوەی قووڵتر و گرنگترە، ئەوەیە کە بۆچی دەبێت ڤیدیۆیەکی کورت (با وایدانێین ڕاستیشە، بەڵگەکان دەریدەخەن و دەیسەلمێنن ڤیدیۆکە هی کەسێکی ڕووسە و شوێنەکەیش کوردستان نییە)، بەڵام ئەو هەموو جوێن و شمشێربەدەستە بەناو ئەخلاقگەرایە، بۆ یەكسەر ڕاست دەبنەوە؟ ئایا ئەمە ئەجێندایەکی ئاڕاستەکرای کولتووری یان سیاسی و ئاینییە کە لە سلێمانی دەگوزرێت؟ یان داڕمانی ئەو بەهایانەن کە زیاتر لە نیوسەدەی ڕۆشنبیر، شاعیر و سیاسی و هونەرمەندی ئەو شارە هەوڵی چەسپاندنی دەدەن؟ 

بۆ شارێک کە شێرکۆ بێکەسی تابۆشکێن و حەمە بچکۆلی بۆیاخچی، لە سەردەمی داخران و جوندەکاندا تێیدا درەوشاونەتەوە، ئێستە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەشکرێکی توندئاژۆ و تێکدەر و جنێودەری هەیە، دژی هەرچی شتێک کە گوزارشت لە دنیای ئەو نەکات! دژی هەر جۆرە کراوەییەک کە دنیای داخراوی ئەو لێی تێناگات! ئایا ئیسلامی سیاسیی بەو ڕادەیە زەینی کۆمەڵگەی کوردیی  لە سلێمانی داگیر کردووە کە بە ئاسانی گوناهی کابرایەکی بیانی بکات بە بیانوو و شمشێری فەتوا لەسەر کۆمەڵێک خەڵکی بێتاوان هەڵکێشێت؟ یا ئەو ڕێبازی ئەم ڕوانگەیە ئاو دەدات هیچ دیسیپلینێکی ئەخلاقیی بۆ کەسی بەناو گوناهکەر نییە؟ 

ئەمانە ئەو پرسیارە سادانەن کە دەکرێت لە ئاستی ئەم زەینە داخراوانە بكرێن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە وەک لە سەرەوە زەوینەسازیم بۆ کرد، ئەمەیە: بۆچی ئێمە لە ئازادی بە مانا سادە و  باوەکەی، دەتۆقین؟ ئایا هەموو ئەوانەی جنێو دەدەن و فەتوا دەردەکەن، لە ژیانیاندا هیچ گوناهێکیان (بەو مانایەی لە مەزەوی ئەواندا هەیە) نەکردووە؟ یا ختوورەی وەرگرتنی چێژ و جێژوان بە خەیاڵیاندا نەهاتووە؟ ئەگەر نەهاتووە، ئەی نابێت بپرسین ئەوانە فریشتەن یان نیوەمرۆڤ؟ ئەگەر هاتوویشە بۆچی لەگەڵ خۆیان و ئێمە و خواکەیان درۆ دەکەن و بەو شێوە ڕەهایە هەڵدەکوتنە سەر هەموو بێتاوان و تۆمەتێكی نەسەلمێنراو، بەر لەوەی دەنگی چەکوشی دادوەر بێت، ئەوان شمشێر لە گەردنی ئازادی و تاکەکان و بەها ئەزەلییەکانی جڤاک دەدەن؟