ئەو وێنانەی دوێنێ لە ئەستەنبوڵەوە بڵاوکرانەوە، پێش ئەوەی تەنیا ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسی بن، ئاوێنەیەکی باڵانوێن بوون بۆ خۆمان. لە لایەکەوە، خۆری ئاڵای کوردستان لە دیدارە فەرمییەکاندا لەگەڵ وەزیران و بەرپرسە باڵاکان دەدرەوشایەوە. ئامادەبوونێک کە پێشانی دا، هیچ هێزێک لە ناوچەکەدا ناتوانێت ڕاستیی سیاسی و هەژموونی هەولێر پشتگوێ بخات. لە لایەکیترەوە، لە تەلاری دۆڵمەباخچە، ئەوەی تورکیا لە کۆشکە ناوازەکانیدا هەوڵ دەدات هێزی ئیمپراتۆریی خۆی پێشان بدات، نە ڕووداوێکی نوێیە و نە تەنیا تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، ئەمە خەسڵەتە دێرینەکەی دەسەڵاتی عوسمانییە کە دەخوازێت باڵادەستیی خۆی وەبیر بهێنێتەوە.
ئەنقەرە ئەکتەرێکی نوێی ئەم مەیدانە نییە؛ ساڵانی ساڵە فەزا تەشریفاتییەکان بۆ نمایشکردنی هێزی سیاسیی خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا، کورتکردنەوەی ئەم کۆبوونەوانە تەنیا لە نمایشی هێزی میوانداردا، سادەکردنەوەی ڕاستییەکانە. ئەوەی گرنگە، خودی چوونە ناوەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەم ئاستە لە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە.
دەبێ بێدار بین و بزانین، تورکیا، بەغدا نییە. ئێمە لە گەمارۆی دوژمنانی خوێنڕێژداین کە هەرکامیان خەونی سڕینەوەی ئێمەیان هەیە، بەڵام حیسابی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و هێزی لۆبیکردن و ستراتیجی خۆی بەوپەڕی ژیرییەوە لە خزمەت خەونە گەورەکانی داناوە، جیاوازە. ئەگەر تورکیا ئەمڕۆ ناچار دەبێت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەمارە زیندووەکانی وزە و ئاسایشی خۆی گفتوگۆ بکات، نەک لەبەر سۆز و میهرەبانی، بەڵکو لەبەر ئەو هێز و ڕاوەستانەیە کە سەرەڕای هەموو خەنجەرەکانی پشتەوە، پارێزراوە.
مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی لەم کۆبوونەوانەدا، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکی هێزی یەکجار دژوارە، لە نێوان ئێران، تورکیا و بەغدا. پاراستنی ئەم هاوسەنگییە بەبێ ئەوەی هەرێم تووشی داڕمان بێت، لێهاتووییەکی کارگێڕییە. ئامادەبوونی ئەو لەم کۆشکانەدا، هەوڵێکە بۆ پاراستنی بوونی سیاسی کوردستان لە جیهانێکدا کە گورگە زۆرەکانی دانیان لێ تیژ کردووە.
بۆ مەسرور بارزانی لەم قۆناغەدا، کردنەوەی بۆرییەکانی نەوت و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێم، زۆر گرنگە. ئەمە نیشاندەری دیدێکی واقیعییانەیە کە نان و خۆشگوزەرانیی خەڵک ناکاتە قوربانیی یاریی سەرپێی.
جیاوازییەکە لێرەدایە، ئەکتەرێکی سیاسیی ڕەسەن، لە پشت مێزی دانوستانەوە دادەنیشێت، تا فۆتەنییەکان (نەوت و ترانزێت) بۆ پاراستنی نەفۆتەنییەکان (خاک و ناسنامە) بەکار بهێنێت.
ئەوانەی ئەمڕۆ لە پشت پەردەی دژایەتی پارتییەوە، پیلانە نهێنییەکانیان دژی هەرێمی کوردستان دەشارنەوە، ڕاستییەکی گەورە فەرامۆش دەکەن، (کوردستان تەنیا لە لایەنگرانی لایەنێکدا کورت نابێتەوە، کوردستان واتە ملیۆنان مرۆڤ کە لە هەر چوار پارچەدا، پارتی وەک براگەورە و کۆڵەکەی خێوەتی بوونی خۆیان و دۆزەكە دەبینن). كەواتە نەتەوەی کورد وشیارترە لەوەی بکەوێتە داوی تانەوتەشەرە میدیاییەکانی حزبە شکستخواردووەکان.
شانازیی کوردستان بە هەرێمێکەوەیە کە سیمبولی زیندوومانەوەی نەتەوەیەکە، ڕاستییەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانە هەرس ناکرێت کە ناسنامەی خۆیان لەناو جەرگەی ئاژاوەگێڕی، بنبەستە سیاسییەکانی ناوخۆ و سێبەرە بچووکەکانیاندا پێناسە کردووە. ئەوانەی نایانەوێت تێبگەن شەرعییەتی کورسی، تەنیا لە ناخی ئیرادەی گەلەوە دەڕوێت، نەک لە کەرەمی بێگانەکان. حیکمەت ئەوەیە کە لە فۆتەنییە ناچارییەکانی وەک نەوت و گاز، پردێک دروست بکەین بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانیی خەڵک؛ بەڵام ئەو شوێنەی سیاسەت بە خاکفرۆشی ئالوودە بێت تا لە نامۆکان ئیعتیبار سواڵ بکات، ئیتر ناوی تدبیر نییە، بەڵکوو زەواڵ و فەوتانە.
هێزی ڕەسەن، مامەڵەکردنە لەسەر داراییەکان بۆ پاراستنی ناسنامە، نەک هەڕاجکردنی ناسنامە بۆ مانەوەی دەسەڵات.