مەترسیی بچووككردنەوەی شوناسی کوردی (نموونەی ڕۆژئاوا)

AM:08:34:14/05/2026 ‌
تا کاتێک بنیامین ناتەنیاهۆ و ئەحمەد شەرع بە نێوەندگریی ئەمەریکا لە پاریس کۆ نەبوونەوە، ڕای گشتیی کورد پێی وابوو ڕۆژئاوا بەهۆی قەڵغانێکی بەهێز و پۆڵایینی ئەفسانەییەوە کە هاوپەیمانان و بە دیاریکراوی ئەمەریکا بانگەشەی بۆ دەکرد، بە هەموو شێوەیەک پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. پاش ئەو ڕووداوە وردە وردە جڵەوی ئەحمەد شەرع و پرۆکسییەکانی تورکیا و هێزە توندئاژۆکان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی کورد یان باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، شل کرا. یەکەمین نیشانەکانیش لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی حەلەب دەرکەوتن. 

تا بە تەواوی هێزەکانی دیمەشق بەرەو قووڵایی خاکی ڕۆژئاوا نەجووڵان و مەترسیی کۆمەڵکوژی و کوردقڕانێکی دیکە نەهاتە ئاراوە، کوردانی جیهان پارچەکانی تر نەهاتنە سەر شەقام، هەسەدە و ئەو گوتارەی لەوێ ئیشی دەکرد، هەر لە خەوی دێرینی ئایدۆلۆجیاکەی وەخەوەر نەهاتبوو. تا سەرۆک بارزانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ نەکردەوە و باشوور و هەموو سیستمە حوکمڕانییەکەی نەهاتنە دەنگ، ئەوان هەر قەوانە کۆن و سواوەکەی جارانیان لێ دەدایەوە. 

دیارە ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە نکۆڵی هێزە کوردییە مافخوازە ڕەسەنەکان بین لە ڕۆژئاوا، بەڵام ڕەخنەگری ڕادیکاڵی ئەو تێڕوانینە بووین و هەین کە لە بازنەی برایەتیی گەلاندا وەک خەونێکی ئایدۆلۆجی و لە دەرەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری و توانا لوجیستییەکانی گیری خوردابوو، لە گەرمەی قەیرانەکەدا زانیمان لە ئاستی کرداردا چەندە بە خێرایی ئەم تێزە هەڵوەشایەوە و جێبەجێکارانی تێزەکە کەوتنە گۆشەی ڕینگەوە و خەڵکی جیۆگرافیاکەی ئاوارە و وەیلان کەوتن!

ئەمانە وانەن! وانە بۆ ئەوەی تێبگەین، دەکرا چی بەدەست بێنین و چیمان دۆڕاند و بەهۆی چییەوە ئەم دۆڕانە ڕووی دا؟ ئێستە دەمێک دەبێت لە گەرمەی ڕووداوەکە دوور کەوتووینەتەوە، دیمەشق بە ئازادکردنی ناوەناوەی ئەندامانی بەدیلگیراوی هەسەدە و دیلگۆڕینەوە و هەندێ کردەی هاوشێوەی دیکە، دەیەوێت بڵێت ئەوەتا کێشەی کوردم چارەسەر کردووە و وتەبێژ و پارێزگارم لە کورد داناوە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە. 

ڕاستییەکەی هەموو ئەمانە ئەو شتەن کە دەکرێت پێی بڵێین "مناڵخەڵەتێنە"، كاتی منداڵی دەچووینە کۆڵان و بەهەر هۆیەک داوای شتێکمان دەکرد کە بە مافی خۆمانمان دەزانی، ڕووبەڕووی لێدان یان دڵشکان دەبووینەوە، دوای گریانێكی زۆر بە یارییەکی منداڵانە یان گەزۆ و خواردنێک ئاشت دەکراینەوە، گەورەساڵەکان بەمەیان دەوت مناڵخەڵەتێنە و زۆریش باش جێی خۆی دەگرت، مەگەر ئەو مناڵانەی زام و ئەسرینی خۆیان زۆر بەلاوە گرنگ و قورس بوو کە بە ئاسانی نەدەکەوتنە داوەوە و ژیر نەدەبوونەوە و بە کورتییەکەی نەدەخەڵەتێنران. 

پلانی خەڵاتاندنی ئێمەی کورد لە ڕۆژئاوا و وێناكردنس وەک منداڵ، لە دووتوێی یاسای سەرەتایی ئەو وڵاتەدا هاتبوو، بەڵام لارەملی و دوودڵی ئایدۆلۆجی و ملکەچیی ڕەوتی ئاپۆیی، وایکرد ئەم واقیعە سامناکە نەبینێت کە کورد تەنیا وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبینێ، نەک نەتەوەیەک بە خاوەنی مافی چەند ڕەهەندی و لەو هەمووان گرینگتر یەکەیەکی سیاسیی (ئەگەر سەربەخۆش نەبێت) لانیکەم ئۆتۆنۆم و خۆبەڕێوەبەر بێت. 
یەکێک لە پلانە فێڵبازانەکانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵات و باشوور تا ئەم قۆناغەیش، دابەزاندنی مافی کوردە بۆ هەندێ ئاستی بچووک و نیوەچڵی کولتووری و زمانی و... بێگومان ئەمەیش بە کۆمەڵێک مەرجی خۆیان و لەناو تۆڕێکی گەورە لە سانسۆر و  چاودێرییەوە ڕوو دەدات. 

کورد لە ڕۆژئاوا و پاش ئازادکردنی خاکەکەی، دەیتوانی نەکەوێتە داوی ئەم پلانەوە و هەر لە سەرەتاوە بە پتەوی و بوێرییەوە لە وەهمە ئایدۆلۆجییەکانی دەست هەڵگرێت و بە فیگەرێکی مافخوازانەی ناسیۆنالیستییەوە بچوایەتە پێشەوە، بەڵام ئەمەی نەکرد و یەکەمین گرێبەستنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێخۆشکەری ئەوە بوو کە ئێستە کورد لە ڕووبەرێکی جیۆگرافیی بەریندا زۆربەی هیواکەی لە حەسەکە و پارێزگا کوردەکەی چڕ بکاتەوە، باسی ناوچەکانی دیکە ناکەم. 

ئەم یارییەی ئێستە کە تابلۆیەکی کوردی-عەرەبی دادەگرن و هەروواوهۆریایەک دروست دەبێت و دواتر کوردییەکەی بۆ زیاد دەکەنەوە، یارییەکی گاڵتەجاڕانەیە، بەو قیچە مافەی کورد بە دەستی هێناوە، لانیکەم و ناجەوهەریترین مافن كە بریتییە لە زمان و ئەدەب و کولتوور و ئەو دەرکەوتە شارستانی و کۆمەڵایەتیانە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا کورد هەر ئەمەی دەوێت یان کورد هەر ئەمەیە؟ واتە ئایا شوناسی نەتەوەیەکی نزیک 50 ملیۆنی بریتییە لە زمان، کولتوور، گۆرانی، مۆسیقا و...؟ 

بێگومان هەموو ئەمانە دەرکەوتە و مافەکانی نەتەوەیەکن، بەڵام کورتکردنەوەی شوناسی نەتەوە بەمانە، ئەوپەڕی کارەسات و تاوانە، هەموو ئەمانە پارێزەری نەتەوەن، بەڵام کۆی نەتەوە نین.
هەموو ئەو دەرکەوتە و دیاردانە بەبێ خاک و حوکمڕانی و سیستمی سیاسی و ئیداری کوردی، تەنیا سەرخان و ڕووکەشێکی کاتین و دەتوانێ بە بڕیارێک لە دیمەشق یان دەنگدانێک لە پەڕلەمانی بەناو مۆدێڕنی ئەم جیۆگرافیا کاولە، بکەونە مەترسییەوە! 

لەم تەسککردنەوە و بچووککردنەوەیەی شوناسی کورددا، بەرپرسی یەکەم داگیرکەر و زێدەخوازانی خاکخۆری خاکی کوردستانن، بەڵام لە ئاستی دیکەدا ئەو هێزانە بەرپرسن کە لەم دەلاقەیەوە نەچوونە ژوورەوە و جیهان بە کۆمەڵێک خەونبازی و خەیاڵی ئایدۆلۆجی تێگەیشتن. پێم وایە شەقامی گشتیی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو تەسککردنەوەیەدا بە هیچ شێوەیەک نییە و درەنگ یان زوو ئەو جۆرە ڕووداوە گاڵتەئامێزانەی لە سەرەوە باسم کرد، ڕێگە خۆش دەکەن بۆ تەقینەوەی زیاتری داخوازییە چڕ و ڕاستەقینەكانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و هێزە توێنراوەکەی سوریای دیموکراتیش لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی شەرع، ناچارن خۆیان بۆ هاتنی ڕووداوی نوێ و یەکلاکەرەوە ئامادە بکەن، ئەینا بەم شێوەیە تەنیا دۆڕانێکی دراماتیکی و پۆست مۆدێڕنیزممان بۆ تۆمار دەکەن لە مێژوودا.