سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لە كاتێكدایە كە عێراق و ناوچەكە لە بەردەم پێشهات و ئاڵنگاریی گەورەدان، ئەم سەردانە تەنیا سەردانێكی ئاسایی نییە، بەڵكو چەندان فاكتەری گرنگی سیاسی، ئابووری، تەناهی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت، هاوكات سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، فاكتەرێكی سەرەكی و كاریگەرە لە هاوكێشەی سیاسیی عێراق و ناوچەكەدا.
ئەم پێشوازییە گەرمەی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرا، نیشانەی نیازپاكی و دیدگەی هەرێمی كوردستانە بۆ دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا. لە هەمان كاتدا دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی هەولێرە بۆ حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی. مەسروور بارزانی لەم سەردانەدا دووپاتی لەسەر پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە، بە ئامانجی جێبەجێكردنی تەواوی دەستوور و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی و هەمیشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەت پرسی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، تا چیتر وەك كارتی فشاری سیاسی دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنرێت، چونكە مێژوو شاهیدە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە ڕۆڵی سەرەكی و بنیاتنەرانەی لە دووبارە دامەزراندنەوەی عێراقی نوێدا هەبووە.
لە ڕەهەندێكی ترەوە، بەرپرسانی باڵای بەغدا چاك دەزانن كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، سەرەڕای هەموو سەختی و قەیرانەكان، توانیویەتی گۆڕانكاری و گەشەپێدانی گەورە لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا بەدی بهێنێت، وەك پڕۆژە ستراتیجییەكانی دابینكردنی كارەبای ٢٤ سەعات (پڕۆژەی ڕووناكی)، دابینكردنی ئاوی خاوێن پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری، بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و ڕێگەوبان، پرد، پۆند و بەنداوەكان، لەگەڵ فراوانكردنی پشتێنەی سەوزایی كە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر باشتركردنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەبووە. لەم سۆنگەیەوە حكوومەتی نوێ و بەرپرسانی باڵای عێراق، دەیانەوێ سوود لەم ئەزموونە سەركەوتووەی حوكمڕانی مەسروور بارزانی وەربگرن، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوشێوە لە بەغدا و شارەكانی تری عێراق، بەتایبەت لە سێكتەری كارەبای ٢٤ سەعاتی و ژێرخاندا.
لە كۆتاییدا سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، درك بەو ڕاستییە دەكەن كە ئەم سەردان و دیدارانەی مەسروور بارزانی لە ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجام دران، هەڵگری پەیام و دیدگەیەكی ڕوون و نەگۆڕی هەرێمی كوردستان و سەرۆك مەسعوود بارزانییە بۆ ئایندەی عێراق. كارەكتەرە سیاسییەكانی بەغدا باش دەزانن كە كەسایەتییەكی بڕیاربەدەست و خاوەن پێگەی بەهێز هاتووەتە لایان، كە دەیەوێت هاوكێشە سیاسییە چەقبەستووەكانی عێراق لە بنەڕەتەوە و لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشی ڕاستەقینە چارەسەر بكات.