وانەیەك بۆ مێژوو

PM:12:58:02/06/2026 ‌
گرنگە ئێمەی كورد لە مێژوومان وانە وەربگرین و فێر ببین كە هەڵە لە كوێدا كراوە و بۆ كراوە، هەر نەتەوەیەك بیەوێت هۆشیار بێت و ئاگاداری ڕووداوەكانی دەوروبەری بێت، پێویستە بزانێت كە كەی هەڵەی كردووە و لەبەرچی كراوە. بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان پێویستە شرۆڤەی قووڵی بۆ بكرێ و لە زانكۆكان لەسەری بخوێنرێت، بەتایبەتی هۆی شكستی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە كە فەرمانڕەوایی بەشێكی زۆری ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا بوون. 

هەسەدە لە ساڵی 2015 دروست دەبێت، وەك هێزێكی كاریگەر و دژە داعش توانی زۆر ناوچە بخاتە بەردەستی خۆی و پایتەختی داعش كۆنترۆڵ بكات، سەردەمی 2016-2018 سەردەمی زێڕینی هەسەدە و گەشەی بیرۆكەی ئاپۆچی بوو لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەو سەردەمەدا هاوپەیمانان گرنگیی زۆریان بە ئیدارەی خۆسەر دەدا و هاوكاری سەربازی گەورەیان پێشكەش دەكردن، بەتایبەت لە دروستكردنی "HAT” هێزی دژەتیرۆر كە هێزێكی تایبەت و مەشقپێكراو بوون و توانای سەربازی بەهێزی هەبوو، بەڵام گەورەترین بەربەست لە بەردەم هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا نەبوو، بەڵكو خۆیان و بیركردنەوەیان بوو. 

داخوازی و ویستەكانیان زۆر خەیاڵی و ناڕوون بوو، نە حكوومەتی بەشار ئەسەد دەیزانی چییان دەوێت و نە دواتریش ئەحمەد شەرع، هەتا كورد خۆشی نەیدەزانی ئەم هێزانە بۆچی شەڕ دەكەن؟ ئایە لەپێناو دەوڵەتی كوردیدا و جوداخوازن؟ یان ئۆتۆنۆمییە ناڕوونی ئامانجەكانی ئیدارەی خۆسەر وایكرد نەتوانن بەهیچ جێگەیەك بگەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیانی گەورەی لە ئیدارەی خۆسەر دا.

میدیا سووری و توركییەكان بە جوداخواز و بەشێك لە میدیا كوردییەكانیش بە فیدراڵیخواز ناونووسیان دەكردن، بەڵام لە هەموو دیمانەیەكی مەزڵووم عەبدیدا ئەو بانگەشانەی ڕەت دەكردەوە، لە بەرانبەردا داوای سووریایەكی یەكپارچەیان دەكرد، واتا بۆ دۆسیەی سووری زۆر ڕاستگۆیانە یەكپارچەیی خاكی سووریایان دەویست، بەڵام بۆ مەلەفی كورد نەزانراو و ناڕوون بوو، بۆیە كاتێك لە چاخی زێڕینی خۆیاندا بوون، نەیانتوانی هیچ مافێك نە لە سووریا و نە لەناو ئیدارەی خۆسەر بۆ كوردی ڕۆژئاوای كوردستان دابین بكەن.

ئەمە وایكرد هەسەدە وەك هێزێكی دژە داعش دەربكەوێت و هیچیتر، بۆیە دوای نەمانی داعش بە چەند ساڵێك، هاوپەیمانان دەستبەرداری هەسەدە بوون لە عەفرین و سەرێ كانێ و چەندان ناوچەی تر، ئەمەیش وایكرد هەسەدە هانا بۆ بەرەی ڕووسیا و ئێران ببات كە هیچ گرنگییەكیان بە باكوری خۆرهەڵاتی سووریا نەدەدا. ئەم هەڵوێستە زیاتر ئەمەریكای لە هەسەدە كەنارگیرتر كرد و وایكرد هەسەدە پشت لەو هاوپەیمانەی بكات كە دروستی كردووە لە ساڵی 2015.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی 2024 و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا، هەسەدە لە بارودۆخێكی ناهەمواری سیاسیدا بوو كە ڕژێمی ئەسەد و ئێران و ڕووسیا لە سووریادا نەمان و هەسەدە بە تەنیا مایەوە، ئەم كەنارگیربوونە سیاسییە، سەركردایەتیی خۆسەری تووشی ترس و دڵەڕاوكێی گەورە كرد لە ئایندەی نادیاری ناوچەكە و سووریا، بۆیە لە 10ی ئاداری 2025 ڕابەرایەتیی هەسەدە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكە نوێیەكەی سووریا واژوو دەكەن، لەو ڕێككەوتنەدا هیچ باسێك لە نەتەوەبوونی كورد و مافی كورد نەكراوە، بەڵكو هێندە بە ناشارەزایی و پەلە ئەو ڕێككەوتنە كرا، كە هەڵوەشانەوەی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لەناو ڕێككەوتنەكە بە ڕوونی ئاماژەی بۆ كرابوو.

لە ڕێككەوتنی 10ی ئاداردا، ئەحمەد شەرع توانی خۆی لە جەنگی هەسەدە لابدات تا خۆی كۆ بكاتەوە، ئەم كارەش بۆ شەرع پێویستییەكی گرنگ بوو، لەم ڕێككەوتنەدا شەرع توانی جەنگ لە بەرەی باكوری خۆرهەڵاتی سووریا ڕابگرێت، توانیشی لەو ماوەیەدا دەست بكات بە پاكسازیی عەلەوییەكان و پاشماوەكانی بەشار ئەسەد، لە دواتریشدا هێرش بۆ سەر درووزەكان، لە هەردوو ڕووداوەكەدا هەسەدە پابەندبوو بە ڕێكەوتنەكە و هیچ جووڵەیەكی سەربازیی نەكرد. لە دوای چەند ڕۆژێك لە ڕێكەوتنی 10ی ئادار، دەستووری كاتیی سووریا ڕاگەیەنرا بۆ پێنج ساڵ، لەو دەستوورەدا بەهیچ شێوەیەك ناوی (كورد) یان (كوردستان) یان (ئیدارەی خۆسەر) ئاماژەی بۆ نەكراوە و باس نەكراوە، بەڵكو دەوڵەتێكی عەرەبی و مەركەزی تێیدا ئاماژەی بۆ كرا، ئەمەیش بەس بوو بۆ زانینی ئەوەی كە ڕێككەوتنی 10ی ئادار فێڵە و كڕینەوەی كاتە، بەڵام سەرانی ئیدارەی خۆسەر لە نەزانی و ترسەوە بێدەنگییان هەڵبژارد.

لە دواتردا دەگەین بە سەرەتای ساڵی 2026 و دەستپێكی لاپەڕەیەكی نوێ بۆ سووریا، دەكرێ بەشێكمان ئاگاداری وتارەكانی مەزڵووم عەبدی بووبین كە دەڵێت: "ساڵی 2026 ساڵی كوردە!" ئەم قسەیەی مەزڵووم عەبدی لە ساڵی 2026 بە تەواوەتی پێچەوانە دەرچوو، ساڵی كورد نەبوو، بەڵكو ساڵی نەمانی كورد بوو لە ڕۆژئاوا.

لە 2026 هێرش بۆ سەر گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەست پێ دەكات و هەردوو گەڕەك لە ماوەی چەند ڕۆژێك داگیر دەكرێن، لەو هێرشەدا هەزاران كوردی هەردوو گەڕەك ئاوارەی كۆبانێ و حەسەكە دەبن و چاوەڕێی ئایندەیەكی نادیار دەبن. هێرش دیسان بەردەوام دەبێت بۆ دێرحافر كە ناوچەیەكی زۆر ستراتیجییە و دەكەوێتە ڕۆژئاوای فورات و نزیكە لە حەلەب، ئەم پارچە خاكە لە (منبج و ئەلباب) وە زۆر نزیكە، بەڵام مەزڵووم عەبدی فەرمانی پاشەكشە دەدات وەك "نیازباشی" بۆ دەوڵەتی سووریا، ئەم پاشەكشەیە زۆر بە ناڕێكخراوی كرابوو و هیچ پێوەندییەك لە نێوان هێزە جیاجیاكانی هەسەدەدا نەبوو، بۆیە كە حكوومەت جووڵە بەرەو دێر حافر دەكات، زۆر لە سەربازانی هەسەدە ئاگاداری فەرمانی پاشەكشەكە نابن و بەدیل دەگیرێن، ئەمەیش كارەساتێكی سەربازی گەورە بوو بۆ هەسەدە.

هەسەدە هەر بەم شكستەوە نەوەستا، بەڵكو هۆزەكانی ڕەقە و دێرەزوور بە بیستنی ئەم شكستە دەستیان كرد بە یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە، نەك هەر هۆزە عەرەبییەكان، بەڵكو چەكدارە عەرەبەكانی ناو هەسەدەیش هەڵگەڕانەوە و چەكی هەسەدەیان بەكار هێنا بۆ كوشتنی هەڤاڵەكانی خۆیان كە ساڵانێك لە هەمان سەنگەردا بوون، هەربۆیە لە دوای ڕووداوەكانی دێرحافر، ڕەقە و دێرەزوور دەكەونە دەستی هۆزە عەرەبییەكان و هەسەدە و هێزی دژەتیرۆر بەرگە ناگرن، لە بەرانبەر هەندێك هۆزی عەرەبی و پاشەكشە دەكەن.

لە دوای ئەم رووداوانە، هەسەدە وەك هێزێك هیچ كاراییەكی نامێنێ و كەنارگیر دەبێت، هەسەدە و هێزی دژەتیرۆر HAT كە بە چەكی ئەمەریكی پڕچەك كرابوون و مەشق و ڕاهێنانیان لەلایەن ئەفسەری ئەمەریكی و هاوپەیمانان پێ كرابوو، نەیانتوانی بەرگە بگرن لەناو شاری ڕەقە یان دێرەزوور، ئەم شكستە بێگومان لە ئەستۆی ڕابەرانی ئەو هێزانەیە كە حەكیمانە و چالاكانە ئامادەباشییان بۆ ڕووداوێكی لەو جۆرە نەكردبوو.

لە پاش ئەو ڕووداوانە، ئیدارەی خۆسەر وەك ئەوەی نەبووبێ، دەنگی نامێنی و لە جێی كانتۆن، سیستمی پارێزگا دێتەوە ڕۆژئاوای كوردستان و پارێزگارێكی كورد بۆ حەسەكە دادەنرێت، هەروەها ئاڵای دەوڵەتی سووریا لە هەموو داودەزگاكان هەڵدەكرێت، بەبێ بوونی ئاڵای ئیدارەی خۆسەر، هەروەها هێزی دەوڵەت دەچێتە ناو پارێزگای حەسەكە و شاری كۆبانێ، ئەم ڕووداوانە كۆتایی چیرۆكێكمان پێ دەڵێن كە هەر لە سەرەتاوە بە هەڵە هاتووە و ئەنجامەكەشی هەر نەمان بووە.

پێویستە ئێمە بپرسین، ئایا 14 ساڵ لە بەرخۆدان بەرهەمی چی بوو؟ ئایە داخوازی سەربەخۆیی ئەگەر لە ساڵانی 2016-2018 كاری لەسەر بكرایە شتێكمان دەست نەدەكەوت؟ لەبەرئەوەی خەباتەكە لە سەرەتاوە بۆ سووریایەكی یەكپارچە كراوە و هیچ پێوەندیی بە كوردەوە نەبووە و كوردیش بووەتە سووتەمەنی، ئەوا دەبێ بڵێین ئەمەی لە ڕۆژئاوا ڕووی دا، خیانەتێكی گەورەی سەرانی ئاپۆچی بوو لە خەڵكی خۆیان و ئەو نیشتمانەی كە لەسەری پەروەردە بوون، با نەوەی داهاتووش زۆرباش ئاگاداربن، شوێنكەوتنی بیری چەپ لە هیچ جێیەكی ئەم دنیایە بەرهەمی نەداوە، دەی چۆن لە كوردستان بەرهەم دەدات؟