سیاسەت، پانتاییە شێوێنراوەكەی کۆمەڵگە

AM:11:46:18/06/2026 ‌
سیاسەت لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبییە و بە مانای (ڕامکردن یان کەویکردن)ی ئەسپە. لە زمانی کوردیدا هاوواتای (ڕامیاری)یان بۆ داناوە. سیاسەت وەک چەمک و واتا، بە مانای هەر جۆرە ستراتیج و میتۆدێکە بۆ ئیدارەدان یان باشترکردنی کاروبارەکان بە گشتی، ئیتر چ ئەو کاروبارە کۆمەڵایەتی بێت یا کەسی. وەک مانای باویش سیاسەت پێوەستە بە دەوڵەت و بەڕێوەبردن و دەستنیشانکردنی شێوە و مەبەست و چۆنێتیی چالاکییەکانی دەوڵەت. هەوڵدان بۆ پاراستن یان بەدەستهێنانی دەسەڵات یان بەکارهێنانی هێزی دەوڵەت لەپێناو ئامانج و خواستە جۆراوجۆرەکان.

سیاسەت بە مانا کۆنە مێژووییەکەی بە واتای دەستێوەردانە لە پانتایی گشتی و بە مانای نوێیش، شاری نوێی پیشەسازییە کە بکەرەکانی ڕەوایی دەدەن بە سیستمە ڕێکخەرەکەی. سیاسەت، لە پاڵ ئازادی و فەلسەفەدا، بە تایبەت لە داهێنانەکانی ئەندێشەی یۆنانییە. شار یان Polisی یۆنانی، ئەگەرچی کۆمەڵەیەکی مرۆیی بوو، بەڵام سیخناخ بوو بە بەها و بابەتی سیاسی. لای یۆنانییەکان هەر بابەتێکی (سیاسی) دژبوو لەگەڵ بابەتی (تاکەکەسی) و بابەتی سیاسی، هاوتای (هاوبەشی) و (گشتیبوون) بوو. بابەتی سیاسی لە قەڵەمڕەوێکدا جێی دەبووەوە کە لەگەڵ شاری یۆنانی و هاووڵاتییانی ئازاد و یەکسان پێوەندی هەبوو. 

بێگومان ئەم ڕەچەڵەک و مانایانە، جەوهەری سیاسەتیان پێناسە کردووە و تا ئەم سەردەمەی ئێستەیشمان دەتوانین بەرگریی لە وەها تێڕوانینێکی بەهاتەوەرانە و مرۆیی لە سیاسەت بکەین. ئەگەرچی فەزای سیاسیی جیهان و ئەو ئیرادەیەی دەیەوێت نەزمێکی نوێ پراکتیزە بکات، هەر لە سەردەمی نیکۆلا ماکیاڤێلی و نووسینی کتێبی "شالیار" لەلایەن ئەوەوە، تووشی هەڵگەڕانەوەیەکی سامناک بووە، لەو پێناسە حەکیمانەیەی ئەندێشەی یۆنانی کەونارا، بەڵام قووڵایی قەیرانەکانی جیهان بە ڕادەیەکە، ئەوانەی لە پشت ئەم ماکیاڤیلیزمە کاژخستووە پیشەیییەوەن، خۆیشیان خەریکی پووکانەوە و شکست دەبن. 

ئەم هەڵگەڕانەوەیەی سیاسەتوانانی نێودەوڵەتی و زلهێزانی چەندان سەدەی پێش ئێستە و تەشەنەسەندنی ماکیاڤیلیزم لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، وایکرد سیاسەت لەگەڵ هەلپەرەستی و ئامانجدۆستی بە هەر نرخێک بە یەک واتا دابنرێت. هەلپەرەستی و ئامانجدۆستییەک کە هیچ پێوەر و هێڵێکی ئەخلاقیی نییە، سیاسەتێک کە دەتوانێت لەوپەڕی بانگەشەی ئەخلاق و پاراستنی مافی مرۆڤدا، یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لەسەر ژاپۆن تاقی بکاتەوە و ببێت بە میراتگری هێز و جەمسەری سەرەکیی پاشی ئەو کارەساتە. سیاسەتێک وایکرد لە هەموو دنیا هاوتای سیاسەت بە درۆ و دەلەسە و ساختەچێتیی و تەنانەت تاڵانی و بێشەرەفیی و زۆر بەهای دژە ئەخلاقی، بخوێنرێتەوە. 
تەنانەت هەر لە کوردستانەوە بگرە تا مۆسکۆ و واشنتۆن. جاروبار بۆم هەڵکەوتووە پیرەپیاوێک یان پیرەژنێک حەکایەتی ڕابردووی بۆ کردووم، باسی ئەو دڵڕەقییەی ڕووسەکان لە کوردستان و لە سەردەمی جەنگە جیهانییەکان کردووە و سەروبنی قسەکەی یەک شتە، سیاسەت درۆ و دڵڕەقییە. ئەم وێنا و پێناسەیە تەنانەت لای بەرەی نوێی ئێستەیشمان دەکرێ ببینرێتەوە و من لێیانەوە بیستوومە. 

بەداخەوە سیاسەتی کوردیش لە دەرەوەی ئەم ڕێچکەدانانەی زلهێزەکان و مێژووی شەڕ و شۆڕ و دەسەڵاتەکان نەبوو، ئەگەر خەوشێک لە سیاسەتی کوردیدا هەبێت، بێگومان بە پلەی یەکەم لەم نەزمەوە هەڵقوڵاوە. لە پاڵ ئەمەیشدا تێڕوانینی سیاسیی کورد مافخوازانە و دادپەروەرانە بووە، پاڵنەری سەرەکیی ئیرادەی سیاسیی کورد، بەرەنگاریی دژی ستەم و بەدەستهێنانی مافی ڕەوا بووە. بەڵام ئەمە ڕووە دەرەکییەکەی سیاسەتی کوردییە و سیاسەتی ناوماڵی کورد، جۆرێک ئانارشیزمی نەرێنیی پێڕەو کردووە، ئانارشیزمێک کە تا ئێستەیش بەرەو ئەوە نەڕۆیشتووە جۆرێک لە سەقامگیریی پتەو و جێگیریی تێدا بەدی بکرێت. ئەمەیش هەمان ئەو دەردە کوردە کۆنەیە کە ناوی ناکۆکی و لێکترازانە. 

ئەم ناکۆکییە وایکردووە هەندێک لایەن لە ڕکابەرییەکی ناسیاسییەوە دەست بدەنە هەندێک کردەوەی میدیایی ناشارەزایانە و نەشیاو کە بەر لەوەی بتوانن لایەنی تری پێ بڕووشێنن، ڕوخساری خۆیان شەقار شەقار کردووە و سیاسەتیان کردووە بە درۆسازی و دەجالبازی. ئەم تەکنیکە سەرباری ئەوەی ماکیاڤیلیزمی ڕاستەقینە و تەواویش نییە، دەکرێت بەجۆرێک لە شەقاوەیی و پووکانەوەی سیاسیی ناوی ببەین. پووکانەوەیەک کە سروە یان کزەبایەک دەتوانێت گردەبڕ بیخات و هەرگیز ڕاست نەبێتەوە. 

کۆمەڵگەی کوردی و نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوەی گەشبینن، ماندوو و شەکەتیشن، ماندوو لەو سیاسەتەی مانەوەی خۆی لە دژایەتیی ئەویتری كورددا دەبینێتەوە و ناتوانێ خۆی بنیات بنێت، شەکەت لەوەی سیاسەت ڕۆژ دوای ڕۆژ لە لای هەندێک لایەنەوە مەودای زیاتر لە ئەخلاق و بەهاکان وەردەگرێت. 
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەم دۆخە نوێیەدا ئەخلاق و سیاسەت پێکەوە ئاشت بکەینەوە و کۆمەڵگەکەمان ئامادە بکەین بۆ ئەو شەپۆلە گۆڕانکارییانەی بەڕێوەن و هیچ گەرەنتییەک نییە چۆن لەناو ئێمە و هەرێمەکەماندا هەڵدەکات.