تەعریب پرۆسەیەکی ئەم دواییانە نییە دژی کورد، ڕاستە تەعریبکردن لە ناوچەكانی کوردەوە و لە فۆرمە قڕانکار و جینۆسایدکەرەکەیدا خۆی ناساند و گەیشتە چڵەپۆپە، بەڵام خواستی بە عەرەبکردن پرۆژەیەكە لە هاتنی ئیسلام و لەژێر کاریگەریی و خوێندنەوەی خێڵەکیانەی عەرەبدا بۆ زمان و کولتووری خۆی، بە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە و ئێستەیش ئاشەكەی بە گوتاری جۆراوجۆری ئایدۆلۆجی، لەوانە ئیخوانیزم، سەلەفیزم، عەرەبیزم و... دەگەڕێت.
لێرەدا دەمەوێت هێڵی ناسک و شێوێنراوی ئیسلام بەپێی دەق و لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامەوە (د.خ)، تا سەردەمی خەلیفەی دووەم حەزرەتی عومەر، ئیسلام بەپێی خواست و مەیلی عەرەب و نەتەوە مسوڵمانەکانی دیکەی وەک تورک و فارس، جیا بکەمەوە. بابەتی سەیر لەم مێژووە چەواشەکراودا ئەوەیە، بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز، هیچ عەرەبێک سەرتر نییە لە عەجەم یان نەتەوە و خێڵێکی تر، مەگەر لە تەقوادا، بەڵام ئاخۆ بە ڕاستی ئەو نەتەوانەی ئیسلامیان کرد بە پرد و بوونە خاوەن ئیمپراتۆر و پلە و پایەی حوکمڕانی و مادیی و... پێڕەوییان لەم ئایەتە پیرۆزە کرد؟
من لەسەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ناڕۆم و زۆر ناڕێسم، بەڵام ڕووی دەمم دەکەمە ئەوانەی پەیامە پیرۆزەکەی ئیسلام وایلێکردون بە دڵێکی زۆر بێگەرد و چاوێکی تەمگرتووەوە بڕواننە ئەم بابەتە و لێیان دەپرسم، ئایا سەرنجی ئەوەتان داوە تا ئێستەیش عەرەب خۆی بە خاوەنی خێڵەکی و نەژادیانەی ئیسلام و قورئان و مێژووەکەی دەزانێت؟ لەمەیش زیاتر بچینە پێشەوە و بپرسین: ئەگەر سەرنجی ئەمەتان داوە، ئایا بە ڕاستی عەرەبێک کاتێک قامەت دەبەستێت خۆی لە نەتەوەکانی دیکە بە زیاتر نازانێت؟ یا هەڵکەوتەی هەڵسوکەوتی عەرەب لەگەڵ نەتەوە ناعەرەبەکانتان دیوە؟ ئەگەر نەتاندیوە، لەوانە بپرسن کە متمانەتان پێیانە و کردوویانە. لەو شەپۆلە بەربڵاوەی کوردان بپرسن کە ئێستە لە ئەورووپان و بۆمان دەگێڕنەوە و جاروبار وا هاتووەتە پێش کە لە فڵان مزگەوتی شارێکی ڕۆژئاوایی، لە پاڵ عەرەبێکدا نوێژمان کردووە و دواتر کە سەلاممان داوەتەوە و چۆنی و چاکیمان لەگەڵ یەکتر کردووە، عەرەبەكە دەپرسێ خەڵکی کوێی و لە وەڵامدا وتوومە کوردستان، هەرگیز نەیشاردووەتە و یەكسەر لووتەلا دەبێ و بە چاوێکی بچووکەوە سەیرت دەكات.
ڕاستە ئەمە ئەزموونە و گێڕانەوەی قسەی ئەوانیترە، بەڵام خۆ دنیا دانەخراوە بە ڕووماندا، تەنیا ئەوە بەسە سەرنجێکی زیاتر بدەین و بزانین بە ڕاستی چۆن دەڕواننە نەتەوەکانی دیکە؟ ئەگەر عەرەب هێندە بە ڕەحم و بەزەیین، بۆچی تا ئێستە بۆ کورد، بۆ هەڵەبجە و کوردقڕانی نیوەی دووەمی سەدەی 20، یەکیان نەهاتە قسە؟ ئایا کێشەکە لەوەدایە کە ئاگایان لێی نییە یان نا تێڕوانینێکی دیکەیان بۆ بابەتەکە هەیە؟ ئەی ئەوەی کە ئیسرائیل دەلکێنن بە هەر مافخوازیییەکی کوردەوە، پرۆژەیەکی مێدیایی ئەندازیاریکراوە یان شتێک لە ڕاستیشی تێدایە؟
بە لای منەوە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بە ڕادەیەکی زۆر ڕۆشنن. ئیسرائیل بۆیە دەلکێنن بە کوردەوە، تا پرۆژەی تەعریبی جیهان و کوردستان هیچ گرفتێکی تێ نەکەوێت، ئیسرائیل بۆیە دەلکێنن بە کوردەوە تا هەر جۆرە کوردقڕان و پاکتاوکردنێک لە کۆن و نوێدا بۆ ئەوانەیشیان تۆزە ویژدانێکی بێداریان هەیە، پاساو بدەن و بڵێن ئەمانە و جوولەکە لەسەر یەک بنج ڕواون. خۆ گوتاری داعشییەکانمان بیرە کە سەرۆکی کوردیان بە یەهوودی ناوزەد دەکرد لە بەردەم هەموو کامێراکانی جیهاندا؟ ئەمە ئەو شتەیە داعش ئاشکرای کرد و ڕووتی کردەوە، ئەگینا هەر هەبووە. لە گوتارسازی و مێژووسازییاندا هەر هەبووە.
پان عەرەبیزم لە دوای کوژرانی خەلیفەی دووەم و مشتومڕەکانی سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفانەوە، بەهۆی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی خێڵە عەرەبەکان کە هەندێکیان مەیلیان بۆ سەردەمی جاهیلی و بەهاکانی مابوو، دیسان بووژایەوە و لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەکاندا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی. تا شوێنێک کە تەعریب و عرووبە وایکرد، وڵات و سەرزەوینی گەورەی ئیسلامی مانایەکی نەمێنێت و ئەو هەموو وڵاتە عەرەبییە و هەڵبەت بە ئاڵای ئیسلامەوە لەدایک بوون و ئێستەیشی لەگەڵدا بێت شانازی بە هەموو عالەم و لە سەرووی هەموویشیەوە کورد دەفرۆشن، کوردێک کە خۆی خزمەتگوزارێکی مێژوویی ئیسلام بووە، هەر لە بیر و هزرەوە تا سوپا و لەشکر و پەرەپێدان.
ئەمڕۆ نەتەوەی کورد هێندە هوشیار بووەتەوە پێویست نەکات ئاماژە بەناوەکانی ئیبن خەلەکان، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، شێخی ئیشراق، و سوڵتان سەڵاحەدین و دەیان و سەدانی دیکە لە کورد بکەم کە ئیسلامیان گەیاندە لووتكە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی قسە دەکات عرووبە و عەرەبیزمە نەک ئیسلام و مەعنەوییەتی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام.
خۆم وەک ڕۆژنامەنووس و خوێندکار، باوەڕم بە سیستمی سیکیولار هەیە، بەڵام بەو مانایە نییە بەرزیی پێگەی پێغەمبەری خودا و پەیامەکەی نەبینم و ئیمانی پێ نەهێنم، لە پاڵ ئەمەیشدا هوشیارم بەوەی ئیسلام بە عەرەب کراوە، بە تورک کراوە و تەنانەت بە فارسیش کراوە.
خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، هەر نەتەوەیەک ئیسلامی داگیر کردووە و نەژادەکەی خۆی لە ڕێگەیەوە زاڵ کردووە، چاوی لە عەرەب بڕیوە. بۆیە ئەوانەی باسی ئەوە دەکەن تەعریبێک کە کازم ساهیر ددانی پێدا دەنێ، مەبەستی پلانێکی دیاریکراو نییە و تەنیا تا پێش لووتی خۆیان دەبینن و مێژوویەک لە شەڕ و پێکهەڵشاخانی خێڵە عەرەبەکان لە جەنگەی قەیرانەکانی ئیسلامدا نابینن کە ئەم دۆخەی بەرهەم هێنا، فەلەستینییەکی مسوڵمان ستایشی سەدامێکی بەعسی بکات کە کوردی مسوڵمانی کیمیاباران و ئەنفال و زیندەبەچاڵ دەکرد!