ئەخلاق و تەکنەلۆجیا لە سەردەمی دیجیتاڵدا

PM:12:38:23/06/2026 ‌
پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ڕەوتێکی بێلایەن نییە، یان باشتر وایە بڵێین ڕەوتێکە ناکەوێتە دەرەوەی چاکە و خراپە، خواستی پێشکەوتن خواستێکی بەرز و باڵا بووە، بەڵام وێستگە جیاجیاکانی بە ئاقاری باشەدا نەڕۆشتوون. هەربۆیە بەشێکی زۆر لە بیرمەندانی ڕٶژئاوا وەک ئاخێزگەی دەرکەوتنی پێشکەوتن بە مانا فرە لایەنەکەیەوە، ڕەخنەگری توندی پێشکەوتن بوون و لەگەڵ هەموو باشە و چاکییەکانی لە دواوێستگەدا وەک بابەتێکی پڕ لە شەڕ و هۆکاری لەخۆنامۆبوونی مرۆڤیان دەزانی. 

ئەم باسە ئێستەیش لە گوتاری فکری و زانستیی ڕۆژئاوادا هەیە و لە گوتارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی ناڕۆژئاواییشدا بەشێوەی خۆی قسەی لەسەر دەکرێت و هەر پێشکەوتنێک کە لەگەڵ نەریت و کرۆکی ئاینەکەیاندا بگونجێت، چاکەیە و هەر چییش کۆمەڵگە لە خشتە بەرێت، خراپەیە و لە دەرەوەی بەها ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەیە. ئەگەرچی ئێمە لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا دەژین و دیاردە و بەهاکانی مرۆڤ گۆڕانی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە و پێناسەی زۆر و جۆراوجۆر بۆ بابەتگەلی وەک ئەخلاق کراون و گوزارەی "ئەخلاق بابەتێکی ڕێژەییە"، ئێستە بە گوێی زۆر کەس لە خەڵکی ئاساییش نامۆ نییە، بەڵام بە هەموو ئەمانەیشەوە، هیچ کۆمەڵگەیەک لەسەر ئەم گۆی زەوییە بوونی نییە لە دەرەوەی پێکهاتەیەکی بەهاتەوەرانە و ئەخلاقییەوە بژیی. 

بێگومان دەکرێت پێکهاتە و سیستمی بەها ئەخلاقییەکان جیاواز و تەنانەت دژ بە یەک بن، بەڵام وەک وتم هیچ کۆمەڵگەیەک نییە پێناسەیەکی بۆ ئەخلاق وەک چوارچێوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی خۆی و هەڵسوکەوتی تاکەکان نەبێت. لە هەندێ کۆمەڵگەدا ئەم پێناسانە داخراو و چەقبەستوون و دەبنە هۆی لادانی ئەخلاقی و توندوتیژی، ئەمە ئیتر شتێکی شاراوە نییە کە سیستمی داخراوی ئەخلاقی، ڕەفتاری دەمامکدارانە بەرهەم دێنێت. واتە ئەگەر لەناو کۆمەڵگەیەکدا ڕێزلێنان لە باوک ئەرکێکی پیرۆزی دەست بۆ نەبراو بێت، ئەمە بە درێژایی زەمەن ببێتە هۆی باوکسالاری و هەژموون و ستەمی باوک بەسەر بنەماڵە و کۆمەڵگەدا، ئەوا لادان لەو سیستمە و دەمامکهەڵبەستن و خەنجەر لێدان لە باوک، سەر هەڵ دەدات، وەک ئەوەی کە لە مێژووی مرۆڤدا بینیومانە و لە ئەدەبی کوردیشدا بەرهەمێکی درەوشاوەی "حەسار و سەگەکانی باوکم" لە نووسینی شێرزاد حەسەن، باس لەو واقیعە دەکات. 

پێوەندیی پاتریارکییەت و باوکسالارانە و بە گشتی هەموو جۆرە پێوەندییەکی داخراو کە لەو سیستمە ئەخلاقییە داخراوەوە خۆراک وەردەگرن، بەهۆی پێشکەوتنی جیهانی تەکنەلۆجیا و تەقینەوەی پێوەندی و زانیارییەکان، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، یان دەکرێت بڵێین هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەی ئەو گۆڕانە ڕیشەییەدایە. هەنووکە لە جیهانی دیجیتاڵدا ئێمە دەیان و سەتان هاووڵاتی و تاک لە وڵاتانی جیهان و کوردستان دەبینین کە لە لایڤەکانیاندا پێڕەوی لەو نۆرەمە ئەخلاقییە ناکەن کە کۆمەڵگە بۆی دیاری کردوون، تەنانەت ئەگەر پێڕەویشی بکەن، وەک دەمامک یان تەمی شەرمێکە و هیچی تر. 

ڕاستە بەشێک لەم لایڤچییانە ناوەرۆکی بێکەڵک و نالەبار بەرهەم دێنن، بەڵام بمانەوێ یان نا پەیامهێنی ئەو داڕمانەشن کە لە سیستمە داخراوەکاندا هاتوونەتە ئاراوە. ئێمە ناتوانین هەموو ئەمانە بگرین و بەندیان بکەین و بڵێین بەو شێوەیە کۆمەڵگە دەپارێزین، بەڵکوو دەبێت درزێکیان بۆ بکەینەوە بە کەمترین کێشە و تێکدانی ئاسایش و بەهرەمەندبوون لە ئازادی، گوزارشت لە خۆیان بکەن و هاوکات لە پرۆسەی وشیاریسازیشدا چالاک بین. 

ئەگەر نموونەیەک لەو داڕمانە ئەخلاقییەی بەسەر پردی چاکسازی و وشیاریدا تێنەپەڕی و خەساری لێ کەوتەوە بهێنمەوە، دەبێت  ئاماژە بە (س ، ک) بکەم. ئەم جۆرە بابەتانە نابێت ببنە هۆی شڵەژان و خۆگێلکردن، بەڵکوو دەبێت ببنە مایەی شیکاری و وانە لێ وەرگرتن. ئەو کەسە بەهۆی دۆخی خێزانیی نالەبار و ناتەندروست و هاوکات دەستڕاگەیشتنی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەشێوەی بەرفرەوان و ئازادییەکی ناوەخت کە وەریگرتبوو، تووشی ئەو کێشەیە بوو، بەڵام پاش ماوەیەک بایدایەوە و بە حساب ئیمانی هێنا و هاتەوە سەر ڕێگە ڕاستەکە. ئەوەی کە کامە ڕێگە ڕاستەکە و ئەو داکەوتنەی ئەو خاتوونە چەندی مایەی بەزەییە و چەندی مایەی نەفرەت، باسی من و ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن لە کۆمەڵگە بكۆڵنەوە نییە، بەڵکوو تێبینیی من لەسەر تێگەیشتنە لەو بابەتە کە بە فۆرمی دیکە ڕەنگە ئێستەیش بە ناو بەشێک لە کۆمەڵگەدا شۆڕ بووبێتەو و پەرەی سەندبێت. 

ئەو پرۆسەی داکەوتن (پۆرنکاری) و گەڕانەوە (تۆبە)، ئایا بۆ کەسێکی منداڵکار و بێ پەروەردەی دروست کە بەر نەفرەتی کۆمەڵگە کەوتووە، تا سەر وەڵامدەرەوە دەبێت؟ یان ئەو کەسە دەمامکی نوێی هەڵبەستووە و دەیەوێت لەو نەفرەتە هەڵبێت؟ ئاخۆ ناکرێت ئەوە وانەیەک بێت بۆ ئێمە کە ئەگەر بێتوو کۆمەڵگەیەک بە هەموو خۆشگوزەرانیشەوە سۆز و میهری منداڵەکانی بەدی نەهێنێت، هیچ سیستمێکی ئەخلاقیی داخراو لە ئەستۆی لەقاوکردنی نایەت؟ یا ئەمە پشتڕاستی ئەو تێڕوانینە فکریانە بۆ ئەخلاق ناکاتەوە کە منداڵەکان بە وشیاری و پەروەردە بخەنە ناو بژاردەکانەوە، تا ئازادیی بە عەقڵ ئەزموون بکەن نەک بە گرێی دەروونی و نەفرەت و کینە و یاخیبوونەوە؟ 

پێم وایە ئەمە تەنیا یەکێک لەو وانانەیە کە ئێمە دەبێت لە پێوەندیی نێوان ئەخلاق و تەکنەلۆجیا لە کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵ کە هێشتا خاوەنی کرانەوەی پێویستی پڕ بەو ناوە واتە دیجیتاڵبوون نییە، وەربگرین و بیکەین بە چرایەک بۆ ڕووناکتر بینینی سیستمی بەها ئەخلاقییەکان و پەروەردەی خێزان و مومارەسەکردنی ئازادی لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئەگەرچی فرەڕەنگ و كەمێك كراوەیە، بەڵام بە قووڵیش لەناو بەها ئەخلاقییەکاندا باڵای کردووە و ویژدانێکی ئەخلاقیانەی هەیە.