ئەمڕۆ لە دەزگا ناسراوەکانی ڕاگەیاندن گرتەیەکی ڤیدیۆم بینی (بافڵ جەلال تاڵەبانی) لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا دەڵێت "کەی کاتی نەوەی نوێیە، حوشتر". لەم دەربڕینە چەند شتێكمان بۆ ساخ دەبێتەوە. لەوانە:
ڕۆژنامەنووسەکە کەسێکی دیار و بە کردەوە ڕۆژنامەنووس بێت، یان نا، بەرپرسە لە پرسیار و پێویستە رێز لە کەسایەتی و پیشەکەی بگیرێت. ئێمە دەزانین ڕۆژنامەنووس لە هەموو دنیا، بە تایبەت لەو شوێن و جیۆگرافیایانەی دیموکراتین و یاسا باڵادەستە، وەک کەسایەتییەکی مەعنەوی و پیشەیی و پێشەنگ، دیقەتی لێ دەدرێت. ئەو ڕێز لە پیشەکەی خۆی دەگرێت و سنووری پێوەندییە سروشتییەکان نابەزێت، هەروەها دەزگا فەرمی و هێزە سیاسییەکانیش دەبێت وەک کەسانی خاوەن پێگە و پارێزراو سەیری ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن.
لە ئالەکی دندا ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران هەردەم داکۆکیکەری پیشە و کەسایەتی خۆیانن، پێش ئەوەی داکۆکی لە هەقیقەت و بەدەستهێنانی زانیاری و ئەرکە پیشەییەکەیان بکەن.
سیاسییەکان و هێز و کەسایەتییە باڵادەستەکان، هەرچییەک بن و لە هەر پلە و پایە و پێگەیەکدا بن، هەر گاڤێک سووکایەتی و هەڕەشەیان کرد و هەنگاویان بۆ شکاندنی پیشەی ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەوان خۆی نا، واتا بە کردەوە پێشێلی ئازادی دەربڕین و ئازادانە بە دەستهێنانی زانیاری و کاری ڕاگەیاندن دەكەن. ئەو زاراوەی (بافڵ جەلال تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەرانبەر ئەم ڕۆژنامەنووسە بەکاری هێنا، نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمان و تێکچوونی پێوەندی ڕێزلێگیراو و متمانەداری نێوان سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووس خۆی، جۆرێکیشە لە هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ بێدەنگکردن و دەمگرتنی ناپەسەندی ڕۆژنامەنووسەکان.
لە هەمانکاتدا سووکایەتی و هەڕەشە و ناشیرین نیشاندانی کردەی دیموکراسییە، کە لە کردەوەدا ئەو دەڤەر و جیۆگرافیایە بەپێی ئەم ڕەفتارانە بێت، دۆخەکەی نیمچە کابۆیی و سنوورشکاندنی بەها پیشەییەکانی ڕاگەیاندنی تێدایە و داڕمانی پێوەندی سروشتی نێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن پێشان دەدات، هەروەها ئەم ڕەفتارە نیشانی دەدات، ڕۆژنامەنووسان لە جیاتی گولە لەرێگەی بەکارهێنانی (وشە و بە قسە) دەکوژرێن و کەسایەتییان بریندار دەکرێت و پیشەکەیان بە کارێکی نەگونجاوی بێ بەها و دوور لە ڕەفتاری مرۆڤانە و بێ بنەما دادەنرێت.
یەکەم جارە لە نێو ئەتواری سیاسیی کوردستان ڕۆژنامەنووس بەم ئاشکرایە و لە بەردەم ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و دامەزراوەکان و ڕای گشتی بێ منەتانە بە (حوشتر) وەسف بکرێت و وەسفکردنەکەیش لەلایەن کەسی یەکەمی هێزێکی سیاسی کاریگەرەوە بەکار بهێنرێت. بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان ئەم دەستەواژە کەرامەتشکێنانە ڕیسوا بکەن، بێدەنگی بەرانبەر ئەم وەسف و ڕەفتارانە، بنەمای پاشکۆبوون و کۆیلەبوون بۆ هێزی سیاسی بەهێز و فراوانتر دەکات.
پێویستە ڕۆژنامەنووسەکە خۆی و ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکات، سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.
پێویستە ڕۆژنامەنووسان وەک پیشە داکۆکی لە کەسایەتی و پیشە و بنەما سەرەکییە متمانەدارەکانی کارەکەیان بکەن.
وەک جۆرێک لە ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارە خراپە، ناسەردەمی و دژ بە دیموکراسییەی (بافڵ تاڵەبانی) ناونیشانی ئەم بابەتەم کردە (حوشترنووس)، هەرچەندە ئەو مەبەستی (ڕۆژنامەحوشتر)ە و منیش مەبەستم خراپ وەسفکردنی ڕۆژانمەنووس نییە، لای من کارەکە پیرۆز و گرنگە، پیشەکەی لە دەیان وەزیر کاریگەرتر و چاکترە. ئەو بەم ئاخاوتن و رەفتارە ڕاستەوخۆ و بە زەقی هێرش دەکاتە سەر کەسەکە، کە پرسیاری لێ دەکات.
هیچ کاتێک ئەو کەسانە ئازاد و ئازا نین کە دەیانەوێت سووکایەتی بە کەسانی دیکە بکەن، بێ ڕەچاوکردنی بەها کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی بەرانبەرەکەیان و بەم جۆرە دەستەواژانە سەرکوت و سەرشۆڕ و پیشەشکێنیان بکەن، هیچ کاتێک دیموکراسی ڕێگە بە هیچ هێز و کەسێک نادات ناوزڕاندنی بەرانبەرەکەی وەک پاڵەوانیەتی و مۆدێل و تێکشکاندنی سنوورە باوە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەی سیاسی بۆ دەمکوت و سەرکوت و بچووککردنەوەی بەرانبەرەکەی بە مەبەست و پێداگرییەوە، بەکار بێنن.