حوشتر حەیوانێکی بە تەحەمولە و پاڵەوانی بیابانە، لە پلەی بەرزی گەرمادا دەتوانێت 10 ڕۆژ بێ ئاو بژی و ڕێگەی دوور بە خێرایی 40 کیلۆمەتر لە سەعاتێكدا ببڕێت. ئەو لە یەکەم ئاژەڵەكانە كە ماڵی کراوە و شیر و گۆشت و هەروەها تووکەکەی سوودی لێ وەردەگیرێ. حوشتر گیاندارێکی کاوێژکەرە و هەر ئەمەیش هێزی داوەتێ بەشێوەیەکی ئابووری و حەکیمانە خۆراکەکەی هەڵگرێت و دەستی پێوە بگرێت، یان بە جۆرێکی دیکە بڵێین ئەندازەی ئۆرگانیی خواردنی خۆی بکات، تا بەرگەی ڕۆژە تاقەتپڕووکێن و گەرمەکانی بیابان بگرێت. حوشتر هەروەها بۆ گواستنەوەی ڕێبوار و گەشتیار لە شوێنە بیابانییەکان ناوازەترین ئامرازی گەیاندنە.
حوشتر جۆری زۆر بوو، بەڵام ئێستە لەناو چوون و تەنیا سێ جۆریان ماونەتەوە، یەکەمیان حوشتری دوو کۆپانە کە زیاتر لە ئاسیای ناوەڕاستن. دووەمیان حوشتری یەک کۆپانی عەرەبییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بیابانی گەورەی ئەفەریقا و باشووری ئاسیا و هەروەها لە ئۆسترالیاش هەیە. سێەمین حوشتری سێ کۆپانەی وەحشییە کە لە ناوچە دوورەدەستەکانی باکوری ڕۆژئاوای چین و مەغولستان هەن.
خوێنەری بەڕێز، وتارەکەی من لەبارەی زیندەوەرناسی نییە، بەڵکوو لەبارەی حوشتر وەک میتافۆڕێکە! میتافۆڕ و ئاماژەیەکی خوازراو کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و ڕۆژانە و میدیاییشماندا نامۆیە. تەنیا ویستم بڕێک حوشتر بناسین و دواتر بێینە سەر ئەو میتافۆڕەی کاک بافڵ دەرهەق بە ڕٶژنامەنووسێک بەکاری هێنا. هەموو تایبەتمەندییەکانی حوشتر لێک بدەینەوە جگە لە باشە هیچی دیکەی تێدا نابینینەوە، تەنانەت هەندێ باوەڕی پیرۆزکراو هەن بۆ میزی حوشتر، گوایە شیفای چەندان دەردە! بیستووە و خوێندوومەتەوە پێشتر مەلا عەلی کەڵەک هەبوو میزی حوشتری بۆ هەندێک پەڕلەمانتاریش نووساوە تا بەکاری بێنن و لە ئازار دەرباز بن!
حوشتر لەو چەند دێڕەی باسم کرد، پڕە لە تایبەتمەندی باش و ڕۆڵێکی مەزن و یەکلاکەوەرەی بینیوە لە جێگیرکردنی شارستانییەتە سەرەتاییەکان، بە تابەتی لە ناوچە بیابانی و دەشتاییەکاندا، بەڵام ئایا ئەو میتافۆڕە کە کەسێکی سیاسی (هەڵبەت من ناتوانم قبووڵ بکەم کاک بافڵ کەسێکی سیاسییە، هێندەی باوەڕم وایە پێگەیەكی سیاسیی داگیر کردووە! چونکە هیچ سیاسییەک خۆی ناهێنێتە ئاستی شۆمەن و یوتوبەر و دەڵاڵی بازاڕی ڕەش و ئێستەیش ناو و ناتۆرە بەخشینەوە بۆ هەڵگرانی کۆڵەکەی چوارەمی دیموکراسی! چەندە غەریبە ئەم هەڵگرانەی ئەرک، ئەوەندە زوڵم و جەفایان لێ دەکرێت!)، لە بەردەم دەیان کامێرا و بە دەربڕینی ئەو، حوشتر بە رۆژنامەنووس دەڵێت،
هەر بە ڕاست تاڵەبانی مەبەستی ئەو زیندەوەرە شارستانییەتسازەیە کە لە سەرەوە باسم کرد، یا مەبەستی شتێکی دیاریکراوە لە حوشتردا؟ من دڵنیا نیم کاک بافڵ هەر بیریشی لەوە کردبێتەوە حوشتر چ جۆرە گیانەوەرێکە و چەند تایبەتمەندی باشی هەیە و بە دیاریکراوی مەبەستی لەوەی کە بە ڕۆژنامەنووسێکی دەڵێت، چییە؟ ئایا مەبەستی ئەوە بووە بێدەنگ بە؟ ئایا ئەگەر مەبەستی بێدەنگکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە بووبێت تا باسی نەوەی نوێ و هاوپەیمانییە نوێ سەیرەکەیان نەکات، نەیدەتوانی بە وشەیەکی دیکە وەڵامی بداتەوە؟ نەیدەتوانی بڵێت ببوورە وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە؟ یا ئەتەکێتی کەسێکی سیاسی و ناو پانتایی گشتی لەم شوێنانەدا خۆی پێشان نادات؟
دەی باشە ئەگەر مەبەستی بێدەنگکردن بووە و نەیتوانیوە پێی بڵێ بێدەنگ بە و حوشتری بەکار هێناوە، بە ڕاستی زانیویەتی مەبەستی بە وردی کام تایبەتمەندیی حوشترە کە ئێمەی ڕٶژنامەنووسانی بێ پشتوپەنا و سەربزێوی پێ ناو دەبات؟ یان مەبەستی ئەوەبووە تۆ جاهیلی کە ئەم پرسیارە دەکەی؟ یان نا مەبەستی ئەوەبووە کە بە جۆرێک بڵێت حوشتر گیاندارێکی عەرەبییە زیاتر و من ڕقم لێیەتی و دەتوانم بۆ هەر شت و کەسێک کە حەزم لە تەشک و دەمودووی نەکرد، بەکاری بێنم! بەس کاک بافڵ هەموومان دەزانین ئەمە نییە، چونکە لەو ڕۆژەوەی جەنابت بووی بە سەرۆکی یەکێتی، هیچ کەسێک هێندەی ئێوە عێراقچی نەبووە! تەنانەت کاک قوبادی برایشت لە خۆشەویستیی و حەزی بۆ سەرکەوتنی تیمی تۆپی پێی عێراق! خۆی نەدزییەوە و نادزێتەوە!
هەموو ئەم پرسیار و ئەگەرانە بۆ منی ڕۆژنامەنووس ڕوونن، تۆ حوشتر ناناسی، ڕەنگە گۆشتەکەیت خواردبێت، بەڵام گرنگ نەبووە بۆت ئەو گیاندارە چ جۆرە ئۆرگانیکێکی هەبووە! ئەو حوشترەی تۆ ناوی دەبەی و بۆ ڕۆژنامەنووس بەکاری دەهێنی، مانا میتافۆڕی و خوازەیییەکەی تەنیا یەک شتە، ئەویش بێڕێزی و سووککردنی دوا کۆڵەکەی بە پێوەوەستاوی شاری سلێمانییە کە ئەویش ڕٶژنامەنووس و ڕۆژنامەوانییە.
حوشتر لە زمانی شۆمەنێکی یوتوبەریستی... مانای زۆری هەیە، من شەرمم دێ لێرەدا باسی بکەم و بیگوازمەوە، لەبەرئەوەی جیهانی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەنووسان چەندە غەدرلێکراو و مەزڵووم و داماون، هێندەیش پیرۆز و شیاوی ڕێزن.
هەر هێندە دەڵێم ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسێک دەتوانێت خەونە خۆش و ئارامەکانت بتارێنێت و بە ڕاپۆرت و نووسین و ... تەختوتاراجی بە میرات پێگەیشتووت بەرەو تەشقی عاسمانێ بکات بە دوو و بۆکڕووزی تا ئەوسەری دنیا بڕوات! ئێمە حوشتر نین، حوشترخنکێنین!