وروژاندنی قسەی نابەرپرسیارانەی نەمانی هەرێمی کوردستان، جگە لە نەمان و ڕسوابوونی جووڵانەوەکەی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت،
ڕوونە شاسوار هێشتا ترس و دڵەڕاوکێی زیندانی لەسەر ماوە و وەک مۆتەکە بەدوایەوەن، بۆیە باکی نییە بەوەی لێدوانەکانی پێشووی خۆیشی بەدرۆ بخاتەوە، بۆیە ئـەوەی دەیانەوێت بگوترێت، لەڕێگەی ئـەو بازرگانە سیاسییەوە دەوروژێنرێت و باس دەکرێت، بەڵام لە ڕاستی و لەژێر پەردەدا هەوڵی کەس و خەڵکی دیکەن.
پارتی باش دڵنیایە ئـەوان ئـەگەر 50 کورسیشیان هەبێت، ناوێرن دانیشتنی پەرلەمان ڕێک بخەن، چونکە 15 کورسییەکانی نەوەی نوێ بوونەتە ڕابردووی کۆی ئـەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن هێناویەتی، ئـەگینا لە ڕووی پڕاکتیکەوە و لە واقیعدا ئـەو ژمارەیە باتڵە و نەماوە. دەرکەوتنی ڕاستییەکانی ئـەو قسەیەم کات و دانیشتنی پەرلەمان دەیسەلمێنێت.
نەوەی نوێ بەرچاویان ڕوونە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چی چاوەڕوانیان دەکات، لە ئـێستەوە ئـەو جووڵانەوەیە ئـیفلیج و شەلە، یەک کەس قسە دەکات، لە ماڵەکەی خۆی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی دەبەستێت، بڕیار دەدات، کوبوونەوە دەکات و ئەوە دەرکەوت ڕێککەوتنی ناچاریشی پێ دەکرێت، ئـەویش بازرگانێکی هەڵتۆقیوە کە لەگەڵ مەترسی خستنەسەر بەرژەوەندییە ئـابوورییەکانی، شتێک نامێنێ بەناوی حزب و جووڵانەوە و بڕیاری دەستەجەمعی وەک ئـەوەی لە زیندان لەگەڵی کرا، موژدانەی نەمانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی ناچاری نێو زیندانیش بە نموونە.
بزووتنەوەی گۆڕان لانی کەم گردێکیان ماوە بۆ یادگاری زەمانی زوو، یەکێک پێم بڵێت نەوەی نوێ چ شتێک لە دوای خۆی جێدەهێڵی وەک یادگاری؟.