لە ماوەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران توانی شۆڕشێكی فراوان لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەدا بەرجەستە بكات. لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان و ناوچەكە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەكان بوون، كابینەی نۆیەم توانی هەنگاوگەلێكی گرنگ بۆ گەشە و پێشكەوتن بنێت.
بەردەوامبوونی كاروانی پێشكەشكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، لە پێشینەی ئامانجەكانی مەسروور بارزانی بوون بە درێژایی ماوەی كابینەی نۆیەم، بۆ بنیاتنانی ژیانێكی شایستە بۆ دانیشتووانی هەرێم، بەرپرسیارێتییەكی قورس لە ئەستۆ گرت و سەرەڕای هەموو ئاستەنگە ناوخۆیی و ناوچەییەكان، سەركەوتنێكی گرنگ و مێژوویی تۆمار كرد.
ئەگەر بە وێژدانەوە چاو لە گۆڕانكاری و پێشكەوتنە دوابەدواكانی هەرێمی كوردستان بكەین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئاشكرایە كە هەرێم هەنگاوگەلێكی گرنگی بەرەوپێش ناوە، وەك دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری، گەشەپێدانی ڕێگەوبان، بنبڕكردنی كێشەی ئاو، بەدیجیتاڵیكردنی فەرمانگەكان، دروستكردنی بەنداو و پۆند، گرنگیدان بە ناوچە گەشتیارییەكان، سەوزكردنی ناو شارەكان و گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە، هەروەها بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، هەموویان بەشێكن لە پرۆسەی بنیاتنانی كوردستانێكی پێشكەوتوو.
لە بواری خزمەتگوزاریدا، هەوڵەكان تەنیا لە سنووری پڕۆژە گەورەكاندا نەماون، بەڵكو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەبووە. پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە شارستانییەكان، باشتركردنی ژینگەی شارەكان و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و ئابووری، هەنگاوگەلێكن بۆ دابینكردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ نەوەكانی داهاتوو.
ئەم هەنگاو و پڕۆژانە بوونەتە هۆی باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان و هەروەها پێگەی هەرێمی كوردستانیان لە ناوچەكەدا بەهێزتر كردووە. ئەو گۆڕانكارییانە نیشانەی ئەوەن كە ئاوەدانی، خزمەتگوزاری و گەشەسەندن، دەتوانن ببنە بناغەی پێشكەوتنی وڵات و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان.
لە كۆتاییدا درێژەدان بە ڕێگەی ئاوەدانی و پێشكەوتن و پاراستنی دەستكەوتەكان، بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەمووانە. كوردستان پێویستی بە یەكگرتوویی، هاوكاری و پشتگیری هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەی گەشە و پێشكەوتن بەردەوام بێت و داهاتوویەكی باشتر بۆ گەل و وڵات دابین بكرێت.