مەلا نوێنەری خوا نییە

PM:12:23:02/07/2026 ‌
مەلایەك، بە ناوی نازانم (كەلەباشی) بە دەنگێكی بەرز و نێرانە لە وتارێكیدا دەڵێت: نوێژ لەو مزگەوتە دروست نییە و وەرناگیرێت كە لە هەولێر دروست دەكرێت. مەلا، وەك ئەوەی نوێنەری خودا بێت، بیری چووەتەوە ئەو جگە لە فەرمانبەر یان كارەكتەرێكی ئاینی كە تەنیا لە سەریەتی ڕێنوێنی لەبارەی كاری چاكە و دووركەوتنەوە لە خراپە بدات، نوێنەری خودا نییە (خودا پەنامان بدات)، تا لە جیاتی ئەو بڕیار بدات. 

مەلا كەلەباشی، بەلایەوە ئاساییە مزگەوتەكان، بە پارەی ڕێكخراوە ئیخوانی و ئیسلامییە توندرۆ و هزرداعشی و وەهابییەكان دروست بكرێن و نوێژی تێدا بكرێت، بەڵام حكوومەتی هەرێم دروستی نەكات! ئەم مەلایە بە لایەوە ئاساییە بەناو كەسێكی خێرخواز، پارەی كۆكراوەی باجی سەندنی شوێنەكانی خواردنەوەی مەی لە خۆرئاوا كۆ بكاتەوە و بینێرێتەوە كوردستان و مزگەوتێكی پێ دروست بكرێت، بەڵام حكوومەتی هەرێم نا! 

ئەم مەلایە، كێشەی نییە مزگەوتەكان هێماسازیی سەردەمی خەلیفەكانی عەباسی و كولتووری عەرەب و كەنداوییان هەبێت، بەڵام دژی ئەوەیە مزگەوتێك لە سەر دیزایینی كوردەوارییانە و شێوەی ڕشماڵی كوردانە دروست بكرێت و یەكەمی جیهان بێ،  چونكە لە بنەڕەتدا ئەو بەر لەوەی كوردانە بیر بكاتەوە و كورد بێت، ئاینەگەرانەی عەرەبی مێشكی داگیر كردووە. ڕوونیشە لە ئیسلامدا، نەتەوە بایەخێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام لەوانە هەموویان گەڕێ، تەنیا دەپرسم ئایا مەلا نوێنەری خودایە؟ لە قورئانی پیرۆزدا، لە هەموو جێگە و شوێنێك، خودا باس لەوە دەكات كە پەیامبەر، جگە لە پەیامگەرێك هیچیتری لە سەر نییە ( وما علی رسولی الا بلاغ و موبین). واتا ئەو تەنیا لە سەریەتی پەیامەكە بگەیەنێت. وێرای ئەمەیش، پرسیار لەبارەی هەر شتێكەوە لە پەیامبەر كرابێت، نەیتوانیوە وەڵام بداتەوە. لێی دەپرسن ڕۆح چییە؟ خوا پێی دەڵێت، بڵێ "ڕۆح لە كاروباری خودایە". لێی دەپرسن ئەنفال چییە؟ خودا پێی دەڵێت "تێیانگەیەنە ئەنفال ئەمەیە". 

پەیامبەر، پێگەیەكی گەورە و شكۆمەندانەی لای پەروەردیگار هەیە و ناوی لە تەك ناوی ئەو دێت و هیچ شایەتومانێك بۆ تاكایەتی خودا، بەبێ تەواوكردنی رەسولی خودا وەرناگیرێت. ئەو كە ئەم هەموو گەورەیی و پێگەی لای خودا هەبێت و جگە لە گەیاندنی پەیامەكە هیچی تری لە سەر نەبێت، چۆن مەلایەك كە گوایە لە ئاین قووڵ بووەتەوە، فەتوای ئەوە دەدات كە نوێژ لە مزگەوتێكدا دروست نییە لەوەی تریان حەڵاڵە؟ كێ ئەو مافەی بە مەلای خۆ لێ گۆڕاو داوە؟ بە پشتبەستن بە كام ئایەتی قورئان، مەلا كەلەباشی بۆی هەیە، نوێژی مسوڵمانان باتڵ بكات كە پەیامبەر ئەو دەسەڵاتەی نەبووە؟ نوێژكردن، پێوندی مرۆڤە بۆ خودا، سرووشێكی ئاینییە، مسوڵمان دەتوانێت لە بیابان لەسەر شاخ، لەناو زەریا، لە مزگەوت، لە تەویلەیش نوێژی خۆی بكات، چونكە مرۆڤ نوێژ بۆ خودا دەكات، خوداش دەبێ لەناو دڵدا و بێت نیەت دەخوێنێتەوە، نەك مزگەوت و شوێن. 

ئەم جۆرە لێدوانانە، هەڵگڕی بیروباوەری نەتەوەیی و كوردانە نین، مەترسین بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاینی، دڕدۆنگی و دوودڵی لای مسوڵمانان دروست دەكات، ئەم جۆرە قسانە، مافی مەلایەكی نەناسراو نییە تا بیكات، بەڵكو ئێمە لیژنەی فتوامان هەیە، ئەوان دەتوانن پرس و بابەتە ئاینییەكان یەكلا بكەنەوە. 
مەلای كورد، ئەگەر بڕوای بە كوردایەتیی و خۆشویستنی نیشتمان و خاكەكەی هەبێت، دەبێ تا سەر ئێسقان دڵخۆش بێت بە دروستكردنی مزگەوتێك لەسەر شێوازی كوردەوارییانە، نەك ئەمەوی و عەباسییەكان، چونكە ئەم كارە دەلالەتە لەوەی كوردیش ئاینەكەی خۆی خۆش دەوێت و خواپەرستی دەكات. 

بەشێكی زۆری مەلاكانی ئێمە، پێگە ئاینییەكەیان قۆستووەتەوە و قسە لەسەر هەموو پرس و بابەتێك دەكەن، لە كاتێكدا ئەركی ئەوان تەنیا وشیاریی ئاینییە، بەڵام ئایا هیچ وشیاریی و بوێری  و شكۆمەندییەك لەوەدایە دژی دروستكردنی مزگەوتێك بوەستییەوە كە ڕەسەنی مێژوویی و ئەندازیاریی كوردی تێدا پێڕەو دەكرێت؟ ئئایا مەلا دەزانێ ئەو مزگەوتە هێمایەك دەبێت بۆ دەرخستنی پێوەندی مرۆڤی كورد بە ئاینەوە؟ 
دەبێ مەلاكان بزانن مافی ئەوان نییە قسە لەسەر هەموو شتێك بكەن، كۆمەڵگەی ئێمە دەبێ وشیارتر بێتەوە و چیتر لەژێر وتاری خرۆشاویی بەشێك لە مەلا سیاسییەكاندا نەبن، بەڵكو بە ئەقڵی خۆیان بابەتەكان ببینن.