لەم رۆژانەدا دوا دیمەنی ململانێكانی ناو هەرێمی كوردستان، دەركەوتنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێیە بەشێوەیەكی نزم و بازاڕی، ئەو كەسێكە سامانی زۆرە و ئارەزووی دەسەڵات دەكات، بەڵام ئاوەزی هەژارە و خۆی هێناوەتە ئاستێك كە هەڕەشە لە دەستكەوتەكانی كورد بكات. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدات لە هەر دەرفەتێك كەڵك وەربگرێت بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان. جارێك هاوپەیمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات و جارێكی تر لەگەڵ میلیشیاكان باوەش لەیەك دەدەن، هەموو كەلێنێك دەدۆزێتەوە بۆ دروستكردنی كێشە، بەڵام خۆشبەختانە هەرگیز نەبوو بە كەسایەتییەكی سەنگین و بەهادار، بۆیە هەڕەشەكانی لەبارەی ئەزموونی كوردستانیش، وەك قسەكانی پێشووی هەڵدەگیرێن بۆ مێژوو.
شاسوار و ئەو گوتارانەی چەند ساڵ جارێك لە سلێمانی دروست دەبن، ئامانجی سەرەكییان لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە كە بە گشتیی دەتوانم بڵێم، ئەوان تێناگەن پێگەكەی بۆ كورد چەند گرنگە. ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان وەك نموونەیەك باس دەكەم كە لە كاتی هێرشی هەمەجییەكاندا بۆ سڕینەوە و لەباربردنی هەموو دەسكەوتەكانی كورد لە سووریا، ساتێكی خەمگین و پڕ لە نائومێدیمان بەسەر دەبرد ئەو ڕۆژانە، بیر دەكەمەوە هەرێمی كوردستان نەبووایە، ئێستە ڕەنگە منیش نەمامایە و ئەم وتارەم بنووسیایە.
زۆربەی جار كە لە شوێنێك كارەساتی مرۆیی و شەڕ ڕوو دەدات، دەیان وڵات هاوكاریی دەكەن، بەڵام ئێمە بێكەس بووین و تەنیا باشووری كوردستان بوو كە توانی ڕۆڵی دەیان وڵاتەكە ببینێت و بە ئاستێكی بەرزی دیپلۆماسی و توانایەكی گەورەی كۆمەكی مرۆییەوە، هەموو شتێكیان كرد بۆ ئەوەی هیوامان بۆ دروست بكەنەوە و بەهێز بین و بەرگریی بكەین. پێم وایە ئەمە بەسە بۆ مرۆڤی ئەقڵانی هەتا لە پێگە و بەهای هەرێمی كوردستان تێبگات، بەڵام داخەكەم ئازادی هەندێك جار بەهاكان كاڵ دەكاتەوە و ئەمە ڕێك لە باشوور ڕووی داوە كە هەندێك كەس پەیدا بوون، لە مەترسییەكان تێناگەن یان خۆیانی لێ گێل دەكەن و ئامادەن دەستی هەموو نەیارێك بگرن بۆ لاوازكردن.
وەك دەبینین و دەخوێنینەوە، زۆرینەی ئەم هەوڵانە لە شەستەكانەوە دەستی پێ كردووە و تا ئێستەیش بەردەوامیی هەیە، ئامانجەكەیش لێدانە لە پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانییەكان، بەڵام چەند ساڵێكە جۆری ئەم ململانێیە گۆڕاوە و گرووپێكی سیاسیی پەیدا بوون كە كاركردنی خۆیان گۆڕیوە بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد و لەوێشەوە پارتی، سەیر لەوەدایە ئەمانە وانە لە مێژوو وەرناگرن و گەنجیشن كە چاوەڕوان دەكرا دنیابینییەكی باشتریان هەبێت، بەدەم ئەو خواستەی نەوەی تازەی كوردەوە بچن كە دنیایان هەژاند بۆ پشتیوانیی رۆژئاوای كوردستان و تاكە ئاماژەی پشت ئەو خرۆشانە، زیندووبوونەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی گەنجی كورد بوو، كەچی ئەم برادەرانەی سلێمانی، گۆڕەپانەكەیان جێهێشتووە بۆ پارتی و دژی كورد دەجووڵێن، ئەگەرچی نیازیشیان وا نەبێت، بەڵام هەر ناكۆكی و پەكخستنێكی دەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پێگەی كورد لاواز دەكات، هەر ئەمەیە وایكردووە لای كورد لە سەرانسەری دنیادا خاوەندارییەكە بووەتە هی پارتی و بارزانی و ئەوانی تریش خەریكی لێدانن لە هێز و وزەی كورد و نائومێدمان دەكەن.
بیهێنەوە بەرچاوت لە ماوەی ڕابردوودا كەسێك بەناوی خورشید هەركی لە رۆژئاوای هەولێر، چەكداری كۆ دەكردەوە و هەڕەشەی لە پێگە ئابوورییەكانی كوردستان دەكرد ئەگەر سەرانەی نەدەنێ، جارێكیش ڕووبەڕووی هێزی زێرەڤانی بوونەوە و پێشمەرگەیەك شەهید بوو، ئەمە هەر چۆن سەیری بكەی، هەر لێدان و مەترسییە لەسەر پایتەختی كوردان و هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری، هەموو حزب و سەركردەی سلێمانی بە میدیا و پارەوە پشتیوانی ئەم خورشیدەیان دەكرد بۆ ئەوەی كوردستان لاواز بكەن، ئەوەندە بچووك بوون تەنانەت بۆ وێنەگرتنێك لەگەڵ ئەم كەسە هەموو هەوڵی خۆیان خستبووە گەڕ، چما تۆ ئەمە دنیای بیركردنەوەت بێ، چۆن ئێمە بە دوژمنی كوردستانت نەزانین؟ ڕاستە ئێمە لەناو هەرێمەكەدا ناژین، بەڵام میدیاكانتان و سۆشیال میدیای هەموو لایەنەكان سەیر دەكەین و جۆری كاركردنتان هەڵدەسەنگێنین.
ئیتر با درێژەی نەدەمێ، ئێمەی كورد چاوەڕوانی ئەوەتان لێ دەكەین یەكگرتوو بن، پێگەی هەرێم بەهێز بكەن و ئەگەر ململانێیەك لە ناوخۆیش هەیە، دەستی دەرەكی مەخەنە ناوەوە و داودەزگا لاواز مەكەن، ئەگەرنا خۆ چاوەڕوان نین بازرگانێكی وەك شاسوار، ستراتیج و ئامانجی نەتەوەیی هەبێت، بەڵام ناشمانەوێ لەوە نائومێدترمان بكەن و ئەم هەموو مانۆڕە لە میدیا و لێدوانە ئاستنزمەكانەوە بەردەوام بن، رێگەی راست شەڕی ناو پەرلەمانە، ئەوەتا پارتی دەڵێ فەرموون وەرن بۆ كۆبوونەوە، بۆ ناچن؟ چیتان دەست دەكەوێ لەو هەرا میدیاییە و دڵی كام دوژمنی پێ خۆش دەكەن؟
قامیشلۆ / ڕۆژئاوای كوردستان