کاتێک دەوڵەت نەتەوەکان دروست بوون، ڕۆحی مێژوویی سەردەمەکەی خۆیان لەگەڵ بوو. لانیکەم ئەم ڕستەیە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمەریکا و دواتر بەشێکی زۆری ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیش ڕاستە و ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە بلۆکی چەپ نەیتوانی بە خەونی نادیار و سەروومێژوو، خەونێک کە لە دەرەوەی ڕۆحی سەردەم بێت، خەونە مەزن، بەڵام خەیاڵییەکانی مارکس، بێنێتە دی. ئەو ڕستەیەی کاریل مارکس کە دەڵێت، ئێمە مێژوومان زۆر ڕاڤە و شرۆڤە کردووە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بیگۆڕین. بە بارێکی تردا دەکەوێتە ناو دیالیکتیکە هیگلییەکەوە و دەمانگەیەنێت بەو قەناعەتەی کاتێک ڕۆحی سەردەم گۆڕەپانی یاریی دیالیکتیکەکە بێت، ئیتر هێزەکانی بەرهەمهێنان و زێدەبەها و بە گشتیی ژێرخان و سەرخان، بەشێک دەبن لەو یارییەی کە ئەنجامەکەی ڕوونە.
من ناتوانم ئەم بابەتە ناسکە فەلسەفییەی ماتریالیزمی دیالیکتیک و ئەندێشەی چەپ شی بکەمەوە، تەنیا دەمەوێت ئەوە بڵێم، خەونی کاڵکردنەوەی دەوڵەت تا سنووری نەهێشتنی، نەک تەنیا لە یەکێتی سۆڤیەت شکستی هێنا، بەڵکوو ئێستەیش زیاتر سەلمێنراوە کە نەتەوە بێدەوڵەتەکان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی نەمان و تواندنەوەدان. واتە ئەگەر بەم ڕوانینە مارکسییەوە بڕوانین، لەبەر یەکگرتنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهان، کێشە نییە ئەگەر شوناسی نەتەوەیەکی وەک کورد، هیچ شوێنەوارێکی لێ نەمێنێتەوە، گرینگ سۆسیالیزم و خەونی ڕزگاریی مرۆڤە، لە کۆتوبەندی کاپیتاڵیزم و بەدیهێنانی سۆسیالیزمێک کە هەر کەس بەپێی ڕەنجی خۆی پشکێکی هاوسەنگی لە دادپەروەری و یەکسانی دەست کەوێت.
ئەم خەون و وێنانە جوانن و ئێستەیش لایەنگریان هەیە، بەڵام لە ڕوانینی دۆزی کوردەوە کە پشتئەستوورە بە ئەزموونی خەباتی مارکسی-لینینی، ئەمە تەنیا خەون و خەیاڵ و بگرە زیاتریش درۆ و دەلەسەیە، وڵاتانی دەوڵەتدار توانیویانە لە ڕێگەیەوە نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەک کوردی پێ بچەوسێننەوە. نموونەی ئەمە لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوولدا هەیە، ئەوکاتەی شیوعییەکان ویستیان دەست بەسەر پارتی دیموکراتی کورد (ئەودەم وایان دەوت) بگرن، بەڵام مەلا مستەفا بارزانی هەرزوو نیازەكەی خوێندنەوە و لە هەڵوێستێکی ژیرانە و بوێرانەدا ئەم پلان و خەونەی پووچەڵ کردەوە، بەشێوەیەک شیوعییەکان خۆیشیان چاوەڕوانیان نەدەکرد. ئەوەبوو دواتر بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانی و هەرێمییەکانەوە، لۆجیکی خوێندنەوەی شیوعییەکان گۆڕا و هاتنە ژێر ڕکێفی گوتاری کوردستانییەوە کە پارتی نوێنەرایەتیی دەکرد.
ئەم ئەزموونە لە پارچەکانی تری کوردستانیش بەداخەوە دەوڵەمەندە، حزبی توودە تا ماوەیەکی زۆر توانی زۆرینەی چالاکییە کوردییەکان لەپێناو خەبات بۆ سوسیالیزمدا بقۆزێتەوە و لە بنیشەوە فاشیزمی تورک و فارس لە شانەی نهێنی و ڕێبەرانیاندا مڵچەی دەهات! ئەمە باسێکی د. فارووق ڕەفیقی کۆچکردووم بیر دێنێتەوە کە نموونەیەکی لە زەینییەتی ئێرانیی ئێستە هێنایەوە و پێم وایە بۆ هەموو سەردەمەکان راستە، واتە هەر لە سەردەمی سەفەوییەوە تا ئێستە. نموونەکە ئەوەبوو، ئێران کورد فێری یۆگا و عیرفان دەکات، كەچی خۆی خەریکی چەکی ئەتۆمییە! قسەکە زۆر ڕاست و کۆنکرێتییە و بە ئاسانی بەسەر ئەو هاوکێشە مێژووییەی سۆسیالیزم بۆ نەتەوە دەوڵەتدارەکان، بەڵام لە ڕێگەی نەتەوە بێدەوڵەتەکانەوە، جێبەجێ دەكرێت.
بەڵام ئەمە سەرێکی باسەکەی منە، سەرێکی دیکەی ئەوەیە، بەگوێرەی ئەو دێڕانەی سەرەوە و لۆجیکی شیکارانەی پشتەوەیان، دەوڵەت نەتەوە پێویستییەکی مێژوویی لانیکەم بۆ ڕۆژئاوا بووە و ئێستەیش ڕەوایی خۆی هەیە بە هەموو قەیران و گرفتەکانییەوە، بەڵام چیرۆکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جۆرێکی ترە. دەوڵەت-نەتەوەکان لێرەدا زیاتر وەک دیاردەیەکی دەسکرد و کۆپییەکی مێژوویی و سێبەری گەشەی ڕۆحی مێژووی ڕۆژئاوا بوون، بۆیە تا ئێستەیش ئێمە دەوڵەت-نەتەوە بە مانا مۆدێڕنەکەی نابینین، تەنانەت دیکتاتۆرەکانی ناو ئەم سیستمانەیش دیکتاتۆری مۆدێڕن نین، بەڵکوو سەرۆک هێز و کوێخا و میر و بەگن، بە جلوبەرگ و ئامرازی مۆدێڕنەوە، نموونەی هەرە دیاریشیان سەدام و بەشار ئەسەد بوون.
میرنشینەکانی کەنداو نموونەیەکی بێ بەڵگە و پێکەنیناوین کە بەناوی دەوڵەتەوە دەناسرێن، کۆمێدیا تاڵەکە لەوەدایە ئەگەر بە ویژدانەوە ڕابمێنین، ئەگەر نەڵێین تەنیا نەتەوە بێگومان دەتوانین بڵێین، یەکێک لە نەتەوە شایستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبێت دەوڵەتی بەهێزی هەبێت، کوردە، کەچی تاقە نەتەوەیەک لە هەموو ناوچەکە و بگرە جیهاندا لەو مافە ڕەوایە بێبەشە، کوردە! ئەمە دژوازییەکانی جیهانی هێز و زلهێز و سەرمایە و هەژموونە، کوردی باشوور توانیوێتی لانیکەم ئەگەر بە تەواویش نەبێت، بیشکێنێت و بەشێک لەو مافە وەرگرێتەوە.
بمانەوێ و نەمانەوێت، ددان بەو ڕاستییەدا بنێین یان نا، باشوور وڵاتی کوردانی جیهانە، ڕاستە بەراورد بە ژمارەی کورد، جیۆگرافیایەكی بچووکە، بەڵام لە ئاستە سیمبولی و ناسنامەییەکەدا بێگومان وڵاتی خەون و نیشتمانیی ئارەزووکراوی هەموومانە، لەم هاوکێشە و ڕووداوگەلە تازەیەی ناوچەکە کۆمەڵێک مەترسیی لەڕێگەدایە دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. ئەگەر تەیار بین، بێگومان بەدیهاتنی ئەو ئامانجە وەک ڕۆژی ڕووناکە و پێویستییە مێژووییەکەیش وەک لەم باسەدا پەرژامەسەری، لەوە زیاترە کە نکۆڵی لێ بکەین.