ئاسایشی نیشتمانیی کۆڵەکەی پاراستنی کیانی هەر وڵاتێکە. مێژووی وڵاتان و کێشە ناوخۆیی و مەترسییە دەرەکییەکانیان ئەوەی سەلماندووە کە درزێکی تەناهی دەتوانێت بوون و کیانی وڵاتێک بخاتە مەترسییەوە، تا ئاستی نەمان. ئەم بابەتە بەر لەوەی بۆ وڵاتانی ناپێشکەوتوو و دیموکرات ڕاست بێت، بۆ وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا ڕاستە. مەبەستەکە ئەوەیە ئەو وڵاتە پێشکەوتووانە بە هەموو پێوەرە باڵاکانی دیموکراسی و حوکمڕانی و كارگێڕییەوە، بە شێوەیەکی توندوتۆڵ یاسا و باری ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان پێناسە کردووە. تا شوێنێک ئەگەر بابەتی ئاسایشیی نیشتمانی بێتە پێشەوە، دەکرێت یاسایش وەلا بنرێت و بچنە سەر ئەو درز و کەلێنەی لە ئاسایشی وڵاتدا دروست بووە.
ئەم بابەتە هێندە ناسک و ئاڵۆزە، دەکرێت سەتان نموونە لە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی بخەینە ڕوو کە تەنانەت هەندێ لە ستراتیجیستەکانیش عەقڵیان بۆی ناچێت، مەگەر زەمەن و تێپەڕێنی کات دەریخات فڵان شت هەڵگری چ مەترسییەک بووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی. بۆ نموونە، ئێستە كە لە سەردەمی کۆرۆنا دوور کەوتووینەتەوە و دەرزییەکەی دروست کرا و جیهان بە ڕادەیەکی زۆر گەڕایەوە دۆخی پێشووی، خوێندنەوەی جیاواز هەیە بۆ چۆنێتی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە ئێپیدیمکە و هەندێک کەس وەک یارییەکی ترسناکی چین و تەنانەت ئەمەریکا دەیبینن، بۆ لێدان لە ئاسایشی نیشتمانیی یەکتر. یا نموونەی ئەو ڤایرۆسە کۆمپیۆتەرییانەی دەتوانن دزە بکەنە ناو سیستمی بانکی و پارە و سەرمایە لە وڵات پەک بخەن و لە درێژماوەدا ببنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی، یاخۆ نەهێشتنی متمانەی بازرگانیی لەناو خەڵک و چینی سەرمایەداردا. ئەم نموونانە هەرە دیار و بینراو و هەستپێکراوەکانن، بەو حاڵەیشەوە دەستنیشانکردنی هەندێکیان ئاڵۆزی و سیحری تایبەت بەخۆی هەبووە.
ئاسایشی نیشتمانیی دەتوانێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی فایلێک یان وێنەیەک لەلایەن ڕۆژنامەوانێكی سەربەخۆ یان ڕاسپێردراوەوە، شوختی تێکەوێت یان ڕەوایی جارانی لە زەینی کۆمەڵگە و جەماوەردا نەمێنێت و پێکهاتەی هێز و دەسەڵات تووشی قەیرانی ڕەوایی تا ئاستی ڕووخان بکات، لە حاڵێکدا ڕەنگە ئەو فایلە هێندەیش قورسایی نەبێت کە وەها شەپۆلێکی ڕووخێنەری لێ بکەوێتەوە. هەموومان دەزانین یاسای ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادی دەربڕین لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمەریكادا، زۆر کراوەیە و بەزاندنی ئەو ئازادییە هێڵی سوور و بڤەیە و تەنانەت ئەگەر سەرۆک کۆماریش بیبەزێنێت، بەپێی پێوانی ڕێڕەوی یاسایی دەکرێت لەلایەن دادوەری گشتییەوە بڕیار دژی سەرۆک کۆمار دەربکرێت، بەڵام کاتێک باسی ئاسایشی نیشتمانیی بێتە ناوەوە، بابەتەکە هەروا ئاسان نییە و دەستبردن بۆی، بڤەیە لە ژێر ڕەوابوونی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییەوە نەک دژی دیموکراسی و ئازادی نییە، بەڵکوو دەبێت بە بابەتێک کە ڕێک بەرگریکاری دیموکراسی و ئازادی بێت.
ئێستە باسەکەی من بەهیچ شێوەیەک هاوسەنگکردنی ئەم نموونانە لە کوردستاندا نییە، چونکە ڕۆژنامەوانی کورد زیاتر لەژێر سێبەری مووچە و رێنوێنی حزبیدا ئیش دەکەن و ئەگەر یەكێكیان هەڵەیەک بکات دژی ئاسایشی نیشتمانی، بێگومان یان دەستی بەناو ئۆپۆزسیۆنی تێدایە یان ڕاسپێردراوێکی دەرەکییە و لە هەردوو حاڵەتدا مەحکوومە بەوەی ڕووبەڕووی ببینەوە بە میکانیزمە یاساییەکان. ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ و نیشتمانیش ڕەخنە و شیکارییان هەیە و من هەمیشە بە چاوی نیازپاکییەوە سەیری بێڕێزییەکانیشیان دەکەم، چونکە دەزانم لە دڵسۆزییەوەیە.
ئەگەر ئەم بابەتە بەنیسبەت ئاسایشی نیشتمانییەوە بە هەند وەربگرین، دەبێت بێینە سەر ئەو شتەی لە کوردستان پێی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن. پرسیاری بنەمایی بە نیسبەت ئۆپۆزسیۆنەوە /پێم وانییە وەک واقیع شتێکی وەها هەر هەبووبێت، چونکە ئاخێزگە و پاڵنەرەکانی هەر نەبوون و نین/ ئەوان تا کوێ بۆیان هەیە گوتارێک ئاراستە بکەن کە دژی ئاسایشی نیشتمانیی بێت؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە ناوی دیموکراسی و ئازادی و هەروەها بوێرییەوە! جەغزی ئاسایشی نیشتمانیی ببەزێنێت و بە کورتانەوە بە ناویدا غارغارێن بکات؟ دیارە مەبەستی ئەم پرسیارانە تەنیا نموونەی شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ دێنێتە بەرچاومان، ئەگەرچی هەرگیز ئەم جووڵانەوەیەم بە ئۆپۆزسیۆن نەزانیوە و وەک بۆ هەمووان دەرکەوتووە، چالاکییەکی بازرگانی-میدیاییە، بەڵام ئاخۆ ئەو گوتارەی ئەم برادەرە ئیشی پێ دەکات، پێشێلکردنی ئاسایشی نیشتمانیی نییە؟ ئایا لێژنە یاساییەکانی کوردستان و کەسانی پەرۆشی ماف و یاساناس، نابێت لەسەر ئەم بابەتە بوەستن؟
لە چ وڵاتێکی سەرزەوی و لە کام قۆناغ لە قۆناغەکانی حوکمڕانی /هەر لە سەردەمی فیۆداڵیەوە تا ئێستەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان/ لایەنێک هاتووە و وتوویەتی یان دەبێت ئەم کیانە نەمێنێت یا پۆستی سەرۆکایەتییمان دەوێت؟ دڵنیام سەرلەبەری مێژوو نموونەیەکی وای تێدا نییە، ئەگەر هەشبێت ئەوا ئیتر ناوی ئۆپۆزسیۆن نییە، بەڵکوو خائین بە وڵات و خۆفرۆش بە ئارەزوو و چڵێسییەکانی خۆی یان مەرام و مەبەستە دەرکییەکانە.
پێویستە کورد وەک نەتەوەیەک کە لە قۆناغی بێدەوڵەتی و هەڕەشەدا دەژی، پێناسەیەکی توندوتۆڵی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی هەبێت و لەوەیش زیاتر ئامرازی جێبەجێکردنی ئەو یاسا توندوتۆڵەی هەبێت و بە زوویی پراکتیزەی بکات! ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێک تۆزێک کەرامەتی مێژوویی و باوەڕی ئەخلاقیی بە خوێن و خەباتی گەلێک هەبووبێت، ڕکابەریی حزبیی و شکستی خۆی ناکات بە بیانوو بۆ لێدان لە پەیکەری خوێنئاڵین، دەیان هەزار قوربانی و شەهید و بریندار و ئەنفالکراو! نوختە سەری دێڕ.