زەواجی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ، لە شوێنێکی داخراو و تەنگەبەری وەک زیندان، جووتبوونێکی زۆرەملێ و سەپێنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێدەچێت بۆ هەر دوولایەن هەڵگری چێژ و ئۆرگازمێكی کاتیی بێت، چونکە نازانن ئەوەی لەو منڵدانە دەزێ، چ جۆرە بێچوویەکە. بیچوویەک کە بەر لە دایکبوویی، مردووە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا چێژە کاتییەكەیە کە زیندانییەكە وەریگرتووە، چێژێک کە بەرلەوەی مانای ڕاستەقینەی هەبێت، هەڵهاتنە لە ئازار، ئازاری زیندانێک کە ئێمە هیچ وێنایەکی دیارمان نییە چٶنچۆنی بۆی دروست کراوە و تا چ ئاستێک بووە. بەڵام ئەوەی خۆیایە ئەوەیە، شاسوار وەک جوێنفرۆشترین لایەنی دژبەری دەسەڵات و یەکێتی، مسقاڵێك پابەندیی بەو بەڵێنانەوە نەبوو کە بە دەنگدەرانی خۆی دا.
ئەو، لە هەموو ئەو گوتارە بەناو ئۆپۆزسیۆنییەی دژی هەر جۆرە گونجانێك لەگەڵ لایەنەكانی سەرەکیی پێکهێنەری دەسەڵات لە کوردستان، دەیدا، پاشەکشەی کرد و ئەو دەنگانەی بەو جۆرە دروشمانە بەدەستی هێناو و بەڵێنی سەتا سەتی دابوو بە هیچ شێوەیەک نەیفرۆشێت و موزایەدەی پێوە نەکات، هەر هەمووی هەرزانفرۆش کرد و بە تاڵانی دا.
کێشەی ئەم بەناو جووڵانەیە ئەوەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، نە هی نەوەی نوێیە و نە شتێکی نوێیشە، تەنانەت ناگاتە ئاستی حزبگەلی بچووک، بەڵام کۆی جووڵانەوەکە لە دەستی یەک کەسدایە و هەر خۆیشی هەموو جووڵانەوەکەیە! تاقانەیی ئەو هەموو کەسە لەناو سیستمی مێدیایی نەوەی نوێدا، بە ڕوونی دەبینرێت. دوای ئەم هەموو ساڵە ئێمە هیچ کارەکتەرێک جگە لە شاسوار نابینین، نە لەسەر شاشە و نە لە ڕووپەڕی ڕاگەیاندن و بانگەشەکانیدا. وتەبێژێکی داماو کە ناوە ناوە خۆی دەکات بە فیلم، بەر لەوەی نیشاندەری بوونی دەنگ و کارەکتەری دیکە بێت، نیشانەی ئەو پێکهاتە دیکتاتۆر و تاکڕەوەیە کە لە ڕێگەی کەسێکی داماو و بێ دەموپلەوە زیاتر خۆی زەق کاتەوە.
شاسوار کەسێک نییە بگاتە ئاستی دیکتاتۆرێک، بەڵکوو کارەکتەرێکی بازرگان و ڕقاوییە کە خواستی خۆپەرستی و دیکتاتۆردۆستیی تێیدا بەهێزە و ئەمەیشی بە باشترین شێوە لە گوتاری شەخسی و میدیایی خۆیدا شاردووەتەوە. ئەگێڕنەوە کاتی خۆی لە ڕۆژئاوا و لە سەردەمی شەڕی درێژخایەنی نێوان ئینگلیز و فرەنسادا، هەر جارێک فرەنسییەکان زەفەریان بهێنایە و بەسەر ئینگلیزدا سەرکەوتنایە، بەپێی نۆرمی باوی شەڕەکانی ئەو سەردەمە، دەسدرێژیی دەکرایە سەر ژنان. دەڵێن یەکێک لە ستراتیژیستە ئینگلیزەکان وتوویەتی، ئەگەر سەردەمێک بە هەر هۆیەک و لەلایەن هەر کەس و هێزێکەوە دەستدرێژیتان کرایە سەر، خۆڕاگریی نەکەن، بەڵکوو خۆتان شل کەن، بەو شێوەیە نەک تەنیا ئەزیەت ناخۆن و ئازار ناکێشن، بەڵکوو چێژیش وەردەگرن.
ئەم تێزی خۆبەدەستەوەدانە، هەمان شت نییە کە شاسوار کردوویەتی، واتە ئەو سەرباری ئەوەی ئازارەکەی لە ڕێگەی خۆشلکردنەوە كردووە بە چێژ، شتێکی تریشی کردووە، پاراستنی سەرمایە و کەسابەتەکەی.
ئەم مامەڵە و زەواجە، نەک تەنیا جووڵانەوەی نەوەی نوێی بە تەواوەتی خەساند، بەڵکوو ئەو ڕاستیەیشی سەلماند کە ئەم جووڵانەوەیە تەنیا بۆ ئارەزووی کەسێکی دیاریکراو ڕێکخراوە و لەناو فەزای سیاسی و ئازادی چالاکیی حزبیدا لە کوردستان، یاریی کردووە. ڕاستییەكەی ئەوانەی دەنگیان بەم جووڵانەوەی شاسوار داوە، بەر لەوەی ئەویان بەدڵ بووبێت، لە دۆخێك ناڕازی بوون و دەستیان بە دڕکێکەوە گرتووە کە هەردوو دەستی بریندار کردوون. کەوتنەخوارەوە لە خەرەندێکی وەهمی، هەمان یاسای ئازادی چالاکیی حزبەکان بەرهەمی هێناوە، هەر کەسێک وا بزانێت تۆزێک دەستی دەڕوات و توانای دامەزراندنی کەناڵێکی هەیە و تۆزێ دروشمباز بێ، دادەنیشێت لەسەر مێژووی نەتەوەی کورد و سیاسەتی کوردی و قەیرانەکان، قسە دەکات و خۆی بە تاقەڕێگەی دەربازبوون لەو قەیرانانە دەبینێت.
دیارە من شیڵگیرانە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەم یاسای ئازادیی چالاکیی حزب و ڕێکخراوەکان بە چەندان مەرجەوە کە دیاریکەری سنووری تۆخی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد بێت، سنوورێکی لۆجیکی و ستراتیجی بۆ دابنرێت. لە کوێڕا مەعقوولە زۆربەی لایەنی بەناو ئۆپۆزسیۆن دژی کوردستان و حکوومەتی کوردی بن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ عێراق و یارییە قێزەونەکانی و سیاسەتی برسیکردن و ئەنفالی سپی نەبێت؟
ئەمە تەنیا ڕوویەکی ئەم بە حساب جووڵانەوەیە کە دوای ئەو هەموو هوتافکێشان و هەڕەشە و گوڕەشە لە یەکێتی و بە چایچی دانانی سەرۆکەکەی، ئێستە نەک وتەبێژێتی، بەڵکوو خۆی بووە بە چاییچی و خزمەتکار، ئەگینا هیچ کات بواری نەدەدا یەکێتی هەڕەشە لە پەرلەمانتارەكانی بکات. ئەم تێڕوانینە دەبێت ئێمە بەرەو ئەو ڕاستییە ببات کە بابەتەکە لە دەرەوەی لایەنگریی حزبی و هۆگریی سیاسییە. ئەم جووڵانەوەیە هیچ ئاسۆیەکی پێناسەکراوی بۆ داهاتوو، خۆشگوزەرانی، پێشکەوتن، نیشتمان، کیان و شوناسی کوردی پێ نییە و کێشەکە ئەوکاتە قووڵتر دەبێتەوە کە یەکێتیش نەک کێشەی لەگەڵ ئەمە نییە، بەڵکوو وزەی لێ وەردەگرێت، ئەمە ئەو کارەساتەیە کە هیچی کەمتر نییە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر! تەنیا دەبێت چاوەڕوان بین کەی و چۆن لە تەپڵی ڕیسوایی یەکتر دەدەن، وەک ئەوەی دواتر لە نێوان كوڕانی تاڵەبانی و ئامۆزاكانیاندا ڕووی دا.