دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ و... چەندان دەستەواژەی دیکە لە زمانی کوردیدا، نیشاندەری ئەوەن کە ئێمە وەک زۆر نەتەوەی تر، پێناسەیەکمان بۆ عەقڵ هەیە و یەکێک لە ڕێگەکانی دەوڵەمەندکردنی عەقڵیش، ڕا گۆڕینەوەیە. هەمان ئەو میتۆدەی چەندان سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح لە یۆنانی کۆن لە ڕێگەی فەیلەسووفی نەمر سوقراتەوە بنیات نرا و بوو بە ڕێچکە و پەیژەی سەرکەوتنی زۆر لە ڕێباز و قوتابخانە فکری و هزرییەکانی دوای خۆی. واتە مادام ئێمە باوەڕمان بە گفتوگۆ هەبوو، یانی باوەڕمان وایە خۆمان عەقڵی گشت و هەموو شتزان نین و لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیتر، ناتەواوی و نیوەچڵییەکانی عەقڵی خۆمان تەواو دەکەین.
ئەگەرچی ئەو میتۆدە بەناوی میتۆدی دیالیکتیکی سوقراتییەوە ناوی دەرکردبوو، بەهۆی ئەوەی سوقرات لەلایەن چەندان توێژی کۆمەڵگەی ئەسینای ئەوکاتەوە گەلەکۆمەی لێ بکرێت و پیلانێکی یاسایی بۆ داڕێژن و بە گەندەڵکردنی گەنجان و بەلاڕێدابردنیانی کۆمەڵگە تۆمەتبار بکرێت، بەڵام ئێستەیش لە هەموو مێژووی فەلسەفە و هزری کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە ناو ڕێبازە هاوچەرخەکانیشدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە پشتی پێ دەبەسترێت. واتە میتۆدی دیالیکتیکی نوێ کراوەتەوە. ئێستەیش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکات.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دیالۆگ و گفتوگۆ نەیار و دوژمنی نییە. مێژوو بیری نەچووە کە سوقرات هەر بەو هۆیەوە هێنرایە بەردەم دادگە و حوکمی نۆشینی ژەهری بەسەردا سەپێنرا. ئەم شانۆیە ئەگەرچی لەو سەردەمەدا و لە گەورە شارێکی پێشکەوتووی وەک ئەسینا خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد، بەڵام ناکرێت بڵێین ئەنجامی کۆی ڕووداوەکە و پەیامی شانۆکە تەنیا ئەوە بووە کە سوقرات بەرەو چاڵی مەرگ ببرێت، بەڵکوو یەکێک لە جومگە گرینگەکانی ئەم ڕووداوە و کۆی پرۆسەکە، هەبوونی سیستمی دادوەری و باوەڕمەندیی نەیارانی گفتوگۆ بە دادگا و یاسا، بووە، ئەو شوێنەی لە سەردەمی ئێستەماندا و لە وڵاتانی ناپێشکەوتوودا، بەهایەکی ئەوتۆی نییە. ئەمە یان بەهۆی لاوازیی دادگە و سیستمی یاساییەوەیە، یاخۆ بەهۆی کولتووری دژەیاسایی و پشتبەستن بە سوڵحی عەشایەریی.
ئەگەر ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەهەر هۆکارێک ڕێگەمان کەوتە دادگە، باسەکە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە لەو دۆسییەیەدا دۆڕاوین یان براوەین، بەڵکوو لایەنی جەوهەریی ئەوەیە کە لە باتی پشتبەستن بە نەریتی کۆن و /ببوورە نەمزانی و سوڵحی عەشایەری/، باوەڕمان بە سیستمی مۆدێڕنی دادوەریی و حاکم هەبێت، بەڵام کاتێک سیستمی دادوەری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نەتوانن لەگەڵ یەکتر بکەونە دیالیکتیکەوە و لەگەڵ یەک هەڵکەن و بگونجێن، نەك تەنیا یاسا پشتگوێ دەخرێت، بەڵکوو سیستمی عەشایەری دەبێتە حاکم و بڕیاردەری ڕووداو و دیاردە نوێکان،
ئەو ڕووداو و دیاردانەی لە مەعریفەی ئەم سیستمەدا هیچ پێگەیەکی بۆ دانەنراوە و بە ئاسانی ڕووداو یا حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی دەسڕێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ بنەما نەگۆڕ و ئایدۆلۆجیەکانی خۆی. واتە هەمان ئەو پێوەرە بەسەرچووانەی بواری بڕیار و حوکمدانی داوەتێ. ئەم پرۆسەیە وەک وتم لە ئەنجامی نەبوونی دیالیکتیکی بزۆز و کارامەی نێوان سیستمی مۆدێڕنی یاسایی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی /بە هەموو فۆرم و ڕەنگەکانییەوە/ دێتە ئاراوە، واتە لێرەدا دیالیکتیکی نەرێنی ئیش دەکات، نەک گفتوگۆ و دیالیکتیکی شارستانی و کولتووریی بنیتنان. بۆیە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی ئەرێنی، دەبێتە بەرپەرچدانەوەی زمانیی و دەروونی و تەنانەت هەندێ جار لە شێوەی جنێو و قسەی نەشیاو و بگرە بێڕێزیی بە شتە پیرۆزەکانیشدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەم نموونە لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا هەروایە، ئێمە ئێستە لە کۆمەڵگەیەکی تا ئاستێك کراوەداین، بێگومان زیاتر لە ئاستە تەکنەلۆجیی و دیجیتاڵییەکەیدا، زۆر شتی نوێ دەخوێنینەوە، هەڵکەوتی زۆر ڕووداوی ئاڵۆز و شاز و سەیروسەمەرە دەکەین، بەڵام دەمانەوێت هەر بەو فۆرمە نەریتی و كۆنە و بەو شێوە عەشایەری و زۆر شەخسییە، ڕووداوەکان ببینین و بخوێنینەوە. واتە لامان دژوارە ڕایەکی ناکۆک لەگەڵ ڕای خۆمان ببیستین و لە باتی تێفکرین و دیالۆگ بەرەو وێستگەی جنێودان و بێڕێزی دەڕۆین. لە باتی قبووڵکردنی بڕیاری دامەزراوەیەکی مۆدێڕنی وەک دادگە، ڕای گەورەی خێڵ و عەشیرەت و پیاوماقووڵ دەکەین بە پێوەری خۆمان.
ئەمە وا دەکات ئەو ڕێچکە لۆجیکی و سروشتییەی سیستمی مۆدێڕن پێناسەی کردووە، نەگرینە بەر و خۆمان وەک داماو و حەقخوراو ببینینەوە و هەست بکەین هیچ شتێک نییە بەرگریی پێ لە خۆمان بکەین، لێرەدایە تەقینەوە ناتەندروستەکە ڕوو دەدات، ئەویش بەهۆی بوونی فەزای میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە. ئێمە ئەم سەکۆیە وەک بڵیندگۆی مافخوازیی خۆمان بەکار دێنین، تا ئێرە کێشە نییە، بەڵام کێشە کاتێک دروست دەبێت کە لە باتی دیالیکتیک و گفتوگۆی ئەقڵانی، یەک ئاراستەی ڕەها دەگرینە بەر، ئەویش جنێو و بێڕێزیکردنە. ئەم فۆرمە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداو و دیاردەکاندا و بە شەخسیكردنی بڕیار و حوکمدان، واتە جنێو دەکەین بە بڕیارێکی دادوەرانە و تاکەکەسی، بۆ تۆڵەسەندنەوە یان لانیکەم قەرەبووی ئەو ئازارانەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە بەرمانكەوتووە.
پێم وایە سەرباری ئەوەی جنێو بە پێناسەیەکی ورد و ئاڵۆز و لە فەزایەکی شەخسی و ڕەمزیی دیاریکراودا دەتوانێت وەک میکانیزمێک بۆ بەتاڵکردنەوەی هەست و زەختە دەروونییە ناخۆشەکان بەکار بهێنرێت، بەڵام سەرچاوەی زۆر لەو دۆخە پڕ لە خەمۆکی و ئازاراویانەی ئێستەمانە. هەروایە کاتێک گفتوگۆی مۆدێڕن و ڕاگۆڕینەوەی بنیاتنەر شکست دێنێت، جنێو و بێڕێزی و قسەی سووک چالاک دەبێت.
بێگومان دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەیش هەن مرۆڤ بەرەو تووڕەیی و لێكتێنەگەیشتنی زیاتر دەبەن و شتەکان ئاڵۆزتر دەکەن، بۆیە دەبێت بپرسین ئێمە بۆ دەربازبوون لە دۆخێكی وا دڕدۆنگ و پڕ لە هەڵچوون، دەبێت چ بکەین؟ هەروەها دەبێت بپرسین ئەگەر گفتوگۆ شکستی هێنا، بواری ئەوەمان هەیە جنێو بدەین و قسەی سووک بە کەس یان کەسانێک بكەین؟ ئەگەر بەڵێیە، دیسانەوە دەبێت بپرسین ئەگەر کەسێک جنێو بە ئێمە بدات (بە هەر هۆکاریک) دەتوانین دوور لە تووڕەیی و هەڵچوون وەڵام بدەینەوە؟ وەڵامدانەوە یان هەڵوێستە لەسەر ئەم پرسیارانە، سنووری نیوان ڕاگۆڕینەوەی عەقڵانی و گفتوگۆی دەمارگرژ و بەپێی ئەوەیش ڕاگۆڕینەوە و جنێودانمان بۆ دیاری دەکات. واتە لەو ساتەدا كە لە بیركردنەوە ڕا دەمێنین، مرۆڤی شارستانی و كۆنەپەرست ڕێگەی خۆیان دیاری دەكەن.