گۆڕانکارییەکانی ژیان و کاریگەریی لەسەر شێواز و تێڕوانینی مرۆڤ

PM:01:24:22/07/2026 ‌
ساڵی 2012  یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی وەرچەرخانی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی لە سەدەی 21دا، ئەگەرچی پێش ئەو ساڵەیش ئینتەرنێت و مۆبایل بەردەست بوون، بەڵام لە دوای 2012وە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی مۆبایلی زیرەك، تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی، ئینتەرنێتی خێرا، ئەپەکانی مۆبایل و دواتریش ژیریی دەستکرد، ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا.

ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا لە ئامێر و تەکنەلۆجیادا نەبوون، بەڵکوو شێوازی بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان، شێوازی خوێندن و تەنانەت تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی و جیهانی دەوروبەریشی، گۆڕی.

گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی ڕۆژانە
پێش 2012، مۆبایل زیاتر ئامرازێک بوو بۆ پێوەندی، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە، مۆبایل بووە "ناوەندی ژیان"، ئەمڕۆ یەک ئامێر جێی کامێرا، کتێبخانە، بانك، بازاڕ، تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە، نەخشە، یاریی و هەزاران خزمەتگوزاریی تری گرتووەتەوە. مرۆڤ بەبێ مۆبایل بە بە ئەستەم دەتوانێت کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوە ببات.

ئەو گۆڕانکارییە کات و شوێنی کارکردنیشی گۆڕی و چەمکی "کاتەکانی کار" بە هێمنی لەناو چوو، چونکە کارمەند دەتوانێت لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا، پێوەندیی بە شوێنی کارەکەیەوە بكات، هەمان شت بۆ خوێندکار و بازرگان و مامۆستایش، دروستە.

گۆڕانکاری لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان، گواستنەوەی پێوەندییە مرۆییەکان بوو لە ژیانی ڕاستەوخۆوە بۆ ژیانی دیجیتاڵی، پێشتر دیداری هاوڕێیان و خێزان پێویستی بە کات و شوێنی دیاریکراو هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی گفتوگۆ و پێوەندییەکان لە ڕێگەی وەتساپ، فەیسبووك، ئینستاگرام، سناپچات، تیكتۆك  و چەندان تۆڕی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە دەبەسترێن.
هەرچەندە ئەم تۆڕانە جیهانیان نزیک کردەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لە هەندێک دۆخدا بەکارهێنانی زۆری مۆبایل، دەتوانێت کاتی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ کەم بکاتەوە، بەڵام کاریگەرییەکە لە هەموو کەسێکدا وەك یەك نییە.

گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە 
زانیاری لە ڕابردوودا بە هێواشی دەگەیشتە خەڵک، بەڵام ئەمڕۆ لە چەند چرکەیەکدا هەزاران هەواڵ و بۆچوون دەگەنە مرۆڤ، ئەم دۆخە دوو لایەنەیە:
لە لایەک دەرفەتی فێربوون، گەشەکردنی زانست و ناسینی جیهان زیاتر بووە، لە لایەکی ترەوە، زۆری زانیاری و خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵ، هەندێک جار وایکردووە مرۆڤ بڕیارەکانی بە خێرایی بدات و بێ شیکردنەوە زانیاریی وەربگرێت، هەروەها هەواڵی هەڵە و پڕوپاگەندە بە هەمان خێرایی بڵاو دەبنەوە.

گۆڕانکاری لە هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنەکان
پێشتر پێوانەی سەرکەوتن زیاتر بریتی بوو لە خوێندن، پیشە و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەی شوێنکەوتووان، دڵخوازی  (Likes)، بینەر و ناوبانگ، بوونەتە بەشێک لە پێوانەی سەرکەوتن بۆ زۆر کەس.
ئەم گۆڕانکارییە لە لایەک بووە هۆی دروستبوونی دەرفەتی نوێ بۆ داهێنەران، بازرگان و هونەرمەندان، بەڵام لە لایەکی ترەوە، هۆکاری بەراوردکردنی بەردەوامیی ژیانی خۆیان بە ژیانی ئەوانیتر بووە، ئەمەیش کاریگەریی لەسەر ڕەزامەندبوون بە ژیانی خۆی و تەندروستیی دەروونی هەیە، بەڵام زانستی نوێ ئاماژە بەوە دەدات، ئەم کاریگەرییانە هەمیشە ڕاستەوخۆ و یەکسان نین و فاکتەری کۆمەڵایەتی و ئابووریش ڕۆڵی گرنگیان هەیە.

گۆڕانکاری لە خوێندن و زانستدا
پێش 2012، سەرچاوە زانستییەکان لە کتێبخانەکاندا بوون، ئەمڕۆ خوێندکار دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەیان پەرتووک، گۆڤار و وانەی ڤیدیۆیی بە دەست بێنێت و زانیاریی دەست بکەوێت.
پلاتفۆڕمەکانی فێربوون وەک  Coursera، edX   و YouTube گۆڕانکاریی گەورەیان لە شێوازی فێربووندا پێشكەش كرد، دواتریش بە تایبەتی دوای 2022، ژیریی دەستکرد و ئامرازەکانی وەک ChatGPT  گۆڕانکارییەکی نوێیان لە شێوازی توێژینەوە، نووسین و فێربووندا دروست کرد.

گۆڕانکاری لە ئابووری و کاردا
بازرگانیی ئەلیکترۆنی، پارەی دیجیتاڵ، کارکردن لە دوورەوە و پیشەکانی ناو ئینتەرنێت، بە خێرایی گەشەیان کرد، هەزاران پیشەی نوێ وەک یوتیووبەر، داهێنەری ناوەڕۆک، بازاڕوانی دیجیتاڵ و شیکارکەری داتا، دروست بوون، لە کاتێکدا هەندێک پیشەی کلاسیک، كەوتوونەتە مەترسی پووكانەوەوە .

گۆڕانکاری لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی
تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی، بوون بە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گواستنەوەی بۆچوون، ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کاریگەریی لەسەر ڕای گشتی، هەروەها مەترسییەکانی وەک جەمسەرگیریی سیاسی و ژووری دەنگدانەوە Echo Chambers و هەواڵی ساختە، چڕتر بوونەتەوە. هەندێک توێژینەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەدەن کە بڵاوبوونەوەی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن ئاستی دابەشبوونە سیاسییەکان زیاد بکەن، بە تایبەتی لە دوای ئەو بەرفرەوانییە لە بڵاوبوونەوەی بێ سنوور و سانسۆر و بەکارهێنانی بە ئاراستەی هەڵە و بۆ مەبەستی خراپ.
گۆڕانکارییەکانی دوای ساڵی 2022، تەنیا پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا نەبوون، بەڵکوو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفین، شێوازی ژیانی مرۆڤیان نوێ کردەوە، مرۆڤی ئەمڕۆ خێراتر پێوەندی دەکات، زووتر زانیاریی وەردەگرێت و زیاتر بە جیهانەوە پێوەستە، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕووبەڕووی چالاکی و گرفتی نوێیش بووەتەوە، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگە، دامەزراوە پەروەردەییەکان و تاک ئەوەیە، لەگەڵ سوودەکانی تەکنەلۆجیا، ڕێگەکانی پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تەندروستیی دەروونیش بپارێزرێن، بەو شێوەیە تەکنەلۆجیا دەبێتە هۆی پێشکەوتن، نەک لە دەستدانی بەها مرۆییەکان.

سەرچاوەکان :
1.کاستێلز، مانوێل (2010)، The Rise of the Network Society ، چاپی دووەم، Wiley-Blackwell.
2.تورکل، شێری (2015)، گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ: هێزی قسەکردن لە سەردەمی دیجیتاڵدا، Penguin Press.
3.رەینی، لی و وێلمان، باری (2012)، تۆڕی پەیوەندیدار: سیستەمی نوێی کارکردنی کۆمەڵایەتی، MIT Press.
4.تۆمە، سارا (2018)، بەکارهێنانی مۆبایل و تەندروستی دەروونی: پێداچوونەوەیەکی توێژینەوەکان لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بۆ کاریگەریی بەکارهێنان، گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەی ژینگە و تەندروستی گشتی، بەرگی (15)، ژمارەی (12)، وتاری ژمارە (2692). 
5.. ڤاهیدی، Z. و سەیفوو، A. (2018)، پەیوەندی نێوان بەکارهێنانی تەلەفۆنی زیرەک، سترێس و نیگەرانی: پێداچوونەوەیەکی مێتا-شیکاری، گۆڤاری سترێس و تەندروستی، بەرگی (34)، ژمارەی (3)، لاپەڕە 347–358.
6.هامپتۆن، کێپ N. (2019)، سۆشیال میدیا و گۆڕانی گرفتی دەروونی بە تێپەڕبوونی کات: ڕۆڵی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڤاری پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە یارمەتی کۆمپیوتەر، بەرگی 24، ژمارەی 5، لاپەڕە 205–222.
7.یۆنیسکۆ (UNESCO) (2023)، ڕاپۆرتی چاودێری جیهانی پەروەردە 2023: تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا.