ئێران دوای خامنەیی شەڕی مان و نەمان دەکات

PM:01:34:25/07/2026 ‌
هەر لە سەرەتاوە ئێران ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نەدەویست، بەڵكوو تەنیا ئامانجی بەدەستهێنانی کاتی زیاتر و سەرقاڵکردنی ئەمەریکا بوو. بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە دوای مردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، وڵاتەکە لە ناوخۆدا بەسەر دوو باڵدا دابەش بووە، لایەنێک مەیلی دانوستان و لێکتێگەیشتن و هەوڵی دبلۆماسی هەبوو، بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانەکان، بووژاندنەوەی ئێران و گیان بە بەرداکردنەوەی دۆخی ئابووری لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، کەمکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا و ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ واشنتۆن. لە بەرانبەردا باڵەکەی تر بە كۆنەپارێز (توندڕۆ) ناسراون و موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێستەیان لەگەڵدایە، نایانەوێ ئێران ڕێککەوتن بکات و بە هەموو جۆرێک ناڕازی و دژی نزیکبوونەوەی ئێرانن لە ئەمەریکا، هەر جۆرە سازش و مامەڵە و پێوەندییەک لەگەڵ واشنتۆن بە ملكەچی دەزانن و نایەوێ خۆبەدەستەوە بدەن. 

ئێستە وەك دەبینین تا دێت گرژی و ناکۆکی پەرە دەسێنێ و جەنگەکە فرەوانتر دەبێت، ئەگەر وا بڕوا و بەردەوام بێت، لەوانەیە ئێران تەنانەت لە ناوخۆیشدا ڕووبەرووی زەبروزەنگ بێتەوە، هەرچەندە ڕێبەری باڵا داوای یەکگرتوویی و دانبەخۆداگرتن دەکات. سوپای پاسداران هێرش دەکاتە سەر کەشتیی بازرگانیی لە گەرووی هورمز و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و هەروەها وڵاتانی دراوسێ و پێگە و باڵوێز و دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، دەداتە بەر مووشەک و درۆنی، دۆخی هەم جەنگ هەم ڕێککەوتن کۆتایی هات و ئێستە ستراتیجی ئێران بریتییە لە بەرگری پێشوەختە و وەڵامی توند، لەولایشەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و چەند بەرپرسێکی تر، دەیانەوێ تاران لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە بگاتە دەرەنجامێک کە ناوچەکە ئارام بکاتەوە و پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا چاک بکاتەوە و هەروەها وڵاتەکەی سەقامگیر بکات و لە ڕووی ئابووری و ستراتیجییەوە بە سوودی ئێران تەواو بێت، ئەگەر بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بێت.

بەڵام لەبەرئەوەی سیستمە سیاسییەکەی ئێران هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی ڕابەری باڵادا قەتیس دەکات و وڵاتەکە لەژێر فرمان و بڕیاری ئەودا دەجووڵێ و سوپای پاسدارانیش زمانحاڵییەتی، پێگەی هەموو دیپلۆماتکار و میانڕۆکانی تر لاوازن، بۆیە تا ڕێبەر بڕیارێک نەدات تەواوی لایەنەکان گوێڕایەڵی بن و هەڵوێست و بیرکردنەوەیان یەکبخەن و وڵاتەکەیان و گەرووی هورمز و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕزگار بکەن، یان دۆخەکە کەمێک ئاسایی بکەنەوە، هیچ ئاسۆیەك بۆ ئارامیی نییە.

بە درێژایی مێژوو، پێوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا، گرژی و ناکۆکی بەخۆیەوە بینیوە، هەر هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و نزیککردنەوەیان، شکست دەهێنێت و ناگاتە ئەنجام، چونکە هیچکامیان متمانەی کەمیشیان بەویتر ناکەن، ئەم کۆسپە سەرەکییە وا دەکات ڕەگی ململانێکە تا دێت قووڵتر ببێتەوە،  لە کاتێکدا تەواوی جیهان چاوی لە دەرەنجامێکی ئەرێنی و لێکتێگەیشتن و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا بوو، کەچی هەموو كۆبوونەوە و هەوڵەكان، بێ هیچ دەستکەوتێک، بەتەواوی شکستیان هێنا.

ئەوەی ئێران دەیەوێت یان دەستکەوتێکی زۆر و واقیعی لە ڕێککەوتندا، واتە هەم چەکی ئەتۆم ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بووەستێت و دوابخرێت، هەروەها کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز، لابردن و کەمکردنەوەی سزاکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و فرۆشتنی نەوتەکەی بە ئازادی بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەگەر ئەمانەیش نەبن، ئەوا ئێران جەنگی مان و نەمان دەکات وهیچ کات خۆی بەدەستەوە نادات.

ئێران دۆسیەی ئەتۆمی دواخستووە، لایەنگیریی گرووپەکانی لە عێراق لاواز بووە، ئێستەیش شەڕ لەسەر گەرووی هورمز دەکات، ناوچەکە بە دۆخێکی فرەسەختدا تێپەڕ دەبێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە باری ئاسایی پێشوو. 
ئەمەریکا 15 رۆژە بە چڕی هێرش دەکاتە سەر بنکە و پێگەکانی وزە، کارەبا، ئاو، پردەکانی گواستنەوە، شوێنە سەربازییەکان و چەندان ئامانجی گرنگ بۆ لاوازکردنی ئێران،  پێموایە واشنتۆن ڕێ خۆش دەکات بۆ هێرشی زەوینی سەر ئێران.
ئەوەیش ڕوونە كە ڕێککەوتن کۆتایی هات، ئاگربەست شکستی هێنا و ناوەندگیر و كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی شاندی هەردوو وڵاتیش هیچی لێ بەرهەم نەهات. لە دنیای نوێدا دبلۆماسییەت و دانوستان تاکە ڕێگەی چارەسەری گرفت و کێشەكانن، بەڵام بە چەندان جۆر تاقی کرایەوە، سوودی نەبوو، بۆیە داهاتووی ئەم ململانێیە ئەرێنی نابێت و هیچ پێشبینییەک بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ناکرێت.