محكەمە سەورەیەكی نوێ

AM:11:01:30/01/2023 ‌

سەرەنجام بارزانی بە جوانترین و قووڵترین و پڕماناترین دەربڕین، گوزارشتی لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كرد، كاتێ گوتی "بە هەمانشێوەی محكەمە سەورەی عێراق كار دەكات و هەمان بڕیار و ئەجێندایان هەیە". 

بێگومان ئەو بۆچوونەی بارزانی، نە كاردانەوەی دەروونییە، نە لە ڕق و تووڕەییەوە هاتووە، وەك ئەوەی بەشێك لە سەركردە شۆڤێنییە عەرەبەكان و كوردە عێراقچییەكان وەسفیان كرد، بەڵكو لەوپەڕی لۆجیكی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە بارزانی، 60 ساڵە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەقڵە شۆڤێنییە حوكمڕانەی لە عێراق باڵادەستە، دەكات و بەردەوام لە ڕێی دانوستان و مێزی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن، شۆڕش و خەبات، لە هەوڵی ئەوەدایە قەناعەت بەو ئەقڵە شۆڤێنییە بێنێت كە كوردیش وەك نەتەوەیەك مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، یان وەك هاووڵاتیی پلە دوو و سێ لە عێراق كە ئەوان بە نیشتمانی هەمووان ناوی دەبەن، سەیر نەكرێت.

كەچی هەمان ئەقڵیەت لە فۆرم و دەسەڵاتی جیادا، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و كار بە هەمان ئەجێندای شۆڤێنییانەی خۆی دەكات. ئەگەرنا، چۆن دەبێت دادگایەكی باڵا و گەورە، لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی هەرزەی سیاسی كە ناهۆشیاری و دواكەوتوویی خەڵك، چانسی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە بگاتە پەرلەمان، لە دژی ماف و بەرژەوەندیی شەش ملیۆن هاووڵاتی بڕیار بدات و مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت؟ 
بێگومان پرسەكە ڕوونە كە ئەو دادگایە ماوەیەكە كەوتووەتە سەنگەری دژایەتی هەرێمی كوردستان و بارزانی و هەولێریش بە تایبەتی. 

هەموومان دەزانین چەند ساڵێكە حكوومەتی ناوەندی بەغدا، لە هەوڵی ئەوەدایە هەرێمی كوردستان وەك پارێزگەكانی تری عێراقی ببینێت و دامەزراوە یاسایی و دەستووری و مافەكانی خەڵكی كوردستانیش، بێ بەها بكات. بۆیە سەرەتا، بە جووڵەی سەربازی و دامەزراندنی هێزی دیجلە و جووڵاندنی هێز دەستی پێ كرد، دواتر بڕینی بودجەی كوردستان، پاشان درێژبووەوە بۆ پەلاماردانی سەربازیی، تا داستانەكانی سحێلا و خۆنەچەماندنەكەی پێشمەرگە، ستۆپی بە سوپای عێراق كرد. 

ئەمجارەیان پەنایان بردە بەر درۆنی ئێرانی و مووشەكەكانی عەسائیب ئەهل حەق و بە ئامانجگرتنی هەولێری پایتەخت، هەموو ئەم پیلانگێڕییانە، لەسەر دەستی بارزانی و پێشمەرگە شكستیان پێ هێنرا، بۆیە سەرەنجام ئەو ئەقڵە شۆڤێنییەی دەیەوێت كورد وەك هاووڵاتی پلە دوو ببینێت، پەنایان وەبەر دادگای فیدراڵی برد و سەنگەری شەڕەكەیان دژ بە هەرێمی كوردستان، گواستەوە ئەوێ.

بەداخەوە ئەم دادگایە بەبێ ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی پیشەیی و یاسایی خۆیان، كەوتنە ژێر كاریگەریی ئەو ئەقڵە "ئەگەرچی خۆشیان هەڵگری هەمان ئەقڵیەتن" وەك دەسكەلا گەمەیان پێ دەكرێت و دژی خەڵكی كوردستان بەكار دەهێنرێت. چونكە پێویستی بە هیچ ڕاڤەیەكی یاسایی نییە، تۆ كاتێ دەبینێت دادگایەك لەسەر بۆچوونی پەرلەمانتارێك بڕیار لە دژی ملیۆن و نیوێك هاووڵاتی و فەرمانبەر و هەرێمی كوردستانیش بەگشتی دەدات، ئەوا دیارە پرسەكە هیچ پێوەندی بە یاساوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە دژایەتیی كورد و مافەكانیەوە هەیە.

ئەم دادگایە ماوەیەكە هەر بڕیارێك دەریدەكات لە دژی هەرێمی كوردستانە، خۆی بە هەندێك پرس و بابەتەوە سەرقاڵ كردووە "وەك پارەی بایەعی" كە نە بەهایان هەیە و نە تایبەتمەندی ئەو دادگایەن، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێ بە شتێكی ئاسایی بزانین، چونكە لە عێراقدا شتێك نییە بە ناوی یاسا و هێزی دادگا، ئەگەرنا با دادگای فیدراڵی پێمان بڵێت، پارێزگاری داسەپاوی كەركووك دەستوورییە یان نا؟ دامەزراندنی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق و حەشدی شەعبی، یاسایە یان نا؟ بۆیە بە بڕوای من دەبێ چاوەڕوانی زۆرتریش لەو دادگایە بكەین، ئەگەر سنوورێكی بۆ دانەنرێت. 

لێرەیشەوە ئەركی سەرەكی و ڕاستەقینە، دەكەوێتە سەر داگای باڵای هەرێم و یاساناسان، بە تایبەتی كە تەفسیری ئەو یاسایانە بۆ خەڵكی كوردستان بكەن، ڕوونی بكەنەوە لە كوێ بۆشایی یاسایی و دەستووریان هەیە، چۆن بڕیارەكان دژی بەرژەوەندی گشتین، ئەمە وێڕای ئەوەی دەبێ پەرلەمانتارانی كورد، یاساییبوونی ئەو دادگایە بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونكە خۆی نادەستوورییە و وەك سەرۆكی حكوومەت گوتی، شەرعییەتی پەرلەمانی و یاسایی نییە، هەر شتێكیش لەسەر هیچ بنیات نرابێت، بڕیارەكانیش بەتاڵ دەبن، كەواتە دەبێ هەڵبوەشێتەوە.

ئەم بڕیارە دوژمنكارانەی محكەمە سەورەی نوێی عێراق، ئەو ڕاستییەی بۆ هەمووان سەلماند كە چۆن بەرژەوەندیی گشتی و جەماوەری خەڵكی هەرێمی كوردستان، دەخرێتە ژێرپێی پەرلەمانتارێكی هەرزە، كە تا كورد لەو شاخانە خەباتی لەپێناو ڕووخانی بەعس دەكرد، ئەو هێشتا شیری خاوی مەمكی دایكی دەخوارد. 
ئەوەیشی پێشان دا كە چۆن تاكە دەنگێكی هاووڵاتییەكی عەرەب، لە بەرانبەر دەنگی شەش ملیۆن هاووڵاتی هەرێم، گرنگتر و بەرزترە، چونكە عەرەبە. 

ئەمانە وانەی گرنگیان بۆ ئەو كوردە عێراقچییانە تێدایە كە ساڵانێكە خۆیان فرۆشتووەتە عێراقی عەرەبی و ستایشی دادگا و بڕیارەكانی دەكەن و دەنووزێنەوە، گوایا قسەكەی بارزانی خەڵك بریندار دەكات! ئەوانە چونكە لە ئاخوڕٍی بەغدا دەخۆن و باكیان بە مووچەی مامۆستایەكی داماوی وەك من نییە كە ئاخۆ دادگاكە ڕای دەگرێت یان نا، ئیتر لە بری ئەوەی هاوهەڵوێستی بارزانی بن، لایەنگیری دادگایەكی شۆڤێنی دەكەن و ڕەوایەتی بە بڕیارەكانی دەدەن. 

دواجار دەڵێم ئەو شەڕەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، هیوایەك نییە لە ئاسۆیەكی نزیكدا كۆتایی پێ بێت و ڕێڕەوی كارەكانی بێنێتەوە سەر ڕێی ڕاست، بەڵام هەموومان دڵنیاین لەوەی نە هەرێمی كوردستان، نە بارزانی و نە هەولێر وەك چەقی دەسەڵاتی كوردی، ناچنە ژێر باڵی ئەو ئەقڵە شۆڤێنییە. چونكە ئەگەر ئەقڵێك بە چەك، تۆپ، كیمیایی، ئەنفال، هەڵەبجە و جینۆسایدكردنی بارزانییەكان، نەیتوانیبێت ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی كورد لەناو ببات، بێگومان بە بڕیارێكی نایاساییانەی دادگایەكی لایەنگریش ناتوانێ ئەوە بكات؟