ساڵی 1997 بۆ یه‌كه‌م جار له گوندی گه‌ره‌وانی سه‌رووی سنووری شارۆكه‌ی ڕواندز، وه‌ك مامۆستا ده‌ستبه‌كار بووم. ئه‌و گونده كه‌وتووه‌ته ناوچه‌یه‌كی شاخاویی سه‌خت و ئه‌وكات نه شه‌قامی سه‌ره‌كی، نه باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه، نه تۆڕی كاره‌با و نه هیچ شتێكی تری لێ نه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له‌و گونده ده‌ژیان و به كشتوكاڵكردن و باخداری و ڕه‌زداری و به خێوكردنی مه‌ڕو ماڵاته‌وه سه‌رقاڵ بوون.
شه‌وێكیان له پڕ و بێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو، چه‌كدارانی په‌كه‌كه په‌لاماری گونده‌كه‌یان دا و مامۆستای ئاینیی گونده‌كه‌یان كه ناوی (مه‌لا یاسین) بوو، شه‌هید كرد. مه‌لا یاسین، دایك و باوكی و چه‌ندان كه‌س له نزیكه‌كانی ئه‌نفال كرابوون، بۆیه لای داپیره‌ی ده‌ژیا و بژێویی برازاكانی و پووره‌كانی و داپیره‌شی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بوو. مامۆستا تا بڵێی كه‌سێكی ڕێزدار، دوور له سیاسه‌ت، بێ ده‌نگ و هێمن، كراوه و كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، بۆیه شه‌هیدكردنی، كاردانه‌وه و تووڕه‌بوونێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی دروست كرد و یه‌كێكیشه له‌و ڕووداوه ناخۆشانه‌ی ژیانم، كه هه‌رگیز ناتوانم له بیری بكه‌م.
به‌تایبه‌تیش كه هۆكارێكی دیاریكراو بۆ كوشتنی ئه‌و مامۆستا ئاینییه به ئێسته‌شه‌وه نابینرێت. ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی په‌كه‌كه، فۆبیایه‌كی لای خه‌ڵكی گونده‌كه دروست كرد، سه‌ره‌نجام دێیه‌كه‌یان چۆڵ كرد و ده‌ستبه‌رداری ژیانی سه‌تان ساڵه‌ی گوندنشینانه‌ی خۆیان بوون و هاتنه ناو سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی ڕواندز و بوونه فه‌رمانبه‌ر و نیشته‌جێ بوون. ئێسته ئه‌و گونده، شه‌قامێكی به ناو شی‌و و دۆڵ و شاخی سه‌ختدا بۆ چووه، باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی جوانی شه‌ش پۆلی لێ كراوه‌ته‌وه و تۆڕه‌كانی پێوه‌ندی له گونده‌كه‌دا به‌ركارن، كاره‌بای هه‌یه، كه‌چی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌ی كه من له‌وێ مامۆستا بووم، یه‌ك له‌سه‌ر چواری خه‌ڵكیشی لێ نه‌ماوه‌ته‌وه.
مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كارێكی هه‌ڵه و كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازییانه‌ی په‌كه‌كه، بووه هۆكاری چۆڵكردنی گوندێك و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له ژیانی گوندنشینی و مه‌ڕداڕی و كشتوكاڵكردن. بۆیه كه ده‌گوترێت گونده‌كان له‌به‌ر په‌كه‌كه ئاوادان ناكرێنه‌وه، بێگومان ڕاستییه‌كی تێدایه.
له‌و ڕۆژانه‌ی ڕابردووش‌دا په‌كه‌كه سه‌نگه‌ره‌كانی خۆی دوای چۆڵكردنیان، به‌داخه‌وه بۆ میلیشیاكانی حه‌شد جێهێشت و به‌هۆیه‌وه شه‌ڕ دروست بوو كه چوار پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی تێدا شه‌هید بوون. بۆ ده‌بێ په‌كه‌كه ئاماده بێت هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای داگیركه‌ری عێراق بكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه نه‌یكات؟ له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌مپێكی په‌نابه‌ران چ پێویستی به‌وه‌یه له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه بپارێزرێت و چاودێری بكرێت؟ مه‌گه‌ر له هه‌موو كه‌مپه مرۆییه‌كانی دنیادا، مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆیی و خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ڵ ئاواره و كه‌مپه‌كان و په‌نابه‌راندا ناكرێت؟ ئیتر په‌كه‌كه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه نه‌بێت، بۆ ده‌بێ له چیای قه‌ره‌چووخ بێت و ماردین و هه‌كاری و جودی جێبێڵێت؟.
من پێشتریش گوتوومه په‌كه‌كه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات، پێوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ پارتی ئاسایی ناكاته‌وه، چونكه حه‌ز بكات یان نا، پارتی حاكمی یه‌كه‌م و بڕیاربه‌ده‌ستی كوردستانه و به هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی تری كوردستان، له ڕووی كورسی و پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی پارتی نابن. كه‌واتا ناشێ تۆ بڕوات وابێت، ده‌بێ پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ هێزێك هه‌بێت كه یه‌ك كورسیی په‌رله‌مانی نییه، به‌ڵام خۆت ببوێریت له هێزێكی تر كه هه‌رچییه‌ك مه‌به‌ستی بێت، ده‌توانێت زۆر به ئاسانی و ته‌نیا له ڕووی سه‌نگ و ده‌نگه‌وه بیكات و بڕیار له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بدات.
كاتی ئه‌وه هاتووه په‌كه‌كه به تێز و بیركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ بیر بكاته‌وه و ده‌بێ بگاته ئه‌و بڕوا سیاسییه‌ی كه توركیا و ئه‌ردۆغان، به كڵاشنكۆف و قه‌ناسێك ناڕووخێن. هه‌ڵبه‌ته ئێمه ده‌زانین دوژمنانی كورد له هه‌ر شوێنێك بن، ته‌نیا یه‌ك ئامانجیان هه‌یه، ئه‌ویش له‌ناوبردنی كورده، به‌ڵام نابێ پاساو بده‌ینه دوژمنان و ئه‌و كاره توندتر بكه‌ن. ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له خواكورك و كیڵه‌شین نه‌بێت، سوپای توركیا چی ده‌كات له برادۆست. بۆ نایه‌ته سۆران و ڕواندز؟.
كاتی ئه‌وه هاتووه په‌كه‌كه سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێت، چونكه به‌و سیاسه‌ته‌ی ئێسته كه چه‌كدارییه، سوود به پرسی كورد له توركیا ناگه‌یه‌نێت. باشترین به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش بۆ ئه‌و بۆچوونه‌م، دابه‌زینی ملیۆنان ده‌نگی هه‌ده‌په‌یه كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك، نوێنه‌رایه‌تیی كورد ده‌كات له هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا.