وڵاتانی ئیسلامی لە نێوان هاوسۆزیی و هەڵوێستدا

AM:10:20:05/12/2023 ‌
تەنیا چوار ڕۆژ دوای كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕێژیمی فاشی بەعسەوە، كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی لە كوێت بەڕێوە چوو، لە كۆتایی كارەكانی و لە بڕگەی دانیشتنەكانی كۆنگرەكەدا هیچ كام لەو وڵاتە ئیسلامییانە باسیان لەو كارەساتە نەكرد، بگرە وەك ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت، بێدەنگی و بێ هەڵوێستیان نواند و سەركۆنەی عێراقیان نەكرد. ئەمە لە كاتێكدا كورد بە ئاین مسوڵمانە و بەشێكی زۆریشیان ئاینییان پێ لە كوردایەتیی پیرۆزتر و گەورەترە، مەگەر بە ئاین هیچ جیاوازییەك لە نێوان مسوڵمانانی هەڵەبجە و كەرتی غەزەدا هەیە و هەردوولایان یەك پەیامبەر و خودا ناپەرستن؟ 

ئەوە دەریدەخات كە وڵاتانی ئیسلامی تەنیا ناویان ئیسلامە و لە شوناس و ئەزموونی دەوڵەتداریەتیدا گوزارشت لە ئیسلام ناكەن و بگرە بەكاری دێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەوەیش تێدەگەین كە ئەوان چەند لەسەر بنەمای شۆفێنیەت بیر دەكەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن. بێگومان مەبەستی ئێمە ئەوە نییە لە بەرانبەر شەڕ و كوشتاری غەزە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسی توندڕەو بێدەنگ بن، بەڵكوو بەو مانایەی مسوڵمان هەر مسوڵمانە، گەر عەرەب، كورد، ئیسپانی یان ئەفەریفی بێت. 

وڵاتە ئیسلامییەكان لە ڕووی ئاین و دیموگرافییەوە، لە دوای مەسیحییەت، دووەم گەورەترین ئاین و ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێكدێنن، كەچی زۆرترین كێشە و گرفت، بێ خزمەتگوزاریی و شەڕ و ئاشووب، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نەبوونی دیموكراسییەت و ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتی، تێیاندا لە لوتكەیە. هەمیشە هاووڵاتییانیان كۆچ دەكەن و پەنا بۆ ئەو وڵاتانە دەبەن كە بە تێگەیتنی خۆیان، گۆشتی بەراز دەخۆن و نوێژ ناكەن و بڕوایان بە پەیامبەر نییە. 

تا ئێستە كەسێكی ڕۆژئاوایی مەگەر تیرۆرستێكی ئیسلامی بێت و هەڵگری بیری داعشیزم بێت، وەك یارمەتیدەری شەڕ ئەویش نەك پەنابەری سڤیل، داوای مافی مانەوەی لە كوێت، مەغریب و تونس نەكردووە، بێگومان ئەمەیش لە سۆنگەی ئەوەی كە وڵاتێك نەتوانێت ژیانێكی شكۆمەندانە بۆ هاووڵاتییانی دابین بكات، كێشە ناوخۆیەكانی چارەسەر بكات، چۆن دەتوانێت كێشەی وڵاتانی تر چارەسەر بكات؟ وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەكان، ئەگەر مەبەستیان بێت و بە ڕاستی لە خەمی برا عەرەبەكانیاندان لە غەزە، دەتوانن بە چەند ڕۆژێك ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، جا بە هەر ڕێگەیەك بێت، تەنانەت بە ڕێگەی سەربازیشەوە. 

سەرنج بدەن، ئسرائیل، وەك ئەوەی لەناو قوڕگی ئەژدیهادا بێت، هەر چوار دەوری و هەموو دراوسێكانی، وڵاتانی عەرەبی هاوزمان و هاوناسنامە فەلەستینن، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن یارمەتی براكانیان بدەن، بەڵام كە نەیكەن، ئاخۆ گاڵتەجاریی نییە كوردێكی مسوڵمانی كۆمەڵی دادگەری لە خەمی غەزە و حەماسدا بێت؟ لە كاتێكدا وڵاتانی عەرەبی دەتوانن بە كۆمەكی دارایی، ئابووری و لۆجستی، پاڵپشتی خەڵكی غەزە بكەن، كەچی هەموویان بە دیار تەرم ولاشەی منداڵانی بچووكەوە وەستاون و وەك ئەوەی ڕووەكە لە باشووری ئەفەریقا یان كۆریا بێت. 

بە تەنیا وڵاتێكی وەك سعوودیە دەتوانێت لە ڕێگەی گوشاری ئابووری و بازاڕی نەوتەوە، گەورەترین و كاریگەرترین ڕۆڵی لە بەرژەوەندی عەرەبی غەزە هەبێت، بۆ نایكات؟ میسر دەتوانێت بە سەتان هەزار فەلەستینی لە بیابانی سینا نیشتەجێ بكات و كەمپی مرۆییان بۆ بكاتەوە، بۆ وا ناكات؟ كەچی نەگبەتی عێراق عەرەبی شیعە و سوننە دراوسێمان دەیانەوێت بگوازرێنەوە وڵاتەكەیان. بەپێچەوانەوە هەموو وڵاتەیلی عەرەب بە نهێنی یان ئاشكرا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پێوەندیی سیاسی و بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ئسرائیل هەیە، ئامادەش نین ئەو پێوەندییە بپچڕێنن، لەبەر غەزە لە بەرژەوەندی خۆیان بدەن.

مێژوو دەریخستووە وڵاتە ئیسلامییەكان نەك هەر ناتوانن كێشەی وڵاتانی تر بە ئاینی ئیسلام چارەسەر بكەن، بگرە بەشێكی زۆریان بە كۆمەكی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین. لە ناوەڕاستی نەوەتەكاندا ئەوكاتەی مسوڵمانەكانی بۆسنە و هەرسك و كۆسۆڤۆ، بە دەستی سڕبە ڕاسیستەكان و مەسیحی جینۆساید دەكران، هیچ كام لە وڵاتانی ئیسلامی نەیانتوانی كارێك بكەن بەر بەو كوشتارە بگرن، تا ئەمەریكا و ناتۆ بە هاواری ئەو مسوڵمانانەوە چوون و لە دەستی سوپای سڕبیا و سلۆدان میلۆسۆڤیچ و رادۆكان كاردۆڤیچ كە بكەری سەرەكی كوشتارگەی مسوڵمانان بوون، ڕزگار كرد. 

ئەمە بۆ وڵانە عەرەبییەكانیش هەر ڕاستە. 70 ساڵە كێشەی قەلەستین هەیە، سەتان كۆبوونەوەی وڵاتانی  عەرەبی و ئیسلامی لەبارەی ئەم دۆزە كراوە، كەچی هیچ كام لەو كۆبوونەوە و كۆڕبەند و لوتكانە، نەیانتوانی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە. 
فەلەستینیەكان ئەگەر سەرەتا بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت ڕازی بوونایە، ئێستە نە كێشەكەیان لە ڕووی مێژووییەوە ئەوەندەی دەخایەند، نە لە ڕووی  مرۆیشەوە هێندە زیانمەند دەبوون. ئەگەر فەلەستینییەكان وا بزانن ئەوێ تەنیا خاكی ئەوانە، بە هەڵەدا چوون، چونكە بەنی ئیسرائیلی و پەیامبەرەكانیان هەزاران ساڵ پێش مسوڵمان و عەرەب لە ئەریحا و شام و ئۆرشەلیم و میسر و توڕ، ژیاون.