با كورد لە كەركووك دەرنەچێت

PM:01:19:30/12/2023 ‌
یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد ڕژێمی بەغدا لە جێبەجێكردنی بەندەكانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970، لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر پاشگەز بێتەوە، پێداگری و سووربوونی بارزانی بوو لەوەی كە كەركووك كوردستانییە و هیچ سازشێكی لەسەر ناكەن. بەغدا و ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی عێراق، ئامادە بوون هەموو سازشێك بۆ بارزانی بكەن، هەرچی پۆست و بەخششە بیدەنێ، تەنیا دەست لە كەركووك هەڵبگرێت، كەچی ئەو ڕازی نەبوو، سەرەنجام شەڕ دروست بووەوە و كۆتایی بەو ڕێككەوتنە هات. 

بارزانیی نەمر كەركووكی بە دڵی كوردستان ناوزەد كردبوو، بێگومان دڵ ئەندامێكی سەرەكی و كارا و بزوێنەری ژیانە، ئەگەر دڵ نەبێت، مرۆڤ هەزاران مێشك و ئەندامی تری هەبێت، هەر دەمرێت. بەو شێوەیە بارزانی لە سۆنگەی گرنگیدانی بە كەركووك، وەك دڵی كوردستان دەیبینی. ڕوانگەی بارزانی بۆ كەركووك، ڕوانگەیەكی كوردستانی و خاكی و نیشتمانییانە بوو، بارزانی بڕوای وابوو یەك كوردیش لە كەركووك نەبێت، ئەوا ئەو شارە بەشێكە لە كوردستان، چونكە خاكەكەی لە ناو جیۆگرافیای كوردستاندایە. ئێمە دەبێ شەڕ لەسەر خاك بكەین، نەك كەسەكان، ئەگەر خاكەكەمان هەبوو، خەڵكەكەشمان بە ئازادی لەسەر خاكەكەی دەژیت. 

لێرەیشەوە شەڕی ئێمە وەك بارزانی لەسەر كەركووك، دەبێ شەڕ بێ لەسەر خاك، نەك قەنەفە و كورسی، وەك ئەوەی سیاسییەكی ئێكسپایەر وێنای دەكات. ئەوە گرنگ نییە، هێزێك چەند كورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هێناوە، براوە بووە یان دۆڕاو، ئەوە گرنگە تاچەند شەڕ لەسەر ناسنامەبوونی كوردستانییەتی كەركووك دەكات. هەموومان دەزانین، كەركووك لە ڕووی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و ئەتنیكییەوە، جگە لە كورد، عەرەب و توركمان و مەسیحیشی لێ دەژین، بەڵام لە ڕووی خاكەوە، كەركووك لە ناو جیۆگرافیای هەرێمی كوردستاندایە و سروشتی ژینگەیی و تۆپۆگرافی ئەو شارە، ئەوە دەسەلمێنن كە كەركووك شارێكی كوردستانییە و دەكەوێتە سەرووی چیاكانی حەمرینەوە، كە خاڵی جیاكردنەوەی كوردستانە لە عێراقی عەرەبی و شیعە. 

گرنگە ئێمە چەند دەتوانین شەڕ لە پێناو گێڕانەوەی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر بكەین، نەك ئەوەی چەند كورسیمان هێناوە. كاتێك سروشتی جیۆگرافی خاكێك دەگۆڕێت و دەبێتە بەشێك لە خاكی نیشتمانی سەردەستە و داگیركەر، ئیتر بۆ ناهەتایە ئەو ناوچانە لە دەست دەچن ئەگەر زۆرینەی خەڵكەكەشی لە نەتەوەی سەردەست نەبن، بەڵام كاتێ خاكەكە دەبێتە بەشێك لە نیشتمانی ڕەسەن و دەگەڕێتەوە سەر خاكە بنەڕەتییەكەی خۆی، ئیتر دەبێتە بەشێك لە نیشتمان. 

لێرەدا دەمەوێ نموونەیەكی بەرجەستە بێنمەوە. لە سەرەتای ساڵانی سییەكاندا، ستالین بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكات كە ناگۆڕنۆ قەرەباغ بەشێكە لە خاكی ئازەربایجان، خستییە سەر ئەرمینیا، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەی دانیشتووانەكەی ئەرمەنی بوون. ئەم ناوچەیە بەدرێژایی یەك سەدە، لە ژێر دەستی ئەرمینیا دابوو، لە كاتێكدا خاكەكە دەكەوێتە چوارچێوەی نیشتمان و خاكی ئازەربایجانەوە. ئەرمەنییەكان لەوێ دەسەڵاتێكی سەربەخۆیان هەبوو، خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبرد، هاوكار و پاڵپشتی دەكران لەلایەن ئەرمینیاوە، بەڵام سەرەنجام دوای 90 ساڵ، ئازەربایجان بە چەند ڕۆژێكی كەم بە شەڕ، ئەو خاكەی لە ژێر دەستی ئەرمەنییەكان دەرهێنا و خستییەوە سەر خاكەكەی. چارەنووسی ئەرمەنییەكان چی بوو؟ بێگومان نیوەی دانیشتووانی ناگۆرنۆ قەرەباغ، گەڕانەوە بۆ ئەرمینیا و ئەوێیان بە جێهێشت، چونكە لە بنەڕەتدا نیشتمانی ڕاستەقینەی ئەوان نەبوو، بەشێك نەبوو لە خاكی ئەرمینیا. 

لێرەوەش ئەوە گرنگ نییە كورد براوە دەبێت یان نا، ئەوە گرنگە خاكەكە بە كوردستانی بمێنێتەوە، ئەگەر كورد 10 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش بێنێت و زۆرینە بێت، هیچ بەها و گرنگییەكی سیاسیی نییە، ئەگەر كەركووك و ناسنامە نیشتمانییەكەی بە كوردستانی نەمێنێتەوە. لەلایەكی ترەوە ئەگەر بەراوردی هەڵبژاردن بەگشتی لە هەردوو پارێزگای كەركووك و نەینەوا دا بكەین، ئەوا بردنەوەی كورد لە نەینەوا گرنگترە لە كەركووك، ڕەنگە كەسانێك وا لێكی بدەنەوە كە ئێمە بۆیە وا دەڵێین، چونكە پارتی لەو ناوچانە براوە بووە، نەخێر، لەبەرئەوەی نەینەوا پارێزگایەكی عێراقییە، بەشێك نییە لە هەرێمی كوردستان، زۆرینەی دانیشتووانەكەی كورد نین و عەرەبی سوننەی شۆڤێنین، جگە لەو ناوچانەی دەكەونە سنووری مادەی 140 كە كوردستانین، ئەوا بەگشتی ناسنامەی ئەو شارە عەرەبی و عێراقییە. 

بۆیە بردنەوەی كورد لەو ناوچانە لە ڕووی سیاسییەوە دیارترە، بەو مانایەی كورد لە ناوچەیەك زۆرینەیە كە هەمووی عەرەبە، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە كورد لە ناوچەیەك زۆرینە بێت كە هەمووی كوردە و ناسنامەكەشی كوردستانییە!چونكە لە كەركووك براوە بیت یان نا، هیچ لەو ڕاستییە مێژوویی و جیۆگرافی و تۆپۆگرافییە ناگۆڕێت كە كەركووك كوردستانییە و هەر بەكوردستانیش دەمێنێتەوە.