بۆچی قسەی نابەجێ زیاتر دیارە؟

AM:10:25:03/02/2025 ‌
لە سەردەمێکدا دەژین ئاسان نییە وەک پێشوو قسە لەسەر دیاردە و دەرکەوتەکانیان بکەین، ئەم ئاساننەبوونە خۆی ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی ددان بەو ڕاستییەدا بنێین کە مرۆڤی سەردەم زیاتر و زۆرتر لە جاران، زانیاری هەیە (تەنانەت ئەگەر لە ڕووی کەسایەتی و شوناسەوە لە پێشتر دۆخێکی ناجێگیر و قەیراناویی هەبێت! ئەمە باسێکی دیکەیە و لێرە ناگونجێت)، واتە مەعریفە و زانیاری وا دەکەن ئاسان نەبێت لەسەر هەر بابەتێک هەڵبدەینێ و لەوەیش گرینگتر، ئەگەر خۆمان هەڵقورتاندە ناو بابەتێک لە دەرەوەی تێگەیشتن و شارەزایی خۆمان بوو، ئەوا توانایی دەروونی و فکریی ئەوەمان هەبێت لە هەڵەیەک یا کردەیەکی نادروست پاشگەزمان بكاتەوە. 

ڕاستییەکەی ئەم دێڕانە تا ئێرە بەر لەوەی باسی واقیعی مرۆڤی سەردەمەکەمان بێت، باسی دۆخ و تواناكانیەتی، واتە ئەگەر دایبڕێژمەوە دەبێت بەمە، ئێمە بە نیسبەت جارانەوە هەلی زانیاری و مەعریفەمان زۆرتر بۆ ڕەخساوە، کەم تا زۆریش کۆمەڵگەیەکی کراوەی بۆ دروست کردووین یا لە ڕێگەیەوە دروستمان کردووە، بەڵام ئایا ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە گوێرەی ئەم هەلانەوە بە کراوەیی و ئاسۆیەکی فرەوانترەوە چاو لە بەریەککەوتنی خۆی لەگەڵ دیاردە و ڕووداوەکاندا بکات؟ 

کەواتە ئەو دیمەنەی سەرەوە زیاتر چاوەڕوانییەکە و تا ئاستێكیش بەدی هاتووە، بەڵام هێشتا بۆ ئێمەی کورد زۆری ماوە و ئەم دیدە لە چاوگێکی ڕەخنەگرانەوە هەڵدەقوڵێت کە پێویستە بۆ پێشخستنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان هەمانبێت، پێویستە وەها تێڕوانینێکمان هەبێت تا تاکی ئێمە لە دەلاقەیەکی بەرفراوان و فرەڕەنگ و فرەئەگەرەوە، ئاسۆی شوناسی خۆی وێنا بکات و بینەخشێنێت. 

هەر لە ژێر تیشکی ئەم باس و خواسەدا، دەمەوێت سەرنجی ئەوە بدەم کە لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتیی كوردیدا بە زۆری ئەو قسانەی نەشیاو و نابەجێن، زیاتر زەق دەبنەوە! ئەمە لە ڕوویەکەوە ئەرێنییە و لە ڕوویەکی تریشەوە دەتوانێت نەرێنی بێت. لە نەریتی زارەکی و عەقڵی کلاسیکی کوردیدا ئیدیۆمی "موو لە ماست دەرکێشان" یان " ئەم ماستە بێ موو نییە"مان هەیە، دیارە بەر لەوەی مەبەستم دەلالەتی وردی ئەم ئیدیۆمانە بێت، مەبەستمە بڵێم ماست و موو بە هۆی ڕەنگ و جنس و ماهییەتەوە دژایەتییەکەیان بە ئاسانی و ڕوونی هەر لە دوورەوەڕا دەبینرێت و دەشێت بڵێین موویەک، گەندەموویەک و تووکێک، دەتوانێت هەموو ماهییەتی ماستەکە لە چاوی ئێمەدا بگۆڕێت و ئیتر ئەو ماستەمان پێ نەخورێت. 

ئەم ئیدیۆمە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. بۆ نموونە ئەگەر بیرمەندێک دەیان کتێبی نووسیبێت، یان چەندان سیمیناری لە بوارەکەی خۆیدا بەڕێوە بردبێت، کەمتر ئەم چالاکیانەی دەبینرێت لە چاو ئەوەی ئەگەر ڕووداوێکی ئاسایی هاتووچۆی بۆ بێتە پێش و لەگەڵ کەسێکدا دوو قسەی ناشیرین بە یەک بڵێن! یان بەهۆی تووڕەییەکەوە لە بەرنامەیەکدا شتێکی نەگونجاو و نەشیاو بە زاریدا بێت! 

پێم وایە لایەنە ئەرێنییەکەی ئەم تێڕوانینە نەریتییەی عەقڵ و هزری زارەکیی کورد، ئەوەیە نابێت ماست خۆی لە قەرەی شوێنگەلێك بدات کە مووی تێکەوێت و ماهیەتی بکەوێتە مەترسییەوە و خەڵک بێزی لێ بکەنەوە، واتە مامۆستایەکی زانکۆ (خاتوون بێت یان پیاو)، دکتۆرێکی نەخۆشخانە، سیاسەتوانێك، نووسەرێک، پێشکەشکارێک،  مامۆستایەکی ئاینی، گۆرانیبێژێک و هەتا هەموو ئەو فیگەرە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و زانستیانەی بە ناو کۆمەڵگەدا شۆڕ دەبنەوە، دەبێت قورسایی کاریگەری و حورمەتی پیشەیی خۆیان بناسن، تا ئەو پێگەیەی لە زەینی گشتیدا هەیانە بیپارێزن، ئەینا پانتایی گشتیی بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو پۆتانسیەڵەی لە جاڕدان و ئاشکراکردنی کردەوەکانی ئەو جۆرە فیگەرانە هەیەتی، دۆخێکی نادادپەروەرانە لە دژیان دەجووڵێنێت، لە ڕاستیدا بەرلەوەی چوار کەسی جوێندەر و نەخوێندەوار یا کەسانێک کە پەروەردەیەکی شایستە و شیاویان نەبووە و توانای ئەوتۆیان تییە بەهۆکاری جۆراوجۆر، تۆمەتبار بکەین، دەبێت لە ئاوێنەدا چاو لە خۆمان بکەین، ببینین ئێمە کێین و بڕیارە چ بکەین و بۆچی هاتووینەتە ناو پانتاییەکەوە؟ 

ئایا منی نووسەر یان تۆی مامۆستای زانکۆ یاخۆ پزیشکی نەخۆشخانەی یان... هێندە لەسەر پەروەردەی خۆمان ئیشمان کردووە کە لە قسەیەکی نەشیاو و نەگونجاو و تەنانەت لۆجیکیی خوێنەرێک، خوێندکارێک یا نەخۆشێک نەشڵەژێین و خۆمان بە جۆرێک ڕانەتەکێنین گوایە لەسەر پلەکانی کەماڵ و ئەوپەڕی گەشە و درەوشانەوەین؟ ئەم پرسیارە دەبێت کەشی بیرکردنەوە و هزرین دروست بکات، کەشێک ئێمە بەر لەوەی غروور بمانگرێت، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هاتووین بۆ گەشەکردنی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی لەناو کۆمەڵگەیەکدا كە ملیۆنان برین و ئازاری هەیە! ئەگینا ئەگەر من مامۆستای زانکۆ یان بەرپرسی ئیدارەیەک بم و دانیشم شانازی بە پیاوێکی گوندیی نەخوێندەوار بفرۆشم، کوێی مەعریفە و حیکمەتە؟ دەبێ ئەوجار من بیر بکەمەوە کە بە ڕاستی ئەو پیاوە نەخوێندەوارە کەماڵ و گەشەی هەیە یان منی لوتبەرز؟ 

ئەمانەم وت بۆ ئەوەی بڵێم، لە ڕٶژانی ڕابردوودا دوو کەس (خاتوونێک و کوڕێک کە چالاکی بواری مافی ئاژەڵن) هەڵوێستێکی سۆزدارانە و بە دڵنیاییەوە نەشیاویان دەربڕیوە لە هەمبەر ئەو سەگانەی بە مەبەستی دابینکردنی تەناهیی کۆمەڵایەتیی دەکوژرێن، وایاندانا ئەگەر پێگەی پیاو نزمتر لە سەگ دابنێن، ئەوا بە شێوەیەک تۆڵەیان لەو بڕیار و کردەوەیە کردووەتەوە. ئەوەی تۆزێک بیر بکاتەوە، دەزانێت ئەم قسەیە نە بە پێوەری عەقڵە، نە بە پێوەری شەرعە و نە بە پێودانگی عورفی، نەک کۆمەڵگەی کوردی، بەڵكوو کۆی ناوچەکەیش نییە، ئیتر پێویست ناکات ئەم ژارڕێژییە هێندە زەق بکرێتەوە، ڕووشاندن و ڕووخاندنی زیاتری هیچ لایەک بێتە ئاراوە، ئێمە دەتوانین لەم بەریەککەوتنە سەرەتاییەدا و بە ئامانجی شیکاری و وانەوەرگرتن، باسەکە بەرەو ئاراستەیەکی فێرکارانە ببەین و پێشگری لە دنیایەک ناوزڕاندن و بێڕێزی بکەین کە بێگومان هەمووی بەرهەمی عەقڵی کۆمەڵگە نییە، هێندە بەرهەمی یاریی چەند ئەکاونت و پەیجێک یا کایەی بازرگان و سیاسەتوانێكی نابەرپرسە! 

با هەوڵ بدەین هەموو شتێک لە جێی خۆی دابنێین، ئەمە یەکێک لە ماناکانی "داد یان دادپەروەرییە" کە بێگومان دانانی قسەی نەشیاو و شیاو لە جێگە و پێگەی خۆی، هەنگاوێکی باش و بڵندە بۆ ئەو مانایە.