كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، ساڵانێكه ئه‌م ناونیشانه ده‌بیستین، له‌م كابینه بۆ ئه‌و كابینه درێژ ده‌بنه‌وه، ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیران راده‌ستی ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌كات، هیچ كه‌م ناكه‌ن، رۆژ له دوای رۆژ زیاتریش ده‌بن و ره‌هه‌ند و دیوی تازه‌یان بۆ زیاد ده‌بێت.
وه‌ك كورد تێڕوانینێكی كلاسیكی له كوردستاندا هه‌یه، ئه‌م كێشه‌یه له سێكۆچكه‌ی
•سنووری ماده‌ی 140.
•پێشمه‌رگه
•بابه‌تی ئابووری و داراییدا.
له‌و بڕوایه‌شدایه به‌غدا ده‌ستی به ده‌ستی به كورد ده‌كات و زۆر به ئه‌سته‌م دێته ژێرباری داواكارییه‌كانیه‌وه، به‌ڵام به گشتی ده‌بێ توانا و هێز و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانیشی له‌م خاڵانه‌دا چڕ بكاته‌وه و هه‌وڵ بدات ئه‌م كێشانه چارسه‌ر بكات.
ئه‌م تێڕوانینه هه‌ڵگری زۆر بابه‌ت و خاڵی راسته، له‌وانه‌یشه بۆ 15 ساڵ له‌مه‌وپێش زۆر رێك بووبێت، به‌ڵام گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ژینگه‌یه‌كی مه‌ندی نییه و به پێچه‌وانه‌وه زۆر داینامیكییه و به به‌رده‌وام گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت. بۆیه ناكرێ هه‌مان پێناسه‌ی 15 ساڵ له‌مه‌وپێش بۆ ئێسته رێكوڕاست بێت و ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌م پێناسه‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه ناتوانێ به كه‌ڵك بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندان فاكته‌ر گۆڕاون و كاریان له‌و پرسه گرنگه كردووه. كه‌واته كورد بۆ ئه‌م دۆسیه‌یه پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه هه‌یه.
بۆ نموونه، به‌غدا له‌م ساڵانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. به‌غدای 2022 هیچ له به‌غدای 2014 ناچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته به‌غدا مه‌ترسی كه‌وتن و تیرۆر و دابه‌شبوونی هێزه‌كان، ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیبوو، ئێسته زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له كۆڵ بوونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌وكاته به‌رانبه‌ر كورد سیاسه‌تی ده‌ستی به ده‌ستی جێبه‌جێ ده‌كرد، ئێسته هه‌ناسه‌یه‌كی داوه و به ئارامی خه‌ریكه كۆی بابه‌ته‌كه به‌شێوه‌یه‌كی نوێ پێناسه ده‌كاته‌وه و پلانی بۆ داده‌نێته‌وه.
راستییه‌كه‌ی له 10 ساڵی رابردووه‌وه تا ئێسته، دوو گۆڕانكاریی زۆر گه‌وره له به‌غدا روویان داوه، لێره‌دا به خێرایی تێشك ده‌خه‌مه سه‌ریان:
یه‌كه‌م، له‌م ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا هاوسه‌نگی نێوان به‌غدا و پێكهاته‌كه‌كان به‌تایبه‌ت كورد، تێكچووه. به‌غدا له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵته‌كاندنی سوننه و تێكشكاندنی داعش و خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، تای به‌هێزی ته‌رازووه‌كه‌یه. له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیشدا په‌ره‌ی به پێگه‌كه‌ی داوه.
ئێسته ئه‌وان هه‌ست به متمانه به‌خۆبوونێكی زیاتر ده‌كه‌ن و له داوستانه‌كانی نێوانیان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، بابه‌تی سنووری 140 و پێشمه‌رگه‌یان لابردووه و جارجار باسی ناردن یان نه‌ناردنی پاره‌یه‌كی زۆر كه‌م /نزیكی 200 ملیار دینار/ بۆ كوردستان ده‌كه‌ن.
به كورتی، ئه‌جێندای ئه‌م ده‌وڵه‌ته فه‌رمییه خۆی له به ئه‌رشیڤكردنی خواسته‌كانی كورددا ده‌بینێته‌و بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بكات. واته له ئه‌نجامی به‌هێزبوونیدا ئه‌وه له خۆی ڕا ده‌بینێت كه هه‌رجاره و به‌شێك له خواسته‌كانی كورد بكات به مێژوو و له په‌ڕاوێكدا بیخاته ئه‌رشیڤی ده‌وڵه‌ته‌وه.
سه‌یر بكه‌ن له نزیكی دوو ساڵ ته‌مه‌نی كابینه‌ی مسته‌فا كازمیدا، پرسی كه‌ركووك و پێشمه‌رگه هیچ كات نه‌بوو به رۆژه‌ڤی بابه‌ته‌كانی كوردستان و عێراق. تا ئاستێكی زۆریش ئه‌م بابه‌تانه بڤه بوون. جۆرێك له تابۆیشیان بۆ دروست بوو. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات به‌غدا ئیتر رێ نادات بۆ ئه‌م قۆناغه ئه‌م پرسه بكرێته‌وه بۆ رۆژه‌ڤ.
دووه‌م، كێشه‌ی نوێی كورد ته‌نیا له تێكچوونی هاوسه‌نگی هێزی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا خۆی نابینێته‌وه، بگره دوای ساڵی 2014 و به‌تایبه‌ت له شه‌ڕی داعشدا، بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێكی شاراوه یان قووڵ له به‌غدا دانراوه.
ئه‌م ده‌وڵه‌ته شاراوه‌یه له سه‌رووی یاسا و رێوشوێنه ئاشكرا و دیاریكراوه‌كانی وڵاته‌وه‌یه. بێ ئه‌وه‌ی ببینرێت زۆربه‌ی بواره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆنترۆڵ كردووه. ئامانج و ئه‌جێنداكانی سه‌ره‌تا له‌ڕێی ده‌وڵه‌تی ئاشكرا و فه‌رمییه‌وه جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌چوونه ژێربار، خۆی جێبه‌جێی ده‌كات. له‌م پێناوه‌یشدا زۆربه‌ی جومگه سه‌ركییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی له به‌غدا بۆ خۆی قۆرخ كردووه.
ئه‌م ده‌وڵه‌ته شاراوه‌یه له ماوه‌ی پێنج بۆ شه‌ش ساڵی رابردوودا یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی ئاشكرای داوه له به ئه‌رشیڤكردنی خواسته‌كانی كورددا، به‌ڵام هه‌موو ئامانج و ئه‌جێندای له‌مه‌دا كورت نابێته‌وه. به‌ڵكو ئه‌وان زۆر درێژخایه‌ن و ستراتیجیتر له پرسی كورد ده‌ڕوانن، ئه‌وه‌یه دیوێكی زۆر مه‌ترسیداریان بۆ ئه‌م بابه‌ته زیاد كردووه. ئه‌م دیو و ره‌هه‌نده سه‌ره‌تا خۆی له به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌بینێته‌وه.
له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه به ئه‌رشیڤكردن قۆناغی سه‌ره‌تای كاره‌كه‌یانه، كۆتاییه‌كه‌ی ده‌بێت ئه‌وه بێت كه ناوه‌ڕۆكی پرسی كورد بسڕنه‌وه. له‌م پێناوه‌شدا له پێنج شه‌ش ساڵی رابردوودا گه‌وره‌ترین پلانی ئه‌وان له‌توكوتكردنی هه‌رێمی كوردستان و گوتاری كوردایه‌تی بووه.
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌مان ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مادام ده‌ستبه‌رداری سێكوچكه‌ی كێشه‌كان نابێت، كه‌وایه باشترین بژارده نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه، به‌ڵكو به ئه‌رشیڤكردنیشی تێریان ناكات، به‌پێچه‌وانه‌وه له كۆڵكردنه‌وه‌ی كۆی بابه‌تی كورده، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی له‌توكوتكردنی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م گه‌له، واته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كرێ.
به‌م رێیه كورد له ناوخۆیدا دابه‌ش ده‌بێت، سه‌نگی و پێگه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات و پرسه‌كه‌ی له پرسی گه‌لێكه‌وه ده‌بێت به پرسی كۆمه‌ڵێك شار و زۆن و ناوچه و ئیتر نایپه‌رژێته سه‌ر ئه‌وه‌ی داوای مافه‌كانیان له به‌غدا بكه‌ن.
ئه‌م دۆخه هه‌م ده‌رفه‌تی یاری و ده‌ستێوه‌ردانی زیاتر به به‌غدا ده‌دات، هه‌میش كاتی زیاتریان پێ ده‌به‌خشێت خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن. پاشان ئه‌گه‌ر كورد خۆیشی گرته‌وه، ئه‌وه‌نده مه‌ودای نێوانیان زۆر بووه، ئیتر نه‌وێرێ و نه‌توانێ داوای هیچ له به‌غدا بكاته‌وه.
به‌گشتی، له‌م قۆناغه‌دا به‌غدا دوو پڕۆژه‌ی به‌ڕواڵه‌ت جیاواز، به‌ڵام هاوئاراسته، به‌رانبه‌ر به كورد جێبه‌جێ ده‌كات. یه‌كه‌میان پلانی ده‌وڵه‌تی ئاشكرایه كه خۆی له به ئه‌رشیڤكردنی خواستی سێكوچكه‌ی كورددا ده‌بینێته‌وه. كابینه له دوای كابینه به خشكه‌یی، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌مه ده‌باته پێشه‌وه. ئه‌مه پلانه كورتخایه‌نه‌كه‌یه.
دووه‌میش خۆی له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی شاراوه‌دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌م پلانه زۆر درێژخایه‌ن سه‌یری پرسی كورد ده‌كات و ده‌یه‌وێ تا داهاتوویه‌كی دوور نه‌ك سێكوچكه‌ی كێشه‌كان له كۆڵ به‌غدا بكاته‌وه، به‌ڵكو قه‌یرانه‌كان بگوازێته‌وه كوردستان، ئه‌ویش له‌ڕێی له‌توكوتكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
تێگه‌یشتن و تێڕوانینه كلاسیكییه‌كه‌ی كورد به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م تابلۆیه له‌خۆ ناگرێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی رژد ده‌خاته به‌رده‌می. به‌غدا زۆر گۆڕاوه و ئه‌و پایته‌خته ساده و پڕ له قه‌یرانه‌ی جاران نییه. كوردستان ناچاره خۆی بگۆڕێت و به خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه به‌ربه‌ست بۆ ئه‌م ته‌وژمه نوێیه دابنێت، ئه‌گه‌رنا دۆخێكی مه‌ترسیدار به‌رۆكی ده‌گرێت.