كوشتنی ژن لە كوردستان بە رێژەی ترسناك زیاد ده‌كات، رۆژ نییە چیرۆكێكی تری كوشتن یان خۆكوشتن نەبینین و رووبەری میدیاكان نەتەنێت، بەداخیشەوە وەك دەردەكەوێت زۆرینەی چیرۆكەكانی كوشتن پێوەندییان بە نامووسەوە هەیە، ئەمەیش بەڵگەی پێنەگەیشتوویی ئەقڵی پیاوی كورد و ناكارایی داودەزگای پۆلیس و یاسایە، هاوشانی ئەمانیش نەبوونی هیچ بەرنامەیەكی هۆشیاریی كە ئاراستەی میلەتەكە و پەروەردە بەرەو تێگەیشتن و یەكسانی ببات، لەمەدا میدیاش به‌تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن، جگە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و ئاساییكردنه‌وه‌ی كوشتن، هیچ رۆڵێكی هۆشیاری نەبینیوە, بۆ نموونه له‌ڕێی هه‌ڵمه‌تێكی به‌رده‌وامه‌وه توندوتیژی قێزه‌ون بكه‌ن.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان، لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی لە ساڵی 2010 تا ساڵی 2020، بە كۆی گشتی 472 ژن بە ناوی پاراستنی شەرەف كوژراون.
لەم رۆژانەی رابردوویشدا خۆمان بینەر و بیسەری كوشتن و خۆهەڵواسینی ژمارەیەك ژن بووین كە هیچیان تەمەنیان ناگاتە 30 ساڵ، واتە لە سەرەتای ژیاندا و پڕن لە ئومێد، بەڵام ئەوە چییە وا دەكات هەموو رۆژ رووداوێك یان زیاتری كوشتن ببیستین؟.
بەداخەوه هه‌زارباره‌بوونەوەی ئەم كارەساتانە و بەردەوامیان, وایكردووە دۆسیه‌ی ژن ببێت به بابه‌تێكی ئاسایی و تێپه‌ڕ و كه‌س رانه‌چڵه‌كێنێ، له كاتێكدا لابردنی ئه‌م په‌ڵه ڕه‌شه به ناوچاوی كورده‌وه پێویستی به پرۆژه‌ی ستراتیجی و هاتنه ده‌نگی هه‌موو كۆمه‌ڵگه هه‌یه، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه تاوانبار و بكوژی ژن زۆر هه‌ن ده‌سوڕێنه‌وه و نه‌گیراون، ئه‌مانه قسانه راست بن یان ده‌نگۆ دۆسییه‌كه به‌ره‌و پێش نابه‌ن، بگره باوه‌ڕی خه‌ڵك به داوده‌زگا لاوازتر ده‌كات و ده‌ستی خه‌ڵكی تریش ده‌كاته‌وه، تا هه‌رچی بێشه‌ره‌فی خۆی هه‌یه، به كوشتنی خوشك یان هاوسه‌ره‌كه‌ی بیكاته‌وه به شانازی.
تۆ سه‌یری ئه‌و ئه‌قڵه نه‌خۆشه، له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا شانازی له كوشتندا بێت، له‌وه‌ش خراپتر كوژراوه‌كه هاوسه‌ر یان خوشكت بێت كه ده‌یان ساڵ پێكه‌وه ژیان و خه‌وتوون و خواردووتانه، ده‌بێت ئه‌وه چ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بێت؟
ئاستی ترسناكی هه‌ڵكشانی توندوتیژی دژی ژن و كوشتن له‌سه‌ر بنه‌مای نامووس /زۆربه‌ی جار پروپاگه‌نده و تۆمه‌تی له پشته‌وه‌یه نه‌ك رووداوێكی به‌چاو بینراو/، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه پێویستە به په‌له، نەك تەنیا تۆكمه‌كردنی یاساكان و داخستنی هه‌موو كه‌لێنه‌كانی ده‌ربازبوونی تاوانبار، بگره ده‌بێت سزای توندتر و بەهێزتر ھەبێت بۆ بكوژ، له دنیاشدا كۆمه‌ڵگه‌كانی پێشكه‌وتوو هه‌روایان كردووه، له‌وكاته‌ی له بوارێكی ژیاندا هاووڵاتییانیان زۆر سه‌رپێچیان زۆر بووه، یاساكانیان توند كردووه بۆ كۆتوبه‌ندكردنیان، وا نه‌بێ دیاردەی ناشیرین به‌ری پێ ناگیرێت و هه‌رچی جوانیشمان هه‌یه وه‌ك كورده‌واریی، به‌م دڕنده‌ییه‌ی ئه‌قڵی ئه‌و ژماره پیاوه توندڕه‌وه ده‌شێوێت و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش پشتمان تێ ده‌كات.
كۆتاهێنان بە كوشتنی نامووسی لە كوردستان، جیا له‌وه‌ی ته‌یاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌وێت، وه‌ك هه‌نگاوی خێرا، زیاتر ده‌سه‌ڵاتداركردنی پۆلیس و ئاشكراكردنی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌وێت كه خۆیان ده‌شارنه‌وه، هاوكات هاوئاهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وێت له‌گه‌ڵ ئینته‌رپول بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بكوژانه‌ی وڵات جێ‌دێڵن، واته به كورتی ئه‌گه‌ر تاوانبار دڵنیا بوو له ده‌ستی یاسا ده‌رباز نابێت، له‌بری جارێك سه‌ت جار بیر ده‌كاته‌وه له ئه‌نجامدانی تاوانی كوشتن، له‌وكاته‌شدا رێژه‌ی توندوتیژی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه. به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاری ده‌بێت له په‌روه‌رده‌وه نه‌وه‌یه‌كی هۆشیارتر دروست بكه‌ین بۆ داهاتوو، ئه‌وان تێبگه‌یه‌نرێن كه ژنكوژی ناپیاوییه نه‌ك پیاوه‌تی.
مانگی رابردوو مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له دۆسیه‌ی كوشتنی ژنێكدا هاته ده‌نگ و وه‌زیری ناوخۆی راسپارد بۆ دڵنیابوون له سزادانی یاسایی بكوژه‌كان، ئه‌مه پاڵپشتییه‌كی گه‌وره و به‌رپرسیارێتییه‌كی كرده‌ییه بۆ پێشڤه‌چوونی مافه‌كانی ژن، به‌ڵام پێویستی به پشتیوانی چالاكی ژنان و رێكخراوه‌كان و میدیا و هه‌موو مرۆڤێكی یه‌كسانیخواز هه‌یه، بۆ فره‌وانكردنی ئه‌و به‌ره‌یه‌ی دۆستی ژیانن و ده‌یانه‌وێ پێكه‌وه‌ژیان جوانتر بكه‌ن، به جۆرێك ژنكوژ بێزی له‌خۆی بێته‌وه.
راستییه‌كه‌ی ژنیش پێویستی به‌وه‌بوو له چوارچێوه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌كدا قه‌تیس نه‌كرێت و گه‌وره‌ترین به‌رپرسی وڵات له‌سه‌ری بێته ده‌نگ، هیوادارم ئه‌و هه‌ڵوێسته و زیادبوونی رێژه‌ی تاوان له‌م رۆژانه‌دا، هاوكات رژدیی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم له به‌دواداچوونی دۆسیه‌كانی ژن و گه‌یشتن به بڕیاری كۆنكرێتی، سه‌ره‌تایه‌ك بن بۆ پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌ی توندوتیژی له‌پێناو دڵنیابوون له داهاتوویه‌كی باشتر بۆ نه‌وه‌كانی كوردستان.