چەند خۆشحاڵم بە بنیاتنان

PM:12:50:23/05/2021 ‌
لە 30 ساڵی رابردوودا پڕۆژەی گرنگی لەم شێوەیە لە کوردستان بنیات نەنراوە، خۆی لە دانانی سێ سایلۆی گەورەی کڕینەوەی گەنم و جۆی جووتیارانی ناوخۆ و دەیان کارگە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ناوخۆ دەبینێتەوە.

کارگەکەی هەولێر سیانیان تەواو بوون و شەشی تریشیان مانگی ئەیلوولی داهاتوو تەواو دەبن؛ کارگەکەی سلێمانی لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بەردی بناغەی دانرا و هی دهۆکیش لە داهاتوو دەستبەکار دەبێ.

ئەم پڕۆژانە زۆر گەورە و گرنگن و بەهۆیانەوە چیتر جووتیاری کوردستان بەرهەمەکەی فڕێ نادات و لەو سووکایەتیەش رزگار دەبێ کە بەغدا دەیبرد و پارەکەی دوای چوار ساڵ دەدا.

بنیاتنان بەم شێوەیە، حکوومەت دەبێ هانی پڕۆژەی گەورەی ناوخۆیی بدات و لەڕێگەیەوە هاوردە کەم بکاتەوە، بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ بەگەڕخستنی ئەم کارگانە، هاوردەکردنی ئەو دەیان جۆرە لە پسکویت، چپس، ساوەر، ئارد، بڕوێش و ئاڵف قەدەغە دەکرێ.

لەلایەکی ترەوە ئەمساڵ کارگەکانی ئاوەتەماتەی هەریر و دهۆک دەکەونە کار و کارگەی شارەزووریش خۆی کارایە، هەرچەندە مادە خاوەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات.

کوردستان بەرەو داهاتوویەکی دڵنیاکەر هەنگاو دەنێت و چیتر جووتیاری کورد تەماتەکەی لە شەقام فڕێ نادات، ئەو دیمەنانەی ساڵانی رابردوو هەموومانی گریاند، حکوومەتی ئاوا خەمخۆری هەبێت، هەموو کەس هەست بە ئەمان دەکات.

ئەم پڕۆژانە دوای دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازی هاتن لە دهۆک و ماوەیەکی تر هەڵەبجە.

ئەزموونەکانی دنیا ئەوە دەخەنە روو کە داهاتوویەکی باش بە کارگەی گەورە و بەرهەمی ناوخۆیی مسۆگەر دەبێت، جیا لەوەی ئەم سێ پڕۆژە کشتوکاڵییە دەیان هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن.

کوردستان زۆر پێویستی بەوەیە لە بۆڵە بۆڵ و گلەییەوە بیگوازینەوە بۆ بنیاتنان و پڕۆژەی چارەنووسساز، پێم وایە مەسروور بارزانی ئەو سەرکردەیەیە کە بە بێدەنگی هەنگاوی گەورە دەنێت و قۆناغی قسەی بێکردار و بەهەدەردان، بۆ بەرهەمهێنان و بنیاتنان دەگوازێتەوە.