ده‌ستخۆشی له سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌م بۆ راگرتنی مۆڵه‌تی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون، راستییه‌كه‌ی له وڵاتێكدا كێشه‌ی كاره‌با و ئاو و گواستنه‌وه‌ی گشتی هه‌بێت، نیشته‌جێكردنی سه‌رمایه‌دارانه هیچ له ژیان ناگۆڕێت و ته‌نیا بارگرانی زیاد ده‌كات.
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان جگه له ساڵی یه‌كه‌می كه چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خسته گه‌ڕ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌نج و هه‌ژار كه خانووی 200 مه‌تری بوون به نرخی 50 هه‌زار دۆلار، له ساڵی دووه‌مه‌وه فه‌رمانگه‌یه‌ك بووه بۆ رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و نه‌هێشتنی پاره له ماڵان‌دا و گواستنه‌وه‌ی بۆ گیرفانی چه‌ند سه‌رمایه‌دارێك.
هیچ گومانم نییه پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان كه زۆرینه خۆی له شوقه‌دا ده‌بینێته‌وه، ته‌نانه‌ت یه‌ك مه‌رجی سه‌لامه‌تیشی تێدا نییه و خواوڕاسان لێره بوومه‌له‌رزه‌ی به‌هێز نییه، ئه‌گه‌رنا هه‌مووی ده‌بووه خۆڵه‌مێش و دانیشتووانهكهیشی له بن داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كاندا ده‌كه‌وتن و ده‌بوو ئێسك و پرووسكیان كۆ بكه‌نه‌وه.
ئاخر خۆ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه یه‌ك دیناری خۆی ناخاته پڕۆژه‌كه‌وه، هه‌ر له سه‌عاتی یه‌كه‌می ده‌ستكردن به كاره‌وه ئیتر له‌سه‌ر قازانجه، هه‌تا كوڕی كوڕی و هه‌موو پاره‌كه كڕیار ده‌یدات و به دڵنیایی نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی قازانجه، جا كێ خێری وای ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ حه‌ق بوو فه‌رمانگه‌كان خۆیان ئه‌م خه‌م و نادادییه هه‌ست پێ بكه‌ن، به‌ڵام نه‌مانبینی، بۆیه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم خۆی بڕیاره‌كه‌ی دا و زۆریش له جێ بوو.
تۆ سه‌یركه، گۆڕه‌پانه‌كه ئه‌وه‌نده بێ چاودێری و كوالێتییه، له رێكلامی پڕۆژه‌كاندا ئه‌و شتانه وه‌ك خزمه‌تگوزاری ده‌نووسرێ كه له ئهلف و بێی دروستكردنی هه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كدا ده‌بێت هه‌ین، بۆ نموونه ده‌ڵێن:
- كامێرای چاودێری 24 سه‌عات، ئێ باشه خۆ كامێرا هه‌ر خۆی كار ده‌كات و ده‌بێت هه‌بێت، ئه‌مه بۆ مواسه‌فاته؟
- سیستمی غازی مه‌ركه‌زی، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك پڕۆژه ئێسته‌یش سیستمی غازی نییه و ماڵه‌كان ده‌بێت بوتڵ به شان بگوازنه‌وه و مه‌ترسییه‌كه له بنده‌ستیان كه ئه‌گه‌ر بته‌قێته‌وه، رزگاربوونیان نییه، هیوادارم ئه‌وه نه‌بینین.
خۆم له پڕۆژه‌یه‌ك ده‌ژیم دوو ساڵه خه‌ریكی دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌كن كه دیار نییه بۆ خۆیانه یان ده‌یده‌ن به حكوومه‌ت
- دایه‌نگه و قوتابخانه كه ئه‌مه‌یان هه‌ر راستیش نییه و تا ئێسته‌یش زۆر پڕۆژه نیانه كه ته‌مه‌نیان زیاتر له 10 ساڵه. خۆم له پڕۆژه‌یه‌ك ده‌ژیم دوو ساڵه خه‌ریكی دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌كن كه دیار نییه بۆ خۆیانه یان ده‌یده‌ن به حكوومه‌ت، به‌ڵام هێشتا ته‌نیا ههیكهلهكهیه و رۆژی بلۆكێكیان دابنایه، ئێسته ته‌واو بووبوو، له پاڵیدا دوای ئه‌و قوتابخانه بچووكه، ساڵێك دواتر شوقه‌یان راگه‌یاند، ئێسته له نهۆمی 22 گیر بووه، كه‌چی قوتابخانهكهیش به كزۆڵی له ژێره‌وه سه‌یری باڵای به‌رزی شوقه‌كه ده‌كات.
كێشه‌ی ئه‌م بێ قوتابخانه‌ییه بۆ حكوومه‌ت زۆر قووڵه، چونكه منداڵی ئه‌و پڕۆژانه كه ده‌یان هه‌زارن، ده‌چنه‌وه ناوشار و قوتابخانه‌ی حكوومی و ئه‌هلی كه جگه له په‌ستانی زۆر بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی فێربوون، جه‌نجاڵی زۆریش له هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌یاندا دروست ده‌بێ.
له هه‌مووی پێكه‌نیناوی تر له‌و رێكلامانهدا ده‌نووسن، ئاسانسۆری 24 سه‌عاتی، هه‌ر به راستی ئه‌مه رابواردنه به ئه‌قڵی خه‌ڵك، باشه هه‌بووه باڵه‌خانه بێ ئاسانسۆر؟ له وڵاتان باڵه‌خانه‌ی ساڵی چل و په‌نجاكان هه‌ر هه‌یه‌تی و كاریش ده‌كات و وه‌ك مواسهفاتیش مه‌كری پێوه ناكه‌ن.
ئێسته كه بڕیاری راگرتنی مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون دراوه، جگه له‌وه‌ی دڵخۆشم پێی و هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سێك هه‌یه به ته‌نیا خه‌م له‌م وڵاته ده‌خوات، كاتی خۆیه‌تی فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی و وه‌به‌رهێنان و یه‌كه‌كانی ئه‌ندازیاری، به وردی پێداچوونه‌وه به‌و پڕۆژانه‌دا بكه‌ن، ئه‌وه‌ی له كاركردندایه وه‌ك چقڵ بچنه چاویانه‌وه تا به‌رزترین كوالێتی و كه‌ره‌سته بخه‌نه كاره‌وه، چونكه یه‌ك دیناری وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه له‌و پڕۆژانه‌دا نییه و پاره‌كه هه‌مووی كڕیار ده‌یدات، ئیتر بۆچی باشترینی بۆ ناكرێ؟
هه‌روه‌ها گرنگه پێداچوونه‌وه‌ی په‌له و پڕ له بڕیاری توند به پڕۆژه‌كانی پێشوودا بكرێت و هه‌مووی ناچار بكرێت به‌پێی ستانداری په‌روه‌رده‌یی چه‌ند دانیشتووان ده‌گرێ، ئه‌وه‌نده قوتابخانه دروست بكه‌ن، بنكه‌ی ته‌ندروستی مافی خه‌ڵكه و ماقوڵ نییه ئه‌م وه‌به‌رهێنه‌رانه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو قازانجه و ئه‌و پاره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ی كه قازانجێكی هه‌میشه‌ییه تا ژیان هه‌یه، ئه‌و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییانه ناكه‌ن، خۆ له دیزاینی یه‌كه‌مدا بێگومان هه‌موو پێشكه‌شی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت كراوه، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می فه‌رمانبه‌رانه كه به‌دواداچوونی بۆ ناكه‌ن، بۆیه خاوه‌ن پڕۆژه‌كان ئه‌و بۆشاییه‌یان قۆستووه‌ته‌وه و ئاسانسۆر و كامێرای چاودێری وه‌ك مواسه‌فات به چاوی خه‌ڵكدا ده‌ده‌ن.