ساڵی 1982 لە دایك بووم، واتە 42 ساڵم، بەڵام پەلەت نەبێ وەرە لەگەڵم.
شەش ساڵی كۆرپەیی و منداڵییم لەناو شەڕی ئێران-عێراقدا بوو كە بەشێكی قورساییەكەی لە سنووری دەربەندیخان بوو، بەهۆی ئەوەی سنووری هەردوو وڵاتە و ناوچەی شاخاوییشە خۆشە بۆ شەڕ. كەواتە تا 1988 فت.
ساڵی 1990 داگیركردنی كوێت ڕووی دا و ژیان پڕ بووەوە لە دڵەڕاوكێ و ترس، ئەم ئاماژانە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵیش و بە جوانی هەستی پێ دەكەی. ساڵێكی تریش فت.
ساڵی 1991 ڕاپەڕین و بەدوایدا كۆڕەو و دواتر گەڕانەوە بۆ زێد. ئەمانە هەر بە دەم خۆشن، بەڵام بۆچی سەری ئێوەی پێوە بیەشێنم؟ كەواتە ساڵێكی تریش تۆ خۆش.
ساڵی 1994 شەڕی بێ مانای ناوخۆ دەستی پێ كرد، تا 1997 بەردەوام و ڕۆژانە شەڕی قورس و تۆقێنەر هەبوو. هەر بە جێوە سێ ساڵی تریش فت.
ساڵی 1997 تا 2000 شەڕی ڕووبەڕوو نەبوو، بەڵام ترسی شەڕ و ئینزار و دڵەڕاوكێ هەمیشە هەبوو. شەڕی راستەوخۆی پەكەكە هەر جارەی لەگەڵ لایەك، رۆژانە هەبوو، تۆ بڵێ نیوەی ئەو سێ ساڵەیش فت.
ساڵی 2002, ترس و مقۆمقۆی ڕووخانی سەدام و شڵەژانە گەورەكانی هەموو كەس بەوەی چی ڕوو دەدات؟ لە شەڕی ڕاستەقینە زیاتر مرۆڤی كوردی وێران كردبوو، ئەو ساڵەیش بە قوربانی ئێوە بێ.
ساڵی 2003 شەڕ دەستی پێ كرد و ئەمەریكا وەك پیاو لە 20 رۆژدا سەدامی لە گۆڕ نا و ترسەكان گۆڕان بۆ شادی. بەڵام خۆ هەر ساڵی شەڕە. فت یان نا؟ خۆت و ویژدانت.
ساڵانی 2007 تا 2009 شەڕی تایفی و بەرەنگاریی سوننە دژی ئەمەریكا و جەنگی كۆڵان بە كۆڵان لە عێراقی دراوسێمان. بەڵام ئەمە با فت نەبێ، چونكە ئێمە راستەوخۆ تێیدا نەبووین، تەنیا شەپۆل و هەواڵەكانی بەر كوردستان دەكەوت.
ساڵانی 2014 تا 2017 شەڕی مان و نەمان و دەستەویەخەی تیرۆریستانی داعش و كوردستان، رەنگە ئەمەیان سەختترین شەڕیش بوو بێ لەو تەمەنە كەمەی مندا. كەواتە سێ ساڵی تریش فت.
ساڵی 2024یش وا دەیگوزەرێنین، بەڵام بەدەست خۆخۆری و مەیلی كۆیلاینەی هەندێك كوردەوە بۆ ستەكارە عەرەبەكەیان و ئەو خۆبەكەمزانییە رادەستكارانەیە، ئەمساڵ قەلەقی و خەم فتی كرد، نەمردین حزبی كوردیمان بینی بازاڕ و ژیانی رۆژانەی خەڵك دەسووتێنێت و دەیكاتە ئامانج، جا ئەمەیش بوو بە ژیان؟ بەڵام دڵخۆشم تەنگەژەكانی سەر كوردستان بەرەو ڕەوینەوە دەچن.
ئیتر تۆ لە شەڕی دارایی و سیاسیی و سڕینەوەی كورد لە وڵاتانی دراوسێ و ململانێی ناوخۆیی و ئەوانە گەڕێ، هەر ئەوەی من گوتم حیسابی بكە، بزانە چەند ساڵ لە تەمەنمان ڕۆیشت بە شەڕ و دڵەڕاوكێ؟ ئەم باسە كورتە هەر لە دەمەتەقەی خۆم و هاوڕێیەكەوە هات كە ماوەیەك بوو یەكمان نەدیبوو، ویستم بە پەرەگرافێك بینووسم، درێژەی كێشا بەداخەوە.
ئێستە ئێمە باشین كە ماوین و لەوەیش باشتر ئەوەیە دەتوانین كار بكەین و باری دەروونیی خۆمان كۆنترۆڵ بكەین، بەڵام دڵنیام ئەو نەوەیەی ئێمە و هی پێشتریشمان مرۆڤی نۆرماڵ نین، چونكە لە ژینگەی ئاساییدا نەژیاوین. خوا بكا لەمەودوا باشتر بژین و منداڵی ئێستە نەكەونە شەڕەوە و لە هەركوێیش ڕووی دا، كوردستان نەگرێتەوە، چونكە ژیان خەیاڵ نییە و شەڕ هەر ڕوو دەدات لە دەروروبەرمان و ئێستەیش هەر هەیە.