یه‌كه‌م/
تا دێت عێراق زیاتر به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت بكرێت یان ببێت به بازاڕ. ئه‌م به‌بازاڕبوونه‌ی عێراق له‌لایه‌ن سێ ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌بینرێت. دوو ئه‌كته‌ری هه‌رێمی وه‌ك كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا و ئه‌كته‌ر و زلهێزێكی وه‌ك كۆماری میلیی چین كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه و جۆرێك، هه‌وڵ ده‌ده‌ن بگه‌ن به بازاڕی عێراق و ئاماده‌بن و كاڵا و سیاسه‌ته‌كانیان به‌رده‌وامی پێ بده‌ن و خۆیان به‌رهه‌م بهێننه‌وه. له‌دوای ٢٠١١ ه‌وه و به‌تایبه‌تیش له دوای رۆیشتنی هێزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه، كۆماری میلیی چین هه‌وڵی هاتنه‌ژووره‌وه و گه‌یشتن به بازاڕی عێراق ده‌دات.
مۆدێڵی چینی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌ره‌وه‌ی خۆی جیاوازه، تێگه‌یشتن و پێوه‌ندیی چین به دنیاوه زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و قه‌رز و سه‌رمایه و كاڵای به‌رهه‌مهێنراوه نه‌ك دیموكراسی، مافه‌كانی مرۆڤ، بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، دامه‌زراوه و گه‌شه‌پێدانی ئابووری راسته‌قینه. له ماوه‌ی رابردوودا له كۆی ١٣ گرێبه‌ستی نه‌وتی له عێراق، كۆمپانیا چینییه‌كان ١٠ گرێبه‌ستیان برده‌وه و به‌نیازن وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی وزه‌دا بكه‌ن له عێراق و شاره جیاوازه‌كانی. جگه له پڕۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان كه له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی چینییه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و وه‌ك ژێرخانێكی ستراتیجی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت له عێراق.
چین به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه، به‌قووڵی له هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی نه‌رمی وڵاته‌كه‌یه‌تی هه‌ر له زمان و كولتوور و شێوه ژیانی چینییه‌وه تا ده‌گاته فیلم و سینه‌ما و خواردن و زۆر بواری تر. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، چین له‌دوورمه‌ودادا له‌ڕێی پڕۆژه‌ی ئاوریشمه‌وه، ده‌یه‌وێت بگات به ئاوه گه‌رمه‌كان و چه‌ندان وڵات و هه‌رێم و ده‌ڤه‌ری جیۆپۆله‌تیكی جیاواز ببڕێت، به‌ڵام رێی ئاوریشم چه‌ند مه‌ترسی و ئاڵنگاری له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت به‌تایبه‌ت قه‌رز له به‌رانبه‌ر سامانی سروشتی. واته چین قه‌رز ده‌دات به وڵاتانی هه‌ژار و له به‌رانبه‌ریشدا سامانی سروشتی وڵاته‌كه به‌كار ده‌هێنێت و وه‌به‌رهه‌هێنانی تێدا ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ته‌ڵه‌یه‌كی ئابووری و دارایی ده‌بینرێت.
دووه‌م/
ئێران به‌یه‌كێك له هاوبه‌شه گرنگه‌كانی عێراق داده‌نرێت له بواری ئابووری و بازاڕ و تێكه‌ولێكه‌ی دارایی، به‌ڵام به‌بێ هاوسه‌نگی و گه‌شه‌پێدان و سوود و قازانجی دوولایه‌نه. بۆ نموونه: عێراق خۆی گازی سروشتی هه‌یه بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، به‌ڵام كاره‌با به نرخێكی گران له ئێران ده‌كڕێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا كاره‌باكه‌ی ناتوانێ خواست و ویست و پێداویستی هاووڵاتییانی پڕ بكاته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه بازاڕی عێراقی پڕه له كاڵای ئێرانیی كوالێتی نزم و به‌نرخێكی گرانیش، هه‌ر له بچووكترین كاڵاوه تا ده‌گاته گه‌وره‌ترین كاڵای بواری بیناسازی و ئۆتۆمبێل و خۆراك و پێداویستییه‌كانی رۆژانه.
ئه‌م پرۆسه و پێوه‌ندییه ئابوورییه ئاماژه‌یه‌كی روون و دیاره بۆ پێوه‌ندیی نێوان دوو ئه‌كته‌ر یان ده‌وڵه‌ت و لایه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای ناوه‌ند و په‌راوێز. ئێران وه‌ك ناوه‌ند و مه‌ڵبه‌ندێكی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و ته‌نانه‌ت دیپلۆماسیش، عێراقیش وه‌ك په‌راوێزێكی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی كه به‌رده‌وام مانا به‌یه‌كتر ده‌به‌خشنه‌وه و یه‌كتر به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. جگه له‌مانه‌ش، ده‌گوترێت 400 هه‌زار هاووڵاتیی عێراق هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئێرانین و به‌مه‌ش هاووڵاتیی ئێرانین، به‌ڵام هه‌ر له عێراق ده‌ژین و ده‌مێننه‌وه. ئه‌م ئاماژه‌یه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه عێراق جگه له‌وه‌ی وه‌ك بازاڕ بۆ ئێرانییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ڕووی كولتوور و زمان و مه‌زه‌و و مانای هاووڵاتیبوونه‌وه‌ش، هێڵه‌كانی نێوان خۆی و عێراقی كاڵ كردووه‌ته‌وه و وه‌ك یه‌ك یه‌كه‌ی جیۆپۆله‌تیكی و جیۆسیاسی ده‌یانبینێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات.
سێیه‌م/
له دوای كه‌وتنی مووسڵ و هاتنی داعش و دواتریش رزگاركردنی شاره‌كه و چوونه ناو پرۆسه‌ی دووباره بنیاتنانه‌وه، توركیا هه‌وڵ ده‌دات پرۆسه‌ی به بازاڕكردنی عێراق و له‌ناویشیدا مووسڵ و ئه‌نبار و ناوچه سوننییه‌كان خێراتر بكات. مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و ده‌شتی مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر و ناوچه‌كانی تر، وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی ده‌بینرێت بۆ توركیا، به‌تایبه‌تیش نۆستالیجیای توركیا هه‌میشه له‌گه‌ڵ ویلایه‌تی مووسڵ و پێگه‌ی ئه‌و شاره‌یه كه هه‌رسێ وڵاتی ئێران و عێراق و سووریا به‌یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌ڵقه‌یه‌كه بۆ گرێدان و به‌ستانه‌وه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به ده‌ریای سپی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
توركیا جگه له‌و بایه‌خه جیۆسیاسی و ستراتیجییه، عێراق وه‌ك بازاڕێكی گه‌وره ده‌بینێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات. پێده‌چێت ئه‌م دنیابینی و تێگه‌یشتنه‌ی توركیا له پڕۆژه‌ی گه‌شه كه به‌سره به ئه‌نكه‌ره و ئیستانبۆل ده‌به‌ستێته‌وه، قووڵتر بكاته‌وه وه‌ك چۆن له سه‌رده‌می عوسمانی‌دا رێی شه‌مه‌نده‌فه‌ری به‌غدا به ئه‌نكه‌ره‌وه تێپه‌ڕیوه بۆ به‌رلین و توركیا گه‌یه‌نه‌ری پڕۆژه‌كه بووه. ئه‌مڕۆ بازاڕی عێراقی جگه له كاڵای ئێرانی، پڕه له كاڵای توركیش، له ساده‌ترین كاڵاوه بۆ كه‌ره‌سته و ئامێری بیناسازی و جلوبه‌رگ و ئامرازه‌كانی خانووبه‌ره و ته‌نانه‌ت له كه‌رتی گه‌شتیاریش، ساڵانه رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی عێراقییه‌كان بۆ شاره جیاواز و ناوچه جیاوازه‌كانی توركیا گه‌شت ده‌كه‌ن و وه‌ك گه‌شتیار پاره‌ی تێدا خه‌رج ده‌كه‌ن، تێیدا ده‌مێننه‌وه و له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا شوقه و باڵه‌خانه ده‌كڕن و وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، هاووڵاتینامه‌ی توركی به‌ده‌ست ده‌هێنن و ده‌بن به هاووڵاتی توركی.
هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه له‌ڕێی بازاڕ و ئابوورییه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه، توركیا هاوشێوه‌ی ركابه‌ره‌كانی وه‌ك ئێران و چین خێراتر و ئاسانتر عێراق بكات به بازاڕ و كاڵا و سیاسه‌ت و سه‌رمایه‌كانی خۆی تێدا تاقی بكاته‌وه و بیكات به پاشكۆ و په‌راوێزی خۆی.