یەکەم
ساڵی 2024 لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازییەوە، ساڵێکی پڕ گۆڕانکاری بوو لە دنیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. یەکێک لە ئاماژە و رووداوە سەرەکییەکان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بوو لە 50 وڵاتدا، دەیان هێز و پارتی سیاسی و ئایدۆلۆجیای جیاواز و نەتەوە و وڵاتی جیاواز و فەرهەنگ و ئاینی جیاواز چوونە نێو هەڵبژاردنەوە و بەشێوەیەکی رێژەیی بەپێی بنەما دیمۆکراسییەکان هەڵبژاردنیان كرد بۆ تازەکردنەوەی رەوایەتی سیستمی سیاسی و دووبارە وەرگرتنەوەی رەوایەتی لە جەماوەر و دەنگدەر کە ئەمە کڕۆکی چەمکی دیمۆکراسی و سیستمی دیموکراسییە لە زانستە سیاسییەکاندا.
یەکێتی ئەوڕوپا و ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانیش یەکێک بوون لەو وڵاتانەی چوونە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەمەیش جارێکی تر دینامیکیەتی گەشەپێدانی سیاسیمان بیر دێنێتەوە بۆ بەیەکەوە گرێدانەوەی کۆمەڵگە و پارتی سیاسی و دەستەبژێری سیاسی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، هەرچەندە تەواوی پەیکەری دیموکراسی لە هەڵبژاردن و دەنگداندا کورت ناکرێتەوە، ئەگەر کولتووری دیموکراسی و سیستم و دامەزراوە و کەرەستەکانی تری دیموکراسی گەشەی نەکردبێت و نەچووبێتەوە پێشەوە، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و بیرکردنەوەیە، ئەم هەڵبژاردن و گۆڕانە سیاسی و جیۆسیاسییانە، چ کاریگەری و رۆڵێکیان لە سیاسەت و یاسادانان و حکومڕانی لە ساڵی ئایندەدا دەبێت؟ بە تایبەت هەتا دێت بەشێکی زۆری کێشەکان بە جیهانی دەبن و رەهەندی جیهانی و سیاسی وەردەگرن.
هەر لە کێشەی گۆڕانی کەشوهەواوە تا دەگاتە ململانێی سیاسی و پێکدادان، خزمەتگوزاری، زیرەکی دەستکرد، کێشەی کۆچ، بێکاری، ماددەی هۆشبەر، کەمیی بەشداری سیاسی و دەیان کێشەی تر کە بەرۆکی سیستمی سیاسی و وڵاتانی گرتووە و بووە بە بەشێک لە داواکاری و خواستی کۆمەڵگەکان بۆ چارەسەرکردن و نەخشەدانان بۆ وەڵامدانەوەی.
دووەم/ جەنگی ئیسڕائیل و گۆڕانی رژێمەکان
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 بزووتنەوەی حەماس وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و هێزێکی ئایدۆلۆجی، دەستپێشخەری کرد بۆ خولێکی تازەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ڕێگەی هێرشێکی کتوپڕی بێ پێشینەوە، بەمەیش سەرەتای ئاگرێکی تازە و جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد.
ئەگەرچی خولی ئەمجارەی جەنگەکە راستەوخۆ لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا بوو، واتە لە نێوان ئەکتەرێکی دەوڵەتی و ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتیدا، بەڵام رەهەندی هەرێمی و جیهانیشی لەخۆ گرتوو و دواجار بووە هۆی گۆڕینی رژێمێکی وەک ئەسەد و لاوازبوونێکی دراماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە و کشانەوەی لە رووبەرەکانی دەرەوەی خۆی و لە دەستدانی هەژموون و باڵادەستی و جیۆپۆڵەتیک و تەنانەت پڕۆژە سیاسییە مەزەوییەکەشی کە هیلالی شیعییە و ساڵانێکە کاری بۆ دەکات و خەونی پێوە دەبینێت.
ئیسرائیل بە تەنیا لە یەک ساڵدا توانی چەندان سەرکردەی بەرەی مقاوەمەی ئێرانی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا بکوژێت و کۆتاییان پێ بێنێت و هێز و بزووتنەوەکەیان لاواز بکات، هەر لە ئیسماعیل هەنییەوە تا دەگاتە حەسەن نەسروڵا و یەحیا سنوار و چەندان سەرکردەی تر و بۆردمانی پێگە ستراتیجییەکانی ئەم بەرەیە هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە سوریا و لبنان و ئێران خۆی و تەنانەت ئێستە ئاسمانی وڵاتێکی وەک سوریایشی بەدەستەوەیە و هێزێکی باڵادەستە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و بێگومان ساڵی ئایندە ئەم باڵادەستی و هەژموونەی ئیسرائیل بەردەوامی دەبێت، بە لایەنی کەمەوە لە شەش مانگی یەکەمدا بەهۆی ئەو بۆشاییەی لە دەوڵەتی سوریای ئێستەدا دروست بووە و هاتووەتە کایەوە.
سێیەم/ عێراق و کێشە و ئالنگارییەکانی
عێراق لەمساڵدا بە کۆمەڵێک ئالنگاری و دۆخێکی سەختدا تێپەڕی لە ڕووی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، ساڵی ئایندەیش ساڵێکی پڕ ململانێ و ئالنگاری و هەڕەشە دەبێت. هەڕەشەکان زۆر و جۆراوجۆرن و لە سەرچاوەی جیاوازەوەن! یەکێک لە هەڕەشە گەورەکان دۆخی سووریا و کاریگەریی بەسەر عێراق و بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبییە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
دیارە ئیسڕائیل سەرجەم ئەڵقە و پڕۆکسییەکانی بەرەی مقاوەمەی بە ئامانج گرتووە و لە پێگە و بارەگا و سەرکردەکانی هەموویانی داوە، هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە غەزە و سووریا و لبنان و هەر شوێنێک کە جووڵەی ئەکتەرانی بەرەی مقاوەمەی تێدا بێت. حەشدی شەعبی لە ریزبەندی دوا ئەڵقەی پچڕانەکەدایە و دەبێت دێتە پێکان، بە تایبەت کاتێک لە گەرمەی ململانێکانی ئەمساڵی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا، حەشدی شەعبی لە خاکی عێراقەوە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و هاووڵاتییەک دەکوژێت. ئەم جۆرە کردەیە سەرچاوەی مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، چونکە لای ئیسرائیلییەکان هیچ هێرشێک بۆ سەر کیان و دەوڵەت و کۆمەڵگەی جوو، بێ وەڵام و کاردانەوە و هێرش نابێت، بە تایبەت ئەو هێزانەی بەشێکن لە پڕۆژەی هیلالی شیعی ئێرانی و کارنامە و ستراتیجی ئێران لە ناوچەکە.
لە لایەکی ترەوە، دۆخی سوریا و هێزی حکومڕان بەهۆی جیاوازی ناسنامەی مەزەوی و روانگە و سیاسەت و حکومڕانییەوە، دەکرێت بە ئاسانی ببێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، بەهۆی ئەوەی عێراق سنورێکی درێژی لەگەڵ دەوڵەتی سوریادا هەیە و سوننەکان خۆیان بە پەراوێزخراو و دەرکراو لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەزانن و دادەنێن و پارێزگای مووسڵ و ئەنباریش راستەوخۆ دراوسێی سووریان کە ئێستە بەدەست هێزێکی رادیکاڵی سوننەوەیە.