یه‌كه‌م/ تره‌مپ له كۆشكی سپی
دۆناڵد جه‌ی تره‌مپ، دوای چوار ساڵ دابڕان، جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه كۆشكی سپی و بووه ٤٧ همین سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سوێندی یاسایی خوارد. دیاره تره‌مپ له كاتێكدا گه‌ڕایه‌وه كه دنیا پڕه له شپرزه‌یی و نادڵنیایی و پاشاگه‌ردانی. له چینه‌وه بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له ئه‌مه‌ریكای لاتینه‌وه بۆ ئۆكراین و باشووری ئه‌وروپاوه، ململانێ و گرژی و ئاڵۆزی هه‌یه. گه‌ڕانه‌وه‌ی تره‌مپ له كاتێكدایه كه شه‌پۆلی پۆپۆلیزم هێشتا به‌هێزه و جه‌نگی ئۆكراین و رووسیا و ئیسرائیل و حه‌ماسیش هێشتا له ئارادایه و به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆتایی پێ نه‌هاتووه.
دیاره تره‌مپ ئه‌مجاره دوا خولی سه‌رۆكایه‌تی و چیتر ناتوانێت له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه، به‌مه‌ش چوار ساڵی هه‌ستیار چاوه‌ڕێی دنیا و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی ده‌كات. تره‌مپ هێشتا به‌چاوی بازاڕ و سه‌رمایه و كۆكردنه‌وه و گلدانه‌وه‌ی پاره سه‌یری سیاسه‌ت و حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی دنیا ده‌كات. بڕوای به دامه‌زراوه و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه و له‌گه‌ڵ دراوسێكانی وڵاته‌كه‌ی كێشه‌ی هه‌یه، له باشووره‌وه كێشه‌ی كه‌نداوی په‌نه‌ما و په‌نابه‌ر و سنوور، له باكوره‌وه لێداونی ناعه‌قڵانی به‌رانبه‌ر كه‌نه‌دا و بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش هێشتا بڕیاره‌كانی روون و ئاشكرا نین و شاراوه‌ن.
ئه‌مجاره تیمه‌كه‌ی تره‌مپ جگه له خۆی كه بازرگانه و به‌زمانی بازاڕ و سه‌رمایه بیر ده‌كاته‌وه و قسه ده‌كات، خه‌ڵكی تری بازرگان و سه‌رمایه‌داری وه‌ك ئیلۆن ماسكیشی تێدایه، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر چاوێلكه‌ی سه‌رمایه و ئابووری و بازرگانی ده‌خاته چاوی ئه‌م ئیداره تازه‌یه‌ی تره‌مپه‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ی تره‌مپ جارێكی تر نادڵنیایی و بێ متمانه‌یی له‌سه‌ر ئاستی دنیادا فراوانتر و زیاتر ده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێك تره‌مپ هیچ بڕوایه‌كی ئه‌وتۆی به رۆڵی دامه‌زراوه جیاوازه سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییه‌كان نییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دنیا و ئاراسته‌كردنی، ئه‌وه‌ی بڕوای پێیه‌تی بڕیاره تاكه‌كه‌سییه‌كانه له ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكسه‌وه.
دووه‌م/ تره‌مپ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
ئه‌مه‌ریكا تا ئێسته‌ش زلهێزه و سه‌ركردایه‌تیی دنیا و سیستمی سیاسیی جیهانی ده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌مای لیبراڵ دیموكراسی، بازاڕی ئازاد و مافی مرۆڤ و تاكگه‌رایی و به‌ناوه‌ندكردنی تاك بنیات نراوه و داڕێژراوه. یه‌كێك له سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، پاراستنی ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و نه‌هێشتنی تیرۆره. دیاره رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له بنه‌ڕه‌تدا به‌ده‌ست چه‌ندان كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌وه ده‌ناڵێنێت، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی خاك و جیۆگرافیا و ململانێ له‌سه‌ر خاك، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكی، كێشه‌ی ئاینی و مه‌زه‌وی و كێشه‌ی حوكمڕانی باش و ... هتد.
دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆك ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی تر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كێشه و ململانێ و ئه‌كته‌ره‌كانی ناو ئه‌م هه‌رێمه بڕوانێت. زیاتر له ڕوانگه‌ی پاره و داهات و بازاڕه‌وه ده‌یبینێت. ده‌كرێت بڵێین دید و تێگه‌یشتنی تره‌مپ زیاتر له ڕوانگه‌ی ئابووری و پاره‌وه‌یه نه‌ك جیۆپۆله‌تیك و سیاسه‌ت و حوكمڕانی و جیۆگرافیای سیاسی.
ئه‌م دیده رێساكانی ململانێش له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ئاسانی ده‌گۆڕێت له بنه‌ماكانی هێز و ململانێ له‌سه‌ر بنه‌مای مێژوو، جیۆگرافیا، كولتوور و ژماره‌ی دانیشتووانه‌وه، بۆ ململانێیه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كێ پاره‌ی زیاتر بدات، باشتر ده‌توانێت به‌سه‌ر كۆی رێسا و ململانێكان زاڵ بێت و یارییه‌كه بباته‌وه، به‌بێ گوێدانه به‌ها ئه‌خلاقی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر پرسه‌كانی وه‌ك ململانێی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ئێران و ته‌نانه‌ت كێشه‌ی كورد و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
سێیه‌م/ تره‌مپ و كورد
گه‌ڕانه‌وه‌ی تره‌مپ بۆ ده‌سه‌ڵات به‌و ستایل و تۆن و ده‌نگه‌وه، پێده‌چێت هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی و ده‌رفه‌تی بۆ كورد تێدابێت! بۆیه ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌نی هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته‌كان روون بكرێنه‌وه و په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ریه‌ك له پارچه‌كانی كوردستان و سروشتی كێشه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌ی. له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌ی كورد پێوه‌سته به ناسنامه و بوون و مانه‌وه و ددانپێدانان له‌لایه‌ن ئه‌ویتره‌وه كه عه‌ره‌ب و تورك و فارسه، ئه‌مه‌ش به‌زمانێكی زۆر ساده پێمان ده‌ڵێت كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ململانێی ئیتنیكی، كێشه‌ی ژماره یه‌كی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی عێراق، سووریا، ئێران و توركیایه، هه‌ریه‌كه‌یان نكۆڵی له ناسنامه‌ی كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێوه و زمان و رێگه‌ی جیاواز.
دۆناڵد تره‌مپ به‌یه‌ك پاكێچ كێشه‌ی كورد له هه‌موو پارچه‌كان نابینێت و هه‌ریه‌ك به جیا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات. بۆ عێراق سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و تا ئاستێكی زۆریش تره‌مپ هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك پارچه‌یی خاكی عێراق ده‌بێت، به‌ڵام تره‌مپ فشاری زیاتر و كاریگه‌رتر ده‌كات له‌سه‌ر میلیشیاكانی عێراق، به‌مه‌ش حكوومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وه‌نده ده‌ستكراوه نابێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا، واته لاوازبوونی به‌غدا مانای به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستانه.
له‌لایه‌كی تره‌وه كوردانی رۆژئاوا به‌هۆی نزیكی و هاوئاهه‌نگی تره‌مپ له ده‌وڵه‌تی توركیاوه ترسیان هه‌یه دۆخێك بێته پێشه‌وه، وڵاتانی هه‌رێمی و توركیا ده‌ستكراوه‌بن له گه‌یشتن به رۆژئاوای كوردستان، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه گه‌مارۆدان و فشار بۆ له جووڵه‌خستن و خنكاندنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی كه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تیش له دۆخی ئێسته‌ی سووریا كه له قۆناغی گواستنه‌وه و وه‌رچه‌رخاندایه و هێزێكی تر ده‌یه‌وێت سیستمێكی تازه بنیات بنێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی تره‌مپ ده‌كرێت هه‌ردوو لایه‌نی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ كورد تێدابێت، به‌تایبه‌ت ئه‌م خوله‌ی تره‌مپ دوا خوله و چیتر ناتوانێت ببێته‌وه به سه‌رۆك.